
کاری ناوماڵ تەنیا بریتی نییە لە کۆمەڵێک ئەرکی ڕۆژمەڕەی وەک زەرفشۆردن، چێشتلێنان، جلشۆردن و پاککردنەوە، بەڵکوو یەکێکە لە گرنگترین ستوونە شاراوەکانی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار لە سیستەمی سەرمایەداریدا و هاوکات ئامرازێکە بۆ چەسپاندن و جێگیرکردنی کولتووری پیاوسالاری. کاتێک کاری بەرهەمهێنانەوە لە چوارچێوەی خێزاندا بە نادیار دەهێڵدرێتەوە، سەرمایەداری لە جۆرێک “یارانەی کۆمەڵایەتی” سوودمەند دەبێت: واتە ملیۆنان کاتژمێر کاری بێکرێ و بێمووچە کە تێچووی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار دەخاتە ئەستۆی ژنان و بەمەش قازانجی سەرمایە زیاد دەکات. ئامارە نێونەتەوەییەکان ئەم حەقیقەتە ئابوورییە پشتڕاست دەکەنەوە: بەپێی بەراوردە جیهانییەکان، بەهای کاری ئاگالێبوون و کاری ناوماڵ (ئەگەر بکرێتە پارە) دەتوانێ بگاتە نزیکەی ٩٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی، کە دەکاتە تریلیۆنها دۆلار؛ تەنانەت بەپێی هەندێک ڕاپۆرت و شێوازی هەژمارکردن، ئەم ڕێژەیە زیاتریشە. ئەم قەبارە ئابوورییە “شاراوەیە” بەرابەرە لەگەڵ زێدەبایی (یان ئەرزشی ئیزافەی) کەرتە گەورەکانی ئابووری و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرمایەداری بەبێ ئەم کارە بێکرێ و بێمووچەیە، ناتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.
لە سیستەمی سەرمایەداریدا، بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار (خواردن، پۆشاک، چاودێریکردنی منداڵان و بەساڵاچووان، و بووژاندنەوەی جەستە و دەروونی کرێکار) تێچوویەکە کە دەبێ بدرێت تا هێزی کار بتوانێت ڕۆژی داهاتوو بۆ سەرمایە کار بکاتەوە. بەڵام سەرمایەداران کەڵک لە شێوازە ئایدیۆلۆژیک و دامەزراوەییەکان وەردەگرن تا ئەم تێچووە بخەنە ئەستۆی خێزان و بەتایبەتی ژنان. توێژینەوە و بەراوردەکانی ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە ئەگەر کاری ناوماڵ لەسەر بنەمای “تێچووی جێگرەوە” یان “تێچووی هەل” هەژمار بکرێت، بەشێکی بەرچاو لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتان پێکدەهێنێت؛ واتە کاری ناوماڵ بە ئەندازەی کەرتێکی گەورەی ئابووری بەها بەرهەم دەهێنێت، بەڵام وەک “کاری ڕاستەقینە” ئەژمار ناکرێت. ئەم هەژمارنەکردنە، هەمان پەردەپۆشکردنی چەوسانەوەی ژنانە. لەم کولتوورە سەرمایەداری و پیاوسالارییەدا، کاری ژنان وەک “کاری بژێویی تایبەت” سەیر دەکرێت نەک “کاری بەرهەمهێنەر”؛ کارێک کە بەهای زیادە دەخوڵقێنێت و دەبێ کرێکەی پێبدرێت.
کولتووری پیاوسالاری، دابەشکردنی ڕەگەزیی کار وەک دیاردەیەکی “سروشتی” نیشان دەدات. ژنی فیداکار و پیاوی نانهێنەر؛ یارمەتیدانی پیاو وەک چاکە و کاری ژن وەک ئەرک دەناسێنرێت. ئەم زمان و کولتوورە ڕەفتارییە، هەمان “ئامرازی نەرمی سەرکوت”ـە کە لە ڕێگەی پەروەردە، میدیا و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ڕۆڵی ژنان لە چوارچێوەی ماڵدا جێگیر دەکات و ناڕەزایەتییەکان بۆ ئاستێکی تاکەکەسی و سۆزداری کورت دەکاتەوە. ئامارەکان دەریدەخەن کە ژنان بەتێکڕا سێ هێندەی پیاوان کاتی خۆیان بۆ کاری مراقبەت و ماڵداری تەرخان دەکەن؛ ئەم بابەتەش ڕێگرە لە بەشداریکردنی یەکسانی ئەوان لە بازاڕی کار، فێرکاری و چالاکییە سیاسییەکان و لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەرینی هەیە.
