ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە قەیرانی قووڵی ئابووریدا نوقم بووە و توانای وەڵامدانەوەی داواکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ستەملێکراو و چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگای نییە، لای وایە توانیویەتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەری دە مانگی ڕابردوو سەرکوت بکات و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە بفەوتێنێ. ئەم دەسەڵاتە کە توانای دابینکردنی پێداویستیی سەرەتایی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی نییە، بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی دەیهەوێ بۆ جوبرانی شکستەکانی بەرەنگاری ژنانی ئازادیخواز بێتەوە کە لە جەرگەی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا پایەی ئایدیۆلۆژیکی نیزامی ئیسلامییان خستە لەرزە. ژنان بە ڕۆڵی پێشەنگیان، نیشانیاندا کە سەردەمی داسەپاندنی یاسای کۆنەپەرستانە و دژەژنی ئیسلامی و حیجابی ئیجباری بەسەرچووە.
بەدوای ناڕەزایەتیی خوێندکارانی خەباتکاری زانکۆی هونەر، خونێدکارانی زانکۆی “عەلامە تەباتەبایی”ش بەرانبەر بە کردەوەی وەحشیانەی لات و چەقۆکێشەکانی حەراسەت کاردانەوەیان نیشان دا. ڕۆژی سێشەممە شەشی مانگی پووشپەڕ یەکێک لە بەرپرسانی بەکرێگیراوی حەراسەت بەخاتری ڕەعایەت نەکردنی حیجاب هێرشی کردە سەر سێ خوێندکار و سەری یەکیانی بە دیواردا کێشا و سووکایەتیی پێکردن. ڕۆژی چوارشەممە حەوتی مانگی پووشپەڕ خوێندکارانی خەباتکاری ئەم زانکۆیە بەیاننامەیەکی جەمعییان لەژێرناوی “بۆ مەحکوومکردنی توندوتیژی” دەرکرد. لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا نووسییان: “سەری ئێمەیان شکاند، بەڵام بیری ئازادی لەناو سەرمان و باوەڕ بە سەرکەوتن لە دڵماندا ڕیشەی داکوتاوە و بنبڕ ناکرێت. لە خەرمانانی خوێناوییەوە کە لەسەری ژینایان دا تا سەری ئەو هاوڕێیەی دۆینێ بە دیواریاندا کوتا، نیشانەی تێگەیشتنیانە لەوەیکە ئەگەر لە شوێنێک کەسێک کوتی “نا”، سەرێکی لێیە کە بەپێچەوانەی ئێوە لە ئیجارەی دەسەڵاتدا نییە. ئەمڕۆ دەستبەسەرکردن و تەعلیق و توندوتیژی بۆ ئەوەیە تا ئیمکانی تەخەیول و توانای وتنی “نا” لەناو بەرن و بمانکەنە کەسانێکی مونزەبت کە بەخاتری مەدرەک نابینا بین. ئەوە بزانن کە تاریکایی بەسەر ئێمەدا ناتوانێ زاڵ بێت. چونکە لە تاریکایی شەودا بەرەبەیانی سەرکەوتنمان بینیوە”. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەی لێبڕاوانەی کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی “عەلامەی تەباتەبایی”دا هاتووە: “ئێستا گوێمان کراوەیە، دەنگی نەویدی ئەفکاری و نیکا تا دەنگی ئەمڕۆی توندوتیژیی حەراسەت دژبە زانکۆی مودیریەت، ئەم دەنگانە وەک سەربەدارانمان و وەک لالەکانی خەڵتانی خوێنکراومان لەیاد ناکەین. لە بەرامبەرتاندا دەوەستینەوە تا ئەو ڕۆژەی لە زانکۆکاندا هەڵاواردنی ڕەگەزی، کاڵاییکردنی پەروەردە و بێبەریکردن بەبیانووی سیاسی، دینی و عەقیدەتی نەمێنێت. زانکۆیەک کە تێیدا زیندان لە ئاسۆیدا نەبێت و بێ هەراس لە حەراسەت بتوانین لە هەوای ئازاددا نەفەس بکێشین، بیر بکەینەوە و ڕەنج و ئازارمان کەم بکەینەوە”. لە بەشی کۆتایی خوێندکارانی خەباتکاری زانکۆی “عەلامەی تەباتەبایی” بە دانی ئۆڵتیماتۆم بە کارگێڕانی ڕژیمی جەنایەتکار و دژەژنی ئیسلامیی و بە دەربڕینی هاوپشتی لەگەڵ جەماوەر، مژدەی بەردەوامبوونی خەبات تا سرکەوتنی یەکجاری و دیفاع لە دەستکەوتەکان دەدەن و دەڵێن: “ئێمە سەرەتا هاوڕێ لەگەڵ خەڵک بۆ ژیان تێدەکۆشین و دواتر لە زانکۆ بۆ بڕوانامە و مەدرەک. هێزی ژیانبەخشی ئێمە لە وەدیهێنانی “نا”یەکانمان، زیاترە لە هۆگرایەتیتان بە “ئەرێ”وێژەکانتان. هیچ کەس قەرار نییە ملکەچتان بێت”
سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دوای دە مانگ شکست و زەبوونی بەرامبەر بە ئیرادەی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و توێژەکانی تری کۆمەڵگا کە خامنەیی جەنایەتکار پێیان دەڵێ ئەرازل و ئەوباش، هێستا نایانهەوێ تێبگەن کە لە جەرگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری دژبە کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی خوێندکاری بەتەنیا نییە و لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا پشتیوانی یەکترن. شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانی نەوت ڕۆژی پێنجی مانگی پووشپەڕ لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە لە ژنانی ئازادیخواز و بەتایبەت خوێندکارانی زانکۆی هونەر حمایەت و پشتیوانیی کرد. لە بەشێک لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە: “ئێمە کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی هونەر وەستاوین و بە ڕیزی هاوپشتی و یەکگرتوویی دژبە حیجابی ئیجباری و هەڵاواردنی ڕەگەزی پەیوەست دەبین و یەکدەنگ دەڵێن “نا”. خوێندکاران، مەهسا و مەهساکان، کە بەخاتری حیجاب کوژران، هەموویان ڕۆڵە و کەسوکاری ئێمەن. توندوتیژیی حکوومەت دژبە ژنان و گوشار بۆ گەڕاندنەوەی حیجاب بۆسەر ژنان، هێرش بۆسەر ئێمە کرێکاران و خەڵکە و هێرش بۆسەر ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی”یە. ئێمە گەلێک جار هاوارمان کردووە تا کەی توندوتیژی دژبە ژنان و زۆروێژی بەخاتری حیجاب و داسەپاندنی برسیەتی و هەژاری بەسەر کۆمەڵگا؟ چیتر ئەم سەرکوتگەرییانەمان بۆ تەحەمول ناکرێ. ئێمە کرێکارانی ڕێکخراو لە شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت، لێبڕاوانە لە ئیعتڕازی خوێندکارانی زانکۆی هونەر و خوێندکاران لە هەموو زانکۆکان پشتیوانی دەکەین و دژی داسەپاندنی حیجاب و پۆششی ئیجبارین بەسەر ژناندا. مافی ئازادیی پۆشین، مافێکی سادە و سەرەتایی و لانیکەمی هەموو خەڵکە. ناڕەزایەتی مافی ڕەوای ئێمە کرێکاران و هەموو ئەو خەڵکەیە کە دژبە زوڵم و ستەمی ٤٤ ساڵەی حکوومەتی ئیسلامی و سەرکوت ناڕازین. ئێمە کرێکاران هوشدار دەدەین کە ئەگەر سەرکوتی ژنان و تەعەڕوز بۆسەر زانکۆکان درێژەی بێت و کۆتایی بە ئەزیەت و ئازاری ژنان نەهێنن، بێدەنگ نابین و یەکدەنگ لەگەڵ هەموو خەڵک، دەست لە کار دەکێشێنەوە و دەست دەدەینە ناڕەزایەتی و ئیعتڕازاتی بەرین. پەیامی ئێمە کرێکاران ببیستن.
ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئسیلامی داماوانە هەوڵ دەدات ئاوی ڕۆیشتوو بگەڕێنێتەوە ناو جۆگە و ژنانی ئازادیخواز و خەباتکار بگەڕێنێتەوە ژێر حیجابی ئیسلامی. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لەگەڵ گەشە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری بەرەوڕووە. قەیرانی هەمەلایەنە و ئابووری داڕماوی نیزامی ئیسلامی بە هێرشی سازماندراو و ڕاگەیاندنی شەڕ دژبە ژنانی بێ حیجاب کۆنتڕۆڵ ناکرێت. هەر لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا شایەدی شەپۆلێک لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشیان، مامۆستایان، خوێندکاران و توێژەکانی تری خەڵکی وەگیانهاتوو لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بووین. بێگومان دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران کە بێجگەلە سەرکوت و کوشتار، توانای وەدیهێنانی سەرەتاییترین خواستی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان و توێژەکانی تری کۆمەڵگای نییە، و ژیان و گوزەرانیانی نوقمی هەژاری و تەباهی کردووە، تەمەنی نگریسی کۆتایی هاتووە و دەبێ بڕوات.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە