فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کرانەوەی دۆسییەکی نوێ لەدژی هێمن خاستان
شەممە ۲۹-۰۷-۱۴۰۲   |  21-10-2023

هێمن خاستان، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە، سەرجەم بە ٧٤ مانگ و سێ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە، هەروەها دۆسییەی ناوبراو بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات، نێردراوەتە دادگای پێداچوونەوە و لەگەڵ دۆسییەیەکی نوێ لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادگای سنە بەرەوڕوو بووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێمن خاستان، لاوی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی شاری سنە، لە دوو کۆبوونەوەی دادگای چەند خولەکیدا، لە مانگی گوڵانی ئەمساڵ، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەمشارەوە بە تۆمەتی “کردەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی” بە سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ زیندان، بە تۆمەتی “بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی” بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی “دروستکردنی دەستە و گرووپ” بە ١٧ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان مەحکووم کراوە. شایانی باسە، ئەم حوکمە یەک حەفتە پاش بەڕێوەچوونی دووهەمین کۆبوونەوەی دادگای هێمن خاستان، ڕۆژی ٣١ی گوڵان بە شێوەی زارەکی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە. لەحاڵێکدا کە دۆسییەی هێمن خاستان لەلایەن پارێزەرەکەیەوە رادەستی داگای پێداچوونەوە کراوە، دۆسییەیەکی نوێ دژی ئەم هاووڵاتییە لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان”، لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادگای سنە بۆ ناوبراو کراوەتەوە. شایانی باسە، دوابەدوای هەڕەشەکان و گوشارەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە مەبەستی دەستبەسەرکردن و کردنەوەی دۆسییەی نوێ دژی هێـمن خاستان، ناوبراو ناچار بە چوونەدەرەوە لە وڵات بوو. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو لە ماوەی ٢٥ی ڕۆژ دەستبەسەرکرانیدا لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی شاری سنە، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی درابوو تاکوو دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگیردرێ. هێمن خاستان ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەر، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.