فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کرێکارانی ئازیز! خۆکوشتن ڕێی نەجات نییە، با ئیرادەمان یەکبخەین
دوشەممە ۲۶-۰۸-۱۴۰۴   |  17-11-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، “فەریدون ڕۆستەمی”، خاوەن بڕوانامەی کارناسی و کارمەندی بەئەزموونی شارەوانیی شارۆچکەی کانی دیناری مەریوان، بەهۆی گوشارە بەردەوامەکانی مەئموورانی حەراسەتی ئەو ناوەندە، هەوڵی خۆسووتاندنی دا. لەدوای ئەو هەوڵە، هاوکارەکانی توانییان بە بەکارهێنانی کپسولی ئاگرکوژێنەوە و لەنێو گەمارۆی هێزە ئەمنییەکاندا، ژیانی ڕزگار بکەن. هەروەها، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، “شاهۆ سەفەری”، تەمەن ٣٤ ساڵ و باوکی دوو منداڵ کە یەکێک بوو لە کارمەندانی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی سنە، لە ناڕەزایەتی بە دواکەوتنی حەقدەست و مووچەی چوار مانگی، لە بەردەم بینای ئاگرکوژێنەوەدا هەوڵی خۆسووتاندنی دا. ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لە پارێزگای لوڕستان، “کورش خەیری”، کرێکاری بەشی گواستنەوە، کە بەهۆی دەرکران لە کار و وەرنەگرتنی مووچەی دواخراو تووشی گوشارێکی دەروونیی توند ببوو، لە هەوڵێکی ناڕەزایەتیدا لە حەوشەی شوێنی کارە پێشووەکەی خۆی سووتاند. لە ١١ی خەزەڵوەریشدا، “ئەحمەد بالدی”، خوێندکاری ٢٠ ساڵەی بەشی نەخشەکێشیی بیناسازی، لە ناڕەزایەتی بە ڕووخاندنی چێشتخانەی بنەماڵەکەی لە ئەهواز، لە بەردەم مەئموورانی شارەوانیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەر گیانی لەدەست دا. تەنها ئەم چەند نموونەیە و دەیان نموونەی دیکەی تراژیدیای خۆکوشتنی کرێکاران، دەریدەخەن کە هەژاری و دەستکورتی، کارەساتی بێکاری و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین پێداویستی و ئیمکاناتی ژیان، چۆن سێبەری ترسناکی خۆی بەسەر کۆمەڵگای کرێکاریی ئێراندا کێشاوە و ژیان و ئارامیی دەروونیی کرێکاران و بنەماڵەکانیانی هەژاندووە.

هەموو ئەم تراژیدیایانە خاڵێکی هاوبەشیان هەیە: گوشاری لەڕادەبەدەری ئابووری، نەبوونی ئەمنییەتی شوغڵی، سڕینەوەی تەواوەتیی ئامرازەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتی و بنبەستی پێکهاتەیی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی. ئەم مردنانە ناتوانرێت تەنها وەک تراژیدیایەکی تاکەکەسی سەیر بکرێن؛ بەڵکوو بەڵگەی زیندووی توندوتیژیی سیستماتیکن و هاوارێکی کپکراون کە لە نەبوونی هەر دەرفەتێکی دیکە بۆ ناڕەزایەتی، بە شێوەیەکی دڵتەزێن خۆیان دەردەبڕن. کرێکارێک کە چەندین مانگە حەقدەستی وەرنەگرتووە، کرێکارێک نانی شەوی نییە، کرێکارێک شەرمی سەیرکردنی چاوی منداڵەکانی دایدەگرێت، کرێکارێک ئەمنییەتی شوغڵیی نییە و بچووکترین ناڕەزایەتیی بە هەڕەشە و دەرکردن وەڵام دەدرێتەوە، لە ڕاستیدا لە گەمارۆیەکی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گیری کردووە. خۆکوشتنی کرێکار هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو بەرهەمی سیستمی سەرمایەدارییە کە بەرەو ئەو ئاقارە پاڵی پێوە دەنێت. ئەمە واقعییەتی تاڵی توندوتیژیی بێسنووری سەرمایەیە؛ توندوتیژییەک کە لە قاڵبی گرێبەستی کاتی، بەتایبەت کردن، سەرکوتی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و سەندیکاکان، گرانیی لەڕادەبەدەر و قەرزی زۆر، بەسەر جەستە و دەروون و ژیانی چینی کرێکاردا دەسەپێت.

سەرمایەداران، خاوەنکاران و دەوڵەتە ئیسلامییە پشتیوانەکانیان، هەمیشە هەوڵ دەدەن خۆکوشتن بە “کێشەی تاکەکەسی”، “تێکچوونی دەروونی” یان “لاوازیی شەخسییەتی”ەوە ببەستنەوە. ئەمە ڕێک ئەو ڕەوایەتەیە کە دەیەوێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی دەسەڵات بکاتەوە. بەڵام واقعییەتی مەیدانی و توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان شتێکی تر دەڵێن. زۆرینەی ئەو کرێکارانەی هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، پێش ڕووداوەکە ژیانیان لەژێر باری قەرز، بێکاری، شەرمەزاری لە دابیننەکردنی کەمترین پێداویستییەکان و لە نائومێدیی موتڵەقدا بووە. زۆربەیان لەدوای چەندین مانگ حەقدەستی دواخراو، دەرکرانی لەناکاو یان گوشاری خاوەنکار گەیشتوونەتە ئەم ئاستە. هیچ کام لەو کرێکارانەی لەم هەفتانەی دواییدا گیانیان لەدەست دا، لە “پشتگیریی کۆمەڵایەتی، یەکێتی یان ڕێکخراوی پیشەیی ڕاستەقینە” بەهرەمەند نەبوون. سەرمایەداری بە قەیران‌سازی، هەژاری و سەرکوت، کرێکار دەباتە لێواری هەڵدێر و پاشان کۆمەڵگا ناچار دەکات کە ئەو بە تاوانبار بزانێت.

