
بەپێی ڕاپۆرتەکان، حکوومەتی ئێران بە بێدەنگی بڕیاری گرانبوونی بەنزینی پەسەند کردووە و هەواڵەکە لە لایەن دوو ئەندامی پەرلەمانی ئەم وڵاتە ئاشکرا کراوە و نیگەرانییەکی زۆری لە لایەن هاووڵاتییان لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گرانبوونی بەنزین هەموو کات شەپۆلێکی گرانی و ئاوسانی لە هەموو کەرتەکاندا لێ کەوتووەتەوە. جیا لەوەی ڕاستەوخۆش کاریگەریی لەسەر دۆخی ژیانی ئەو هاووڵاتییانە دەبێت کە ئوتۆمبێلیان هەیە و بە تایبەتیش ئەو کەسانەی کاسبییەکەیان بە ئوتۆمبێل دەکرێت. گرانبوونی بەنزین جیا لە گرانبوونی تێچووی هاتوچۆی هاووڵاتییان، تێچووی گواستنەوەی کەلوپەلیش بەرز دەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی هەموو شتێک لە ناو بازاڕدا. ئەو گرانییە چاوەڕوانکراوەش لە کاتێکدایە کە بە پێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە ساڵی ڕابردوودا ئاوسان لە کەرتی خواردەمەنییەکان نزیک 100٪ بووە و گرانی و هەژاری، بڕستی لە هاووڵاتییان بڕیوە.