فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کرێکارانی نەوت حوکمی شەلاق دژبە کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهوازیان مەحکووم کرد
دوشەممە ۱۰-۰۷-۱۴۰۲   |  02-10-2023

شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت و شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی غەیری ڕەسمیی نەوت (ئەرکانی سالس) لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەشەوە ئەحکامی دەرکراوی شەلاق، زیندان و جەریمەی نەغدییان بۆ کرێکارانی ناڕازیی فوولادی ئەهواز بەتوندی مەحکووم کرد. دەقی تەواوی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:

مەحکوومکردنی کرێکارانی ناڕازیی گرووپی میللی، کردەوەیەکی وەحشیانە لە دژی هەموو کرێکارانە

لقی دوازدەی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەهواز دژبە حەفدە کرێکاری ناڕازیی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز بەخاتری ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە گەندەڵیی بەڕێوەبەران، لەخوارێبوونی ئاستی حەقدەست و بەکردەوە دەرنەهاتنی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشەکان، بەوپەڕی بێشەرمییەوە حوکمی زیندان و شەلاقی دەرکرد.

ئێمە دوو ڕێکخراوی کرێکاری ناوەندەکانی نەوت، شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت و شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی غەیری ڕەسمیی نەوت (ئەرکانی سالس)، نەفەرەت و بێزاریی خۆمان بەرامبەر بەم حوکمانە کە ئەوپەڕی بەربەریەت و سووکایەتییە بە کرێکاران، ڕادەگەیەنین.

بەپێی ئەم ئەحکامە دڕندانەیە ئەم حەفدە کرێکارە بە جەزای نەغدیی دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار تمەن لەجیاتی سێ مانگ زیندانی و بە سزای وەحشیانە و کۆنەپەرستانەی ٧٤ زەربە شەلاق مەحکووم کراون.

تۆمەتی ئەوان “تێکدانی نەزمی گشتی لەڕێگەی دروستکردنی ئاژاوە” ڕاگەیەندراوە. تێکدانی نەزمی گشتی، لەڕاستیدا دیفاعی کرێکاران لە مافەکانیانە بەرانبەر بە سەرمایەدارانی مفتەخۆر و تاڵانکەر. ناوی ئەم کرێکارانە بریتین لە: مێهدی وەلی پوور، ڕەعید عەبیداوی، تارق خەلەفی، سەید ڕەسووڵ حەراگ، نادر حەردانی، عەلی نادری، مێهدی نەگراوی، مەسعوود حەیدەری، عەبدولحسێن حەمیدپوور، مستەفا عەبیات، عەبدولکەریم سیاحی، کازم حەیدەری، عەلی ئیلاهیفەر، هادی وائلی زادە، حەسەن جاوید حەموودی و غەریب حویزاری.

بەمجۆرە دەزگای قەزای و باسکی سەرکوتی واتە حەراسەتی شوێنی کار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گەندەڵی شیرکەت وەها حوکمێکیان بۆ تەنبێ کردنی کرێکاران دەرکردووە. چونکە ئەساسەن ئەم پەروەندەیە بەدوای سکاڵای “شیرکەتی سەنعەتی و بازرگانی شەفەق ڕاهیان ئۆکسین” واتە خاوەنکاری ئەم شیرکەتە و ڕاپۆرتی حەراسەتی کارخانە دژبە کرێکارانی ناڕازیی گرووپی میللی کراوەتەوە و ئەمەش داستانێکە کە لە هەموو شوێنەکانی کار لەئارادایە. لە شوێنە جیاجیاکانی سەنعەتی نەوت ئێمە کرێکاران بەهۆی ئەمجۆرە پەروەندەسازییانەوە دەستگیر و زیندانی کراوین بەڵام بەردەوام خەبات و بەرەنگاربوونەمان درێژەداوە.

ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە وێڕای ڕاگەیاندنی بێزاری و ناڕەزایەتیمان لەئاست حوکمی دەرکراو بۆ کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز، هاوپشتیی خۆمان لەگەڵ ئەم کرێکارانە و لەگەڵ هەموو کرێکارانی گرووپی میللی ڕادەگەیەنین و لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم ئەحکامە قیزەون و وەحشیانەیە تەئکید دەکەین.

ئێمە بەر ئەرکی خۆمانی دەزانین کە دەنگی ناڕەزایەتیمان بەرامبەر بە وەها حوکم و سزا گەلێکی کۆنەپەرستانە بەرز بکەینەوە.

سزای لێدانی قەمچی و شەلاق پێویستە بۆ هەمیشە قەدەغە بکرێت.

کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی و ڕێکخراو مافی ڕەوای هەموو کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکە. ڕێگە نادەین کەرامەت و مافەکانی ئێمە کرێکاران بەم شێوەیە کایەی پێبکرێت.

لەو بابەتە ئاگادارین کە حکوومەت بە ناڕەزایەتیی ئێمە کرێکاران و خەڵک گەمارۆ دراوە و بەخاتری نیگەرانیی بەرینی لەئاست پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان دەست بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەوە دژەکرێکارییانە دەبات، بەڵام ئێمە نابێ ڕێگە بدەین و ڕێگەش نادەین.

پێویستە لە ئاستی سەرانسەریدا دەنگی ناڕەزایەتیمان لەدژی ئەم حوکمە وەحشیانەیە بەرز بکەینەوە و لە کرێکارانی ناڕازی چالاکانە دیفاع بکەین.

شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت

شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی غەیری ڕەسمیی نەوت (ئەرکانی سالس)

ڕەزبەری ١٤٠٢