
ئێوارەی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە گوندی “سەرسیاهـ”ی سەر بە ناوچەی تیلۆیی لە شارستانی تەفتانی سیستان و بەلۆچستان، ژمارەیەک لە ژنانی بەلۆچ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە کار و چالاکییەکانی کانگای زێڕی تەفتان و لێکەوتە وێرانکەرەکانی بۆ سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و سەرچاوە ئاوییەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکان، کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنا. ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە هێرش و پەلاماری هێزە ئینتیزامییەکان و مۆرە و بەکرێگیراوانی پاسەوانیی کانگاکە وەڵام درایەوە؛ پەلامارێک کە بە جنێودان، هەڕەشە، لێدان و کوتان و بریندارکردنی چەندین ژن کۆتایی هات. ناسنامەی یەکێک لە بریندارەکان بە ناوی «بیبینور ریگی کوته» پشتڕاست کراوەتەوە؛ ژنێکی تەمەن ٥٥ ساڵە، خێزاندار و دایکی پێنج منداڵ، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی زەبری قۆنداغی تفەنگەوە لە سەری دراوە و بریندار کراوە. ئەم ڕووداوە، لە ڕاستیدا بەشێکە لە میکانیزمی تاڵانکاری و سەرکوتی چینایەتی لە یەکێک لە پەراوێزخراوترین ناوچەکانی ئێراندا. ئەوەی لە تەفتان ڕووی داوە، ڕووخساری ڕووتی ئەو پەیوەندییەیە کە سەرمایەداریی ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی پشتی پێ دەبەستێت: تاڵانکردنی سەرچاوەکان، وێرانکردنی ژینگە و سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی کە لە بەرامبەر ئەم ڕەوتەدا قوت ببێتەوە. لە کانگای تەفتاندا ساڵانە ٥٠٠ کیلۆگرام قاڵبی زێڕ و ٥٠٠ کیلۆگرام قاڵبی زیو بەرهەم دەهێنرێت. دەبێت کانگای زێڕی تەفتان وەک پڕۆژەیەکی تاڵانکارانە سەیر بکرێت کە سەروەت و سامان بە چەوساندنەوەی کرێکاران لە ناخی زەوی دەردەکێشێت، بەڵام باج و تێچووەکانی دەخاتە سەر شانی خەڵکی ناوچەکە. لەم جۆرە پڕۆژانەدا، قازانج دەچێتە گیرفانی سەرمایە و تۆڕەکانی دەسەڵاتەوە و کەڵەکە دەبێت، بەڵام ئاو وشک دەکات، زەوی دادەڕزێت، ئاژەڵداری و کشتوکاڵ گورزیان بەر دەکەوێت و ژیانی خەڵک وردەوردە لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە.
ناڕەزایەتیی ژنانی گوندی سەرسیاهـی شارستانی تەفتانی سیستان و بەلۆچستان لەم ناتەباییەوە لەدایک بووە. ئەوان بۆ مافی ژیان، مافی دەستڕاگەیشتن بە ئاو، مافی ئارامی، و مافی مانەوە لەسەر شوێنی ژیانی خۆیان هاتنە مەیدانی خەبات. ئەمانە خودی لۆژیکی سەرمایەن لە فۆرمە دڕندە و بێپەردەکەیدا. سەرمایە لێرەشدا تەنیا کاڵا بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو داڕزان، بێبەشی و ڕەنجیش دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. لە ڕاستیدا، سەرمایە لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە گشتییەکان، چەوساندنەوەی کرێکاران، هەرزانکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی باری قەیرانەکان بۆ پەراوێزەکان، گەشە دەکات. تەفتان نموونەیەکی ڕوونی ئەم لۆژیکەیە؛ زەوی، ئاو، ژینگەی ناوچەکە و چەوساندنەوەی کرێکاران خراونەتە خزمەت دەرهێنانی زێڕەوە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە هیچ پشکێکیان لە قازانجەکانی بەرناکەوێت. ئەوان تەنیا تەماشاچییانی نەخوازراوی پڕۆژەیەکن کە خەریکە ژیانیان لەناو دەبات. لەم نێوەندەدا، دەوری ڕژێمی حاکم و هێزە سەرکوتگەرەکان بەتەواوی ئاشکرایە. ئامادەبوونی سەرکوتگەران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵێک ژن، منداڵ و بەساڵاچوو، خۆی نیشاندەری ئەوەیە کە دەسەڵاتداریەتی تەنانەت لە ناڕەزایەتییەکی بەڕواڵەت بچووکیش تۆقیوە، چونکە ئەم ناڕەزایەتییە دەتوانێت بگۆڕێت بۆ فۆرمێک لە ئاگایی و هۆشیاریی بەکۆمەڵ. لێدان بە قۆنداغی تفەنگ، هەڕەشەی دۆسیەسازی، جنێودان و سووکایەتیپێکردن، هەموویان بەشێکن لە سیاسەتێکی ئاشنا: تێکشکاندنی ئیرادەی خەبات و بەرخۆدان پێش ئەوەی ببێتە هێزێکی ڕێکخراو.
ئەوەی ئەم ڕووداوە لە زۆر نموونەی هاوشێوە جیا دەکاتەوە، ئامادەبوونی بەرچاوی ژنانی ناوچەی نووکابادی شارستانی تەفتانی سیستان و بەلۆچستانە لە سەنگەری پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا. لە کۆمەڵگە ژێردەستەکاندا، زۆربەی کات ژنان یەکەمین کەسانێکن کە لێکەوتەکانی وێرانکاریی ژینگەیی و ئابووری بەرۆکیان دەگرێت. کاتێک ئاو کەم دەکات، کاتێک زەوی هێزی لەدەست دەدات، کاتێک تێچووەکانی بژێویی ژیان بەرز دەبنەوە، ئەوە ژنانن کە باری قورسی قەیرانەکە دەخەنە سەر شانیان. کەواتە، کردەوەی ئەوان بەرگرییەکی ڕاستەوخۆیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی. بەڵام وەڵامی دەسەڵات بۆ ئەم کردەوەیە، توندوتیژییە. توندوتیژی دژ بە ژنان لە تەفتان تەنیا پرسێکی ڕەگەزی (جێندەری) نییە؛ ئەم توندوتیژییە لە هەمان کاتدا ئامرازێکی چینایەتییە بۆ چەسپاندن و قایمکردنی هەژموونی دەسەڵات. سەرکوتکردنی ژنانی ناڕازی دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ نمایشکردنی هێز، تا بە هەموو دانیشتووانی ناوچەکە بسەلمێنن کە هیچ سنوورێک بۆ قەهر و زەبری دەسەڵاتداریەتی بوونی نییە. ڕەفتارێکی لەم شێوەیە نیشانی دەدات کە ڕژێمی حاکم نەک تەنیا بەرگەی داواکارییەکانی خەڵک ناگرێت، بەڵکوو تەنانەت تاقەتی بینینی بەرخۆدانێکی ئاشتییانەشی نییە.
ڕەهەندی ستەمکاریی نەتەوەیی ئەم ڕووداوەش جێگای سەرنجە. ساڵانێکە خەڵکی بەلۆچستان لە پەراوێزی پێکهاتەی ئابووری و سیاسیدا ڕاگیراون و دانیشتووانی ناوچە بێبەشکراوەکانی سیستان و بەلۆچستان بە شێوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ کەمیی خزمەتگوزاری، بێکاری، هەڵاواردن و بێبایەخی ڕووبەڕوو بوونەتەوە. لەم جۆرە زەمینەیەکدا، پڕۆژەکانی دەرهێنان نەک هۆکارێک نین بۆ گەشەسەندن، بەڵکوو ئامرازێکن بۆ قووڵکردنەوەی کەلێنە چینایەتی و نەتەوەییەکان. سەرمایەداریی ئیسلامی و پێش ئەویش ڕژێمی پەهلەوی، هەر بەم پەراوێزخستنە درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات: سەرەتا خەڵک لە ئیمکانی سوودمەندبوون لە سەرچاوەکانی خۆیان بێبەش دەکەن، پاشان هەمان بێبەشکردن وەک «پێویستی بە سەرمایەگوزاری» پاساو دەدەنەوە، و لە کۆتاییشدا بە هێزی سەرکوت پارێزگاریی لێ دەکەن. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە دانیشتووانی سەرسیاهـ و ناوچەی تیلۆیی زیاتر لە دەیەیەکە سەبارەت بە لێکەوتەکانی چالاکیی کانگاکە هۆشدارییان داوە. ئەمەش واتە ناڕەزایەتیی ئەمڕۆ، بەرهەمی ساڵانێک پرتووکان، بێوەڵامی و کەڵەکەبوونی تووڕەییە. کاتێک خەڵک چەندین جار سکاڵایان کردووە و هەر جارە و بە بێبایەخی یان هەڕەشە وەڵام دراونەتەوە، سروشتییە کە ناڕەزایەتی لە ئاستی دادخوازییەوە بۆ ئاستی بەرخۆدان و ڕووبەڕووبوونەوە بەرز بێتەوە. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە ناتەباییە شاراوە کۆمەڵایەتییەکانی تێدا ئاشکرا دەبن.
دیمەنێکی لەم چەشنە نیشانەی کەلێنی قووڵی نێوان خەڵک و ئەو لۆژیکەیە کە بەسەر شێوازی بەرهەمهێناندا زاڵە. لە سیستەمێکدا کە قازانج لەپێشترە لە ژیان، هەر ناڕەزایەتییەکی ناوچەیی دەبێتە پرسێکی سیاسی. چونکە ناڕازییان، هەرچەندە ڕەنگە لە سەرەتادا تەنیا خوازیاری کەمکردنەوەی زیانەکان یان ڕاگرتنی وێرانکارییەکان بن، بەڵام لە واقیعدا لۆژیکی خاوەندارێتی و دەسەڵاتی سەرمایە دەخەنە ژێر پرسیار و بەرەنگاری دەبنەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە وەڵامی دەسەڵات وەڵامێکی ئەمنی و سەرکوتگەرانەیە. دەبێت ناڕەزایەتیی ژنانی ناوچەی نووکابادی شارستانی تەفتانی سیستان و بەلۆچستان وەک زەنگێکی مەترسیی جدی سەیر بکرێت. ئەگەر ئەمڕۆ ژنانی ئەم ناوچەیە بە دەستی بەتاڵەوە لە بەرامبەر هێزە چەکدارەکاندا ڕادەوەستن، ئەم وەستان و بەرخۆدانە دژ بە نەزم و سیستەمێکە کە ژیانی چینە چەوساوەکان بە بێبەها دەزانێت و سروشتیش تەنیا وەک کاڵایەکی مەسرەفی دەبینێت. ڕووداوەکەی تەفتان نیشانی دا کە سەرمایەداری لەو ناوچانەی کە لەژێر سێبەری ستەمی نەتەوەییدان، بە شێوەیەکی دووقات بووەتە ئامرازێک بۆ قووڵکردنەوەی هەژاری و لێکترازانی کۆمەڵایەتی. پەلاماردانی ژنانی بەلۆچ، بەشێکە لە میکانیزمی پارێزگاری لەم نەزمە نایەکسانە. تا ئەو کاتەی قازانج بەسەر ژیاندا و سەرکوت بەسەر مافی خەڵکدا زاڵ بێت، ڕووداوەکانی وەک تەفتان دووبارە دەبنەوە؛ مەگەر ئەوەی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی ناڕەزایەتیی پەرتەوازەوە پێ بنێتە قۆناغێکی بەرزتر و ببێتە هێزێکی ڕێکخراو بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و ڕیشەیی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە