وەزارەتی دەرەوەی کانادا، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بەفرانبار، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کە دوو کەس بە ناوەکانی وەحید یامینپوور، هەڵسووڕاوی ڕاگەیاندن و نزیک بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بەرپرسی شۆرای باڵای لاوان لەگەڵ موحسێن قومی، جێگری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی نووسینگەی خامنەیی بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی مافە مرۆییەکان خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە؛ کە سێ دامەزراوەی سەر بە ڕژیم وەکوو “ڕۆژنامەی ئێران، هەیئەتی چاوەدێری بەسەر ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوەی ١٥ی خورداد”ی خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
هاوکات لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر ڕژیمی ئیسلامی، مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کانادا جەختی لەسەر پێویستی گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کردەوە و لە تویتێکدا نووسیویەتی: ”کۆماری ئیسلامی دەبێ لەبەرامبەر سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران وڵامدەرەوە بێت.