گومان لەوەدا نییە کە خۆکوشتنی کرێکاران، فەریدون ڕۆستەمی، شاهۆ سەفەری، کورش خەیری و ئەحمەد بالدی، جۆرێکە لە ناڕەزایەتی، لەسەر بنەمای بێتوانایی و بێدەسەڵاتی، دژبە موسیبەتەکانی سیستمی سەرمایەداری لەژێر دەسەڵاتی گەندەڵی ئیسلامیدا. خوکوژی پەناگەیەکە کە مرۆڤی ناڕازی و لەخۆنامۆ لەڕووی بێتواناییەوە پەنای بۆ دەبات. ناڕەزایەتییەکی بێهیوایانەیە دژبەو دەسەڵاتە گەندەڵ و تەماحکارەی کە بەرهەمی کاری کرێکار داگیر دەکات، بەڵام حازر نییە بەهای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار، کە دەبێتە تێچووی پێداویستیی ڕۆژانەی کرێکار و بنەماڵەکەی بۆ دابینکردنی خۆراک و پۆشاک و تەندرووستی، بدات. گرانیی بێسنوور و ڕەهەندەکانی هەژاری و نەهامەتی کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداراندا بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگادا سەپێنراوە، هۆکاری ئەم خۆکوشتنانەیە. بۆیە نابێت قوربانییانی خۆکوشتن بەهۆی پەنابردنیان بۆ ئەم بێ‌پەناییە، مەحکووم بکرێن.

پێویستە سەرەنج بدرێتە ئەو بابەتە کە چلۆن حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ژیان و گیانی خەڵکی بە بارمتە گرتووە. چلۆن بە لەشکری بەرینی سپاهی و هێزی ئەمنییەتی، بە ژمارەی بەرینی زیندان و ئەشکەنجەخانەی جەستەیی و دەروونی و بە کەرەستەی مەرگ، هەر ناڕەزایەتییەک دژبەم باروودۆخە بە سەرکوت وڵام دەداتەوە. چۆن دەتوانین سەیری ملیۆنان کرێکار و ئینسانی ڕەهاکراو لەناو هەژاری و نەهامەتی بکەین کە لەلایەن کەمینەیەکی دەسەڵاتدار و زەرووسفەتەوە ئەم باروودۆخەیان بەسەردا سەپاوە؟ بە سەرزەنشت و مەحکوومکردنی دیاردەی خۆکوژی و سەرزەنشتی قوربانییانێک کە ئێستا لەنێو ئێمەدا نین تا لە مافی خۆیان دیفاع بکەن، ناتوانین ڕیشەی دیاردەی خۆکوژی وشک بکەین. پێویستە بەرەنگاری ئەو نیزامە کۆمەڵایەتییە ببینەوە کە تێیدا مرۆڤ سەرەڕای بوونی ملیۆنان کەس لە هاونەوعەکانی، هەست بە تەنیایی دەکات. بێگومان، کۆمەڵگایەک کە تێیدا فەریدون، شاهۆ، کورش و ئەحمەد بالدی بەمجۆرە بەرەوپیری مەرگ دەچن، کۆمەڵگەیەکی یەکجار نەخۆشە. هۆکاری ئەم خۆکوژییانە، ئەو ئەشکەنجە ئاشکرا و نهێنییانەن کە گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری بەسەر ئەم قوربانییانەیدا دەسەپێنێت. بۆ وشک کردنی ریشەی خۆکوشتن وەک بەڵایەکی کۆمەڵایەتی، دەبێ پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێستا بگۆڕدرێت.

لە باروودۆخی ئێستادا ئەگەرچی گرانیی بێسنوور، دابەزینی توانای کڕینی کرێکاران و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری باروودۆخێکی یەکجار دژواری بەسەر کرێکاران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەدا سەپاندووە و لەشکری گەورەی بێکاران، دەستی سەرمایەداران و خاوەنانی سەنعەتی بۆ توندکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران ئاواڵە هێشتووەتەوە، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە هێزێکی کۆمەڵایەتیی وەگیانهاتوو و ناڕازیی بەشێوەی جەماوەری هاتووەتە مەیدان کە بەردەوام ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرمایەداران  و خاوەنکاران و دەسەڵاتی ئیسلامی توندتر دەکاتەوە و بەرەو ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی هەنگاو هەڵدەگرێت. دەبێ باوەڕ بە هێزی خۆمان بکەین. پێویستە تیغی هەژاری و بێکاری بخرێتە سەر گەردنی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران. پێویستە بە کاری ماندوویینەناسانەی وشیاریدەرانە و ڕێکخەرانە ڕێگە نەدەین هیچ هاوڕێیەکی کرێکار، بەتایبەت کرێکارانی لاو و کەم ئەزموون، لەناو ئەم لەشکرە مەزنەی کرێکاران و هەژارانی کۆمەڵگەدا، هێندە لە تەنیایی خۆیاندا نوقم بن کە پەنا بۆ بێپەنایی و نابوودیی خۆیان بەرن. 

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv