فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کرانەوەی پەروەندەیەکی نوێ لەدژی پەخشان عەزیزی
پێنجشەممە ۲۵-۰۵-۱۴۰۳   |  15-08-2024

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد کە لەم دواییانەدا بە تۆمەتی “بەغی” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو و لە یەک ساڵ لەمەوبەرەوە لە زیندانی  ئێڤین ڕاگیراوە، بە کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین، لە ژێر ناوی “ئاژاوە لە زیندان” لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تۆمەتبار کراوە.
یەکێک لە کەسانی نزیک لەو بەندکراوە سیاسییە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە، لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ و هاوکات لەگەڵ قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکانی چواردەیەمین خولی سەرۆک کۆماری لە ئێران، پەخشان عەزیزی لە مافی هەرچەشنە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە. جێگای ئاماژەیە، پەخشان عەزیزی سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای “ئەندامێتی لەو گرووپانەی کە دژ بە حکوومەتی ئیسلامی شۆڕشی چەکدارانەیان کردووە و ڕێبەرییەکەیان باغییە” حوکمی ئێعدام و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە “پژاک”، حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر پەخشان عەزیزی لە حاڵێکدا بووە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرەکانی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوە چووە.