فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران و ناوچەکە لەژێر سێبەری شەڕێکی کۆنەپەرستانەدا؛ با دەرس لە ئەزموونی شەڕی دوازدە ڕۆژە و شەڕی چل ڕۆژە وەربگرین
چوارشەممە ۲۳-۰۲-۱۴۰۵   |  13-05-2026

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گوڵان، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆماری ئیسلامی “ئیرنا” ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی وەڵامی فەرمیی خۆی بە دوایین دەقی پێشنیارکراوی دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕ، لە ڕێگەی دەوڵەتی پاکستانەوە بە ئەمریکا داوە. