فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کرێکاران، زەحمەتکێشان، ئینسانە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان! لە دەوری بەدیلی سۆسیالیستیی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی یەکگرن
سێشەممە ۱۸-۱۰-۱۴۰۳   |  07-01-2025

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پێشڕەوی و ڕێکخستنی شۆرایی چینی کرێکار و ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان لە جەریانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕوو لە گەشەی ئێستا و یەکگرتنیان لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکان بە ئاسۆ و ستراتێژی سۆسیالیستییەوەیە کە دەتوانێ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی  و موناسباتی چینایەتی زەمانەت بکات و ئاسۆی ڕزگاری لە هەموو نەهامەتییەکانی نیزامی سەرمایەداری بەڕووی کۆمەڵگادا بکاتەوە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەوڵەتی سەرچاوەگرتوو لە شۆڕش، دەبێ دەوڵەتێکی شۆرایی و کرێکاری بێت. ئەم دەوڵەتە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەرتەش، سپای پاسداران، هێزە ئینتزامییەکان و هەموو ئۆرگانەکانی سەرکوت و بوروکراتیکی دەسەڵاتدار و ناوەندەکانی تەبلیغ و ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی و بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای بنەڕەتیی و باقیی یاسا دژەئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە چەکدارکردنی کرێکاران و خەڵکی شۆڕشگێڕ بۆ بەرگری لە ئازادی، بۆ سەرکوتی موقاومەتی دژەشۆڕشی کۆماری ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی هەر هێزێک بۆسەر ئازادی و مافەکانی خەڵک، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنێت و بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێوشوێنە بنەڕەتییانەی خوارەوە، وەک مانای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، پێشڕەویی شۆڕشی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەر دەکات:

١ – بەرقەرارکردنی دەسەڵاتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ڕێگەی ئۆرگانەکانی جێبەجێکردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک. پەرەپێدانی شۆراکان لە شوێنی کار و ژیان هەتا ئاستی شاری و ناوچەیی و سەرتاسەری لە جیاتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وێڕای زەمانەتکردنی مافی دەنگی گشتی، ئازاد، نهێنی و بەرابەر بۆ هەموو هاووڵاتییان بە بەکارهێنانی هەموو شێوازەکانی بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەری. هەر کەسێکی سەرووی ١٦ ساڵ مافی ئەوەی هەیە خۆی کاندید بکات و هەر پۆستێکی هەڵبژێردراوی هەبێت. مافی لەسەرکار لابردنی نوێنەران لەلایەن هەڵبژێران، لە هەموو ئاستەکاندا، هەر کاتێک کە زۆرینەیان ئیرادە بکەن.

٢ – دەستبەسەرکردن، موحاکمە و سزادانی سەرانی کۆماری ئیسلامی لە دادگا گشتییەکاندا.

٣ – ئازادیی سەرجەم بەندکراوانی سیاسی. هەڵوەشاندنەوەی “تاوان”ی سیاسی و نەمانی زیندانی سیاسی. هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان. هەڵوەشاندنەوەی ئەشکەنجەدان.

٤ – بەتەواوی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و پەروەردە. ئازادیی مەزهەب و بێ مەزهەبی. هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاسا ئایینییەکان، کۆکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ناوەند و دامەزاوە ئایینییە حکوومەتییەکان. دەستبەسەرداگرتنی موڵک و دارایی هەموو دامەزراوەکانی بەرهەمهێنەری جەهل و خورافە و تەرخانکردنی بۆ پێداویستییە دەستبەجێکانی خەڵک.

٥ – بەرقەرارکردنی کۆنتڕۆڵی کرێکاری بەسەر بواری بەرهەمهێنان و دابەشکردندا.

٦ – دابینکردنی بژێوی ژیان و ڕەفاهی هەموو هاووڵاتیان بەپێی ستانداردەکانی دنیای ئەمڕۆ، لەلایەن شۆرا و ناوەندەکانی هەڵبژێردراوی کرێکاران. دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو کەسانی ئامادەبەکاری سەرووی ١٦ ساڵ و سەرجەم کەسانێک کە بە هۆکاری جەستەیی یان دەروونی توانای کارکردنیان نییە. زەمانەتکردنی پەروەردە و تەندروستی بێبەرامبەر بۆ هەموو هاووڵاتییان.

٧ – هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرەکانی جیاکاری و ستەمی ڕەگەزی لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی. ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنی تەواو و بێ شەرت و مەرجی یەکسانیی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی دەرفەتی یەکسان بۆیان لە هەموو بوارەکاندا.

٨ – قەدەغەکردنی کاری پیشەیی بۆ منداڵان. دابین و زەمانەتکردنی بەهرەمەندبوونی هەموو منداڵان لە پەروەردە و تەندروستی و شادی و پێکهێنانی دۆخێکی گونجاو بۆ گەشە و پشکوتنی تواناکانیان. بە تاوان پێناسەکردنی هەرجۆرە دەستدرێژییەکی سێکسی بۆسەر منداڵان و پاراستنی منداڵان لەلایەن دەوڵەتەوە.

٩ – سڕینەوەی هەموو جۆرەکانی ستەم و جیاکاری و نایەکسانی لە کۆمەڵگا لەڕێگەی ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی بەرابەریی مافی هەموو هاووڵاتییان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، ئایین، نەتەوە و نەژاد. ڕیشەکێش کردنی ستەمی نەتەوەیی و چارەسەکردنی پڕسی نەتەوەیی لەڕێگەی بەڕەسمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووس و مافی جیابوونەوە بەپێی هەڵبژاردن و دەنگی خۆیان. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە هەمان کاتدا خوازیاری یەکگرتوویی ئازادانە و خۆبەخشانەی هەموو دانیشتووانی ئێرانە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەم یەکگرتووییە بە قازانجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە.

١٠ – ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بیروباوەڕ، ڕادەربڕین، چاپەمەنی، کۆبوونەوە، ڕێکخراو، تەحەزوب و مانگرتن. قەدەغەکردنی پشکنینی بیروباوەڕ.

١١- هەڵوەشاندنەوەی نهێنییەکانی بازرگانی. هەڵوەشاندنەوەی دیپلۆماسیی نهێنی.

١٢ – ڕێوشوێنی دەستبەجێ و پلانی درێژخایەن بۆ پاراستنی ژینگە و سەرچاوە گرینگەکانی ئاو و خاک و هەوای سالم.

١٣ – بەرقەرارکردنی خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتی بەسەر کەرتە سەرەکییەکانی پیشەسازی، بانکی، خزمەتگوزاری و بازرگانی لە سەردەمی گوزاری شۆڕشگێڕانەدا.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە جێبەجێکردن بڕگەکانی سەرەوە بۆ سۆسیالیستەکان و چینی کرێکار و بەرەی چەپی کۆمەڵگا، واتا و ناوەرۆکی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان کرێکاران و زەحمەتکێشان، کۆمۆنیستەکان و ڕەوتە سیاسییە چەپ و شۆڕشگێڕەکان، ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەرییەکان، بزووتنەوەی بەرابەریی ژن و پیاو و باقیی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەژێر یەک ئاڵای سۆسیالیستیدا بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامی خەبات بکەن.

کرێکاران، زەحمەتکێشان، ئینسانە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان

لە دەوری بەدیلی سۆسیالیستیی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی یەکگرن. ئەم ئاڵتێرناتیڤە خاوەن هێزەێکی مەزنە. کرێکاران و زەحمەتکێشان کە لە چەوسانەوە و هەژاری و بێمافی و سەرکوت وەگیان هاتوون، ئەو ژنانەی لەئاستێکی بەریندا بەرەنگاری هەڵاواردنی ڕەگەزی و جیاکاریی پیاوسالاری بوونەتەوە، ئەو گەنجانەی لە بێکاری و بێ داهاتوویی وەگیان هاتوون، ئەو خەڵکەی لەدژی کارەساتەکانی ژینگە و داماویی ڕژیم بزووتنەوەیەکی بەرینیان خستووەتە ڕێ، ئەو ئازادیخوازانەی خوازیاری نەمانی ئیستبداد و بەرقەرارکردنی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بیروباوەڕ، ڕادەربڕین و ڕێکخراون، هەموو ئەو کەسانەی بۆ نەمانی ستەم و هەڵاواردن و دەستەبەرکردنی ئازادی و بەرابەری تێدەکۆشن، ئەم جەماوەرە مەزنە دەتوانن و دەبێ جێگای خۆیان لە بەرەی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستیدا پەیدا بکەن.