
لە هەلومەرجێکدا کە سەرمایەداریی هاوچەرخ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بۆ سووڕی سەرمایە، ئاڵوگۆڕی کاڵا و ڕێکخستنی هێزی کار، وابەستەی ژێرخانە دیجیتاڵییەکان بووە، ئینتەرنێت ئیتر تەنیا ئامرازێکی پەیوەندیکردن نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە ژێرخانی ماددیی بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی. هەر بۆیە، دەبێ هەر جۆرە تێکدان یان پچڕانێکی ئەم تۆڕە، وەک دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆ لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و بژێویی ژیاندا شرۆڤە بکرێت. ئەم دەستوەردانە، بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەدا کە بەشێکی گەورەی هێزی کار لە ئابووریی نافەرمی و ناجێگیردا کار دەکات، بە شێوەیەکی لاسەنگ کاریگەری لەسەر چەوساوەکان و بەتایبەتی ژنانی کرێکار دادەنێت.
ئابووریی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بەرەوڕووی پەرەسەندنێکی بەرچاوی شێوازە نەرم و نافەرمییەکانی کارکردن بووەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان تا ساڵی ١٤٠٤، زیاتر لە ٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار مۆڵەت بۆ کار و چالاکییە نێوماڵییەکان دەرکراوە. ئەم ئامارە، لە پاڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی بوارەکانی کارکردن لە نزیکەی ٣٣٥ بوارەوە بۆ زیاتر لە ٥٠٠ بوار، نیشاندەری هەنگاونانە بەرەو وردکردنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی مەترسی (ڕیسک)ـە لە سەرمایەوە بۆ سەر شانی هێزی کار. ئەم ڕەوتە، بەشێکە لە پرۆسەی نەرمکردنی هێزی کار و فراوانکردنی لەشکری یەدەگی کار. لەم نێوەندەدا، ژنان پشکی یەکلاکەرەوەیان لەم کەرتەدا هەیە. بەراوردەکان نیشانی دەدەن کە لە سەدا ٨٠ بۆ ٩٠ی چالاکانی کارە نێوماڵییەکان ژنانن؛ ڕێژەیەک کە زۆر بەرزترە لە تێکڕای جیهانیی بەشداریی لە سەدا ٦٠ی ژنان لە ئابووریی نافەرمیدا. بەربەستە پێکهاتەییەکان لە دەستڕاگەیشتن بە کاری فەرمی، هەڵاواردنە دامەزراوەییەکان و ئەو سیاسەتانەی کە لەسەر بنەمای کۆنتڕۆڵکردنی جەستە و هێزی کاری ژنان داڕێژراون، ئەوانی بەرەو شێوازە ناسەقامگیر و نێوماڵییەکانی کارکردن پاڵ پێوە ناوە. لە ڕاستیدا، سەرمایەداریی ئیسلامی بە پشتبەستن بە کاری هەرزان و نەبینراوی ژنان، بەشێک لە تێچووەکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتیی خستووەتە ناو خێزانەکانەوە.
لەسەر وەها بەستێنێک، ئینتەرنێت بووەتە ئەڵقەی پێکەوەگرێدانی بەرهەمهێنانی ورد و بازاڕ. فرۆشتنی کاڵا، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، ڕاکێشانی کڕیار و تەنانەت فێرکردنی شارەزاییەکانیش، بە شێوەیەکی ڕوو لە هەڵکشان لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە ئەنجام دەدرێن. بە واتایەکی دیکە، ئینتەرنێت بۆ ئەم بەشە لە هێزی کار، هەمان ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت کە کارگە بۆ کرێکاری پیشەسازیی سەدەی نۆزدەهەم دەیگێڕا؛ واتە خاڵی بەستنەوە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەهاوە. هەر بۆیە، پچڕانی ئینتەرنێت دەکرێت هاوتای داخرانی بەربڵاوی شوێنی کاری ملیۆنان کرێکاری نافەرمی دابنرێت. کاتێک دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن سنووردار دەکرێت، ئەو بەرهەمهێنەرەی کە لە ماڵەوە کاڵا بەرهەم دەهێنێت، ئیتر دەستی بە بازاڕ ڕاناگات؛ ئەو خزمەتگوزارەی کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کڕیارەکانی دەدۆزێتەوە، لەناکاو بێکڕیار دەمێنێتەوە؛ وە ئەو هێزی کارەی کە لە ڕێگەی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانەوە ڕێگەیەکی بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی دۆزیوەتەوە، دەکەوێتە گۆشەگیرییەکی تەواوەوە. ئەم دۆخە، نەک هەر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهات، بەڵکوو ئاسایشی بژێوی بە شێوەیەکی جدی دەخاتە مەترسییەوە. ئەو کرێکارانەی کە پێشتریش لە هەلومەرجێکی ناسەقامگیردا کاریان دەکرد، بە خێرایی پەراوێز دەخرێن و پەیوەست دەبن بە لەشکری یەدەگی بێکارانەوە. ئەم پرۆسەیە، ڕێگە بە خاوەنکارەکان دەدات کە لە قۆناغەکانی دواتردا، هێزی کار بە هەلومەرجێکی زۆر نایەکسانتر و بە حەقدەستێکی کەمترەوە سەرلەنوێ بە کار بهێننەوە.
کاریگەریی ئەم دۆخە لەسەر ژنان، بەهۆی پێگەی تایبەتیان لە دابەشکردنی کۆمەڵایەتیی کاردا، دووهێندەیە. ئەو ژنانەی لە ئابووریی نێوماڵدا کار دەکەن، زۆرجار هاوکات باری قورسی کاری کرێگرتەیی و کاری دووبارە بەرهەمهێنانەوە، چاودێریکردنی منداڵان و بەساڵاچووان و کاروباری ناوماڵ لە کۆڵ دەنێن. بە پچڕانی ئینتەرنێت و لەدەستدانی داهات، نەک هەر سەربەخۆییە ئابوورییە ڕێژەییەکەیان لاواز دەبێت، بەڵکوو وابەستەییان بە پێکهاتە پیاوسالارەکانی نێو خێزان زیاتر دەبێت. ئەمەش، پەرە بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییەکانی هەژموونی ڕەگەزی لە ئاستی ورددا دەدات. لە لایەکی دیکەوە، دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین کە دابەشبوونی چالاکییە نێوماڵییەکان بەسەر کەرتە جیاوازەکانی ئابووریدا (نزیکەی ٤٧٪ لە پیشەسازی، ٤٣٪ لە خزمەتگوزاری و ١٠٪ لە کشتوکاڵدا) ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم بوارە تەنیا لە چالاکییە پەراوێزخراوەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو بەشێک لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی بەها لەخۆ دەگرێت. کەواتە، تێکچوونی ئەم کەرتە، کاریگەرییەکی زۆر لە ئاستی تاکەکەسی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە هۆی دابەزینی گشتیی سووڕی کاڵا و خزمەتگوزاری لە ئابووریدا. خاڵێکی گرنگی دیکە، پەیوەندیی نێوان سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامی و ئەم جۆرە لە کارکردنەیە. هەرچەندە لە ساڵانی دواییدا، ئاسانکارییەکی دارایی (قەرز) بە بڕی نزیکەی ١٥٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن تمەن بۆ پەرەپێدانی کارە نێوماڵییەکان تەرخان کراوە، بەڵام ئەم پاڵپشتییانە لە چوارچێوەیەکدا بوون کە بەرپرسیارێتیی مەترسییەکە دەخاتە سەر شانی تاک، بەبێ ئەوەی ژێرخانە سەقامگیرەکان، لەوانەش دەستڕاگەیشتنی ئازاد و پارێزراو بە ئینتەرنێت، مسۆگەر بکرێت. بە دەربڕینێکی دیکە، کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە خەڵک هان دەدات بێنە ناو ئەم بوارەوە و لە لایەکی دیکەوە، بە سیاسەتی سنووردارکەر و سەرکوتگەرانە، ئیمکانی بەردەوامبوونی تێکدەدات.
لە هەلومەرجە قەیراناوییەکاندا، لەوانە دۆخی شەڕ یان ناڕەزایەتییەکان، پچڕانی ئینتەرنێت زۆرجار بە پاساوی ئەمنی ئەنجام دەدرێت. بەڵام ئەم هەنگاوە، لە کرداردا دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری. بە ڕێگری کردن لە هاتوچۆی زانیاری، ئیمکانی ڕێکخستن، هاوپشتی و بەرخۆدانیش کەم دەبێتەوە. ئەمەش، بەتایبەتی بۆ ئەو چین و توێژانەی کە پێشتریش پەراوێز خرابوون، بە واتای قووڵبوونەوەی گۆشەگیرییە. لەم چوارچێوەیەدا، خەبات بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی هەمیشەیی، دەبێ وەک یەکێک لە گۆڕەپانە نوێیەکانی خەباتی چینایەتی چاوی لێ بکرێت. دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی هەمیشەیی، بەشێکە لە مافەکانی چینی کرێکار و یەکێک لە مافە بنچینەییەکانی هاووڵاتییانە بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە سەردەمی دیجیتاڵیدا. زەوتکردنی ئەم مافە، فۆرمێکە لە توندوتیژیی پێکهاتەیی کە یارمەتیدەرە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانییە چینایەتی و ڕەگەزییەکان و بێمافییە سیاسییەکان. کەواتە، بەرگریکردن لە مافی دەستڕاگەیشتنی ئازاد، سەقامگیر و یەکسان بە ئینتەرنێت، بەشێکە لە خەباتی بەرفراوانتر بۆ یەکسانیی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی چینایەتی. بۆ ژنانی کرێکار لە ئابووریی نافەرمیدا، ئەم دەستڕاگەیشتنە بە واتای ئیمکانی مانەوە، پاراستنی لانیکەمی سەربەخۆیی ئابووری و بەشداریکردنە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا. هەر جۆرە سیاسەتێک کە ئەم دەرفەتە بەرتەسک بکاتەوە، دەکەوێتە خزمەت قووڵکردنەوەی هەژاری، نایەکسانی و سەرکوتکردنەوە. لە ئاسۆی سیاسەتێکی سۆسیالیستیدا، پێویستە کە ژێرخانە دیجیتاڵییەکان وەک بەشێک لە سامانی گشتی و لەژێر کۆنتڕۆڵی دیموکراتیکی کۆمەڵگەدا پێناسە بکرێنەوە. تەنیا لەم حاڵەتەدایە کە دەکرێت ڕێگری لە گۆڕانی ژێرخانە دیجیتاڵییەکان بۆ ئامرازی دەسەڵات و هەژموون بکرێت و بخرێنە خزمەت پێداویستییە ڕاستەقینەکانی زۆرینەی کۆمەڵگەوە. تا ئەو کاتە، خەبات بۆ دەستڕاگەیشتنی ئازاد و سەقامگیر و یەکسان بە ئینتەرنێت، و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری وەک مەیدانێکی دیکەی خەبات دژی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بەردەوام دەبێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە