
لە میانەی ئەو شەڕ و وێرانکارییەی سەرمایەداریی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەباری هێناوە، ژنان بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی تەحەمولی ڕەنج و ئازاردا بوون. ڕەنج و ئازاری نەک هەر بۆمباران و داگیرکاری، بەڵکوو سووکایەتی و بێڕێزی، نادیدە گیران، چەوسانەوەی ڕێکخراو. ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ئیلاهە محەممەدی لەژێرناوی “ئەو ژنانەی بە بۆمب ئازاد نەکران” ڕەوایەتی حەوت ژن لە فەلەستین، عێراق، سووریە و لۆبنان و ئەفغانستان ئاشکرا دەکات. ئەو ڕەوایەتانەی هاوار دەکەن کە چۆن دروشمە فێمێنیستییەکان بوونەتە ئامرازی ڕەوایی پێدان بە شەڕ و داگیرکاری.
نیزامی سەرمایەداریی جیهانی، بەتایبەت لە جۆری ئیولیبڕاڵ و ئیمپریالیستییەکەی، هەر لە سەرەتاوە پەیوەندییەکی دوو لایەنەی لەگەڵ پرسی ژندا هەبووە. لەلایەکەوە، سەرمایە بۆ چەوساندنەوە و قازانج وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزانی ژنان پێویستی پێیانە، وە لەلایەکی دیکەوە، نیزامی پیاو/باوک سالار دەپارێزێت تا سوڵتەی چینایەتیی خۆی بەرهەم بێنێتەوە. دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا زمانی فێمێنیستیشیان زەوت کردووە. ئەو گوتارەی کە لە جەرگەی خەباتی جەماوەریدا شکڵی گرت، ئێستا بووەتە چەکی تەبلیغاتیی دەسەڵاتە شەڕخوازەکان.
دوایین نموونەی، ئیدیعای بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرکوەزیرانی داگیرکەری ئیسرائیلە، واتە پشتیوانی کردنی لە ژنانی ئێران و باس کردن لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی. ئەو دروشمەی کە لە جەرگەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا سەری هەڵدا، ئەمڕۆ لە خزمەت پاساوکردنی سیاسەتی شەڕی ئیسرائیلدایە. ئەمە هەر ئەو مۆدێلەیە کە پێشتر لە ئەفغانستان، عێراق و سووریە ئەزموون کرا: داگیرکاری بەجلی ڕزگاریخوازییەوە. بۆمباران کردن لەژێر ناوی پشتیوانی لە مافی مرۆڤدا.
ئایە، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی ژنان لە عێراقەوە، باس لەوە دەکات کە چۆن داگیرکاری ئەمریکا نەک کۆتایی بە سیستەمی توندوتیژی سەردەمی سەدام نەهێنا، بەڵکوو بە هێزێکی نوێوە بەرهەمی هێنایەوە. پێکهاتە پیاوسالارییەکان، لەو سیستەمە سیاسییەوە سەریان هەڵدا کە ئەمریکا بۆ عێراقی داڕشت. ئەو یاسایانەی کە ڕێگەیان بە هاوسەرگیری منداڵان و کوشتن لەژێرناوی “نامووس” دەدا، نە گۆڕانیان بەسەر هات و نە خرانە ژێر پرسیارەوە. ئەمریکا، هەروەک ئایە دەڵێ، تەنیا ڕوخساری نیزامی سەرکوتی گۆڕی، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەر وەک خۆی مایەوە.
هەر ئەم ئۆلگوویە، مەزدا، چالاکی ژنی ئەفغان، بەشێوەیەکی بەهێزتر وێنای دەکات. ئەو دەڵێ کە نیزامی کۆماری لەژێر دەسەڵاتی ناتۆ، تەنیا ڕەنگی زنجیرەکانی ژنانی گۆڕی. ژنان بەڕواڵەت ئازاد کران تا لە قالبی دێکۆریدا دەرکەون، نەک لە بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتدا ڕۆڵی ڕاستەقینەیان بێت. ئەم ڕەوایەتانە نیشانی دەدەن چۆن ئیمپریالیسم ئازادی بە مەسرەف گەرایی، نمادسازی و کۆنتڕۆڵی سیاسی پێناسە دەکات. ئەو پێناسەیەی کە تێیدا ژن، نەک سووژەیەکی چالاک بەڵکوو ئۆبژەیەکی ڕازاوەیە بۆ نیشاندانی پێشکەوتن.
بزووتنەوەی ژن دەبێ بە خەباتی چینایەتییەوە گرێ بدرێت. خەباتێک بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو جوورەکانی سوڵتەی جنسیەتی، چینایەیەتی و نەژادی. بەڵام هەروەک دیانا لە لۆبنان و ئۆلا لە سووریەوە هۆشدار دەدات، ئەم زمانە لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە ڕفێندراوە و لەجیاتی ڕزگاری، بووەتە پاساوکەری توندوتیژی. وەک دیانا دەڵێت، زمانی فێمێنیزم لە زاری شەڕخوازاندایە و بووەتە بەشێک لە ماشێنی شەڕ.
ئەم داگیرکردنە نەک هەر زمانی خەبات بێ ناورۆک دەکات، بەڵکوو توانای ڕێکخستنی سەربەخۆش لە بزووتنەوەکانی ژنان دەگرێت. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە زاری ڕژیمەکانی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا، دەبێتە چەکێکی تەبلیغاتی. ئەو دەوڵەتانەی کە خۆیان هۆکار و بڕیاردەری جنایەتی بێ ئەژمار لەدژی ژنانن – چ لە غەززە چ لە بەغدا، چ لە کابۆل – ئێستا خۆیان بە ڕزگاریبەخش نیشان دەدەن و ئەم بێشەرمییە، تەنیا لە سایەی بێدەنگیی میدیاکانی هاوئاراستە لەگەڵ سەرمایەی جیهانیدا مومکین بووە.
کۆمۆنیستەکان بە درێژایی مێژوویان هۆشدار دەدەن کە پرسی ژنان نە دەتوانێ و نە دەبێ جیا لە پێکهاتەکانی بەرهەمهێنان و دەسەڵات، شیبێکرێتەوە. ئەو فێمێنیستەی کە بەدوای ڕزگاریی ڕاستەقینەوەیە، ناتوانێ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانە هاودەست بێت کە بناغەی سوڵتەی چینایەتی، نەژادی و جنسیەتین. هەروەک فیدا لە غەززەوە دەڵێت: ئێمە بۆخۆمان دەزانین کە چۆن خەبات و خۆڕاگری بەڕێوەبەرین. ئەم پەیامە بێگومان جەوهەری فێمێنیسمی شۆڕشگێڕە. بزووتنەوەیەکی هۆشیار، ڕێکخراو، جەماوەری، و دژەئیمپریالیستی.
بزووتنەوەی ژنان لە ئێران، ئەفغانستان، فەلەستین و ناوچەکانی دیکە، هاوکات لەگەڵ دوو بەرەدا بەشەڕ دێن. یەکیان بەرەی ناوخۆییە کە ڕیشەی لە موناسباتی چینایەتیی زاڵ و سوننەتە پیاوسالارییەکاندایە و ئەوی تریان بەرەی دەرەکییە، واتە ئەو هێز و هاوپەمانییانەی کە بە دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان ئومێدیان بەستووە. ئەوان جلی ئازادیخوازییان لەبەر کردووە بەڵام شتێک بێجگەلە دیلیەتی بەدیاری ناهێنن. هەر هەوڵێک بۆ پەیوەنددانی ئەم بزووتنەوانە بە ئیمپریالیستەکان، بە مانای ناکاریگەر کردنی هێزی شۆڕشگێڕانەیانە.
هەروەک لە ڕەوایەتی ئەم ژنانەدا دەبیندرێ، خەبات و خۆڕاگری تەنیا لە شەقام یان لە مەیدانی نەبەرددا شکڵ ناگرێت. لە زیندان، زانکۆ، خوێندنگا، لە تۆڕەکانی پشتیوانی، کۆمیتەکانی ژنان، لە بواری پەرورەدە، ئاگالێبوون، داکیومێنت دروستکردن، تەنانەت لە ڕەوایەتگەریدا، ژنانێک لە حاڵی خەباتدان، وەستاون و لەژێر بۆمبارانیشدا تەسلیم نەبوون. ئەم خۆڕاگرییانە، بناغە سەرەتاییەکانی هێزێکی کۆمەڵایەتیی قووڵتر پێکدەهێنن. هێزێک کە ئەگەر ئاوێتەی هۆشیاریی چینایەتی و ڕێکخستنی شۆڕشگێڕانە بێت، دەتوانێ ستەمی چەند لایەنە، لە ڕەگ و ڕیشەوە دەربێنێت.
خەبات بۆ ڕزگاریی ژن بەشێک لە خەباتێکی بەرینترە بۆ ڕزگاریی مرۆڤایەتی. ئازادیی ژن بە بێ نابوودیی سەرمایەداری، ئیمپریالیزم و باوک/پیاوسالاری تەسەور ناکرێت. لەم ڕووەوە ئەرکی بەپەلەی ئێمە، لەقاودانی کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لە زمانی فێمێنیستی لەلایەن سەرمایەداری و ئیمپریالیزمەوەیە. لە ئیسرائیلەوە بگره هەتا ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانیان.
پێویستە جارێکی تر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژن وەک بەشێک لە خەباتێکی شۆڕشگێڕانە بنیات بنێینەوە – لە خوارەوە، لە ژیانی ڕاستەقینەوە، لە سەنگەری بەرخۆدانی ڕۆژانەوە. نەک بە بۆمب، نەک بە داگیرکاری، بەڵکوو بە هۆشیاری چینایەتی و ڕێکخستنی سەربەخۆ. لەم ڕووەوە، لە ئێران و لە کوردستاندا نابێ بەو هێز و هاوپەیمانییە سیاسیانە ئومێد ببەسترێ کە بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی پشت بە دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و ئەوپەڕی گوشاری ترامپ دەبەستن. پێویستە سروشتی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە هاوپەیمانییە سیاسییانە بۆ جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش ئاشکرا بکرێت.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە