وەزارەتی دەرەوەی کانادا ڕۆژی دووشەممە ٨ی خاکەلێوە، لە بیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە دەهەمین خولی گەمارۆکانی خۆی دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، چەند بەرپرسی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی و کاربەدەستانی بەرهەمهێنانی دڕۆن و مووشەکی بالستیکی خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی سپای تاران، غولامحوسێن محەممەدیئەسڵ فەرماندەی سپای ئەردەبیل و عەباس عەلی محەممەدیان بەرپرسی پۆلیسی تاران لەو کەسانەن کە خراونەتە نێو لیستی نوێی گەمارۆکانی کاناداوە.
دەوڵەتی کانادا جەختی کردەوە کە ئەو کەسانەی بەهۆی پێشێلکردنی ئاشکرا و سیستماتیکی مافی مرۆڤ، تەحریم کردووە.
ملانی جولی، وەزیری دەرەوەی کانادا لەو بەیاننامەیە وتوویەتی: ”ئێمە داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکەین، زوڵم و ستەمی دڕندانە ڕابگرێت و گرینگی بە داواکارییەکانی خەڵک بدات.”
بەپێی ئەو بەیاننامەیە، ئەو دامەزراوانەی کە خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە لە ڕاستای تێکدان و دەستێوەردان لە پێوەندیی ئانلاینی خۆپیشاندەران، یارمەتیی ڕژیمی ئیسلامیان داوە و بە دابینکردنی کەرستەی تاکتیکی لە سەرکوت، پشتیوانی هێزە سەرکوتگەرەکان بوون.دەوڵەتی کانادا پێشتر و لە مانگی ئوکتۆبری ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، ژمارەیەکی زۆر لە کاربەدەستانی باڵا و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامیی خستە نێو لیستی گەمارۆکانیەوە.