داتاکان دەریدەخەن کە پشکی ژنان بە بەراورد بە پیاوان لە کارە بێمووچەکاندا لە ئاستی جیهاندا زیاتر لە سێچوارومە؛ واتە زیاتر لە ٧٥٪ی کاری مراقبەت و ماڵداریی بێکرێ لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم دابەشکردنە نایەکسانە، بەرهەمی پێکهاتە مێژوویی و دامەزراوەییەکانە. لە وڵاتانی لەحالیگەشەدا ئەم پشکە بەرزترە و ڕۆڵی ژنان لە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاردا زیاترە، بەڵام بێبایەختر سەیر دەکرێت. دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم نایەکسانییە، چەوسانەوەی چەند هێندەی ژنانە؛ هەم لە بازاڕی کار (لە ئەگەری کارکردندا) و هەم لە ژینگەی ماڵەوەدا. پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەم بابەتە بۆ سەرمایەداری یەکجار گرینگە؟ هۆکارەکەی سادهیە: ئەگەر تێچووەکانی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار بکرێنە گشتی و پارەیان بۆ تەرخان بکرێت، بۆ نموونە ئەگەر باخچەی ساوایانی دەوڵەتی، خواردنگە و سێلفسێرڤیسە گشتییەکان، چاودێریی تەندروستی و خزمەتگوزاریی ماڵداریی گشتی دابمەزرێت، ئەو کات “تێچووی ڕاستەقینە”ی هێزی کار بەرز دەبێتەوە و لە ئەنجامدا فشار دەخرێتە سەر قازانجی سەرمایە. بەڵام پەرتەوازەکردن و نادیارکردنی کاری ناوماڵ، بەکردەوە یارمەتییەکی گەورە پێشکەش بە سەرمایەداری دەکات؛ سەرمایەداران پێویستیان بەوە نییە تێچووی ئەم خزمەتگوزارییانە بدەن، بەڵکوو لە جیاتی ئەوە، ژنان بە کاری ناوماڵ و بەبێ وەرگرتنی هیچ دەستمزدێک، ئەم خزمەتگوزارییانە پێشکەش دەکەن، هێزی کار بەرهەم دەهێننەوە و نەوەی داهاتووی کرێکاران پەروەردە دەکەن. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە چارەسەرکردنی بۆشایی ڕەگەزی لە بەشداریی ئابووریدا دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بکاتەوە؛ واتە بەپێچەوانەوە، نادیدەگرتنی کاری ژنان تێچووی گەورە لە شێوەی “هەلی لەدەستچوو” بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت.
چاوگێڕانێک بەسەر دۆخی ئێران نیشان دەدات کە ئەم پەیوەندییانە بە ئاشکرا نایەکسانن. ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان لە ئێران زۆر نزمە؛ بەراوردە نێونەتەوەییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ڕێژەی بەشداریی هێزی کاری ژنان لە نێوان ١٣ بۆ ١٦ لەسەد ڕادەگەیەنن، کە نیشاندەری بێبەشکردنی بەرینی ژنانە لە حزووریان لە بازاڕی کاری فەرمیدا. نزمبوونی بەشداریی فەرمی هەمیشە بە مانای کارنەکردنی ژنان نییە؛ بەڵکوو زۆربەی کات بە مانای کارکردنە لە بازاڕی “ناڕەسمی” بە حەقدەست و ئیمتیازاتی زۆر کەمەوە یان بەمانای کاری قورسی بێ مووچەی ناو ماڵە. هەروەها بوونی کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرەی یاسایی، کولتووری و دامەزراوەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ڕێگرە لەوەی ژنان بچنە نێو بازاڕی کار یان تێیدا بەردەوام بن. توێژینەوە و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان لە ئێران دەریدەخەن کە ژنان کاتێکی زۆر بۆ کاری ماڵەوە و مراقبەت سەرف دەکەن.
ئەڵتەرناتیو و ڕێگەچارەیەک کە چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی ژنان دەیخەنە بەردەم بزووتنەوەی ژنان و تەواوی کۆمەڵگا، لە هاندانی پیاوان بۆ بەشداری لە کاری ناوماڵ و دابەشکردنی دادپەروەرانەی کار بانترە. ڕێفۆرم و چاکسازیی ورد تا ئەو کاتەی سەرمایەداری و خاوەندارێتیی تایبەت بوونیان هەبێت، بێبنەما و کاتی دەبن. سیاسەتی ڕزگاریبەخش بریتییە لە هێرش بۆ سەر سەرمایە و هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی تایبەت بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بەکۆمەڵایەتیکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار. دابینکردنی بەرفراوان و بێ بەرانبەری باخچەی ساوایان، خواردنگە و سێلفسێرڤیسە گشتییەکان، خزمەتگوزارییە تەندروستی و چاودێرییە گشتی و خۆڕاییەکان، وە مسۆگەرکردنی مافەکانی کاری مراقبەت بە جۆرێک کە ئەم کارە وەک کاری ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی بە ڕەسمی بناسرێت و ڕێکبخرێت. تەنیا لە ئاسۆیەکی وەها دایە کە بەهای ڕاستەقینەی کاری بەرهەمهێنانەوە لەسەرشانی ژنان لادەچێت و دەرفەتی بەشداریی یەکسان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەڕەخسێت. ڕزگاریی ژنان بەبێ دەست بۆ ڕیشە بردن، بەبێ گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ، بەبێ هەڵتەکاندنی ڕێکخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا و بەبێ بەکۆمەڵایەتیکردنی کاری بەرهەمهێنانەوە، مەحاڵە و مومکین نییە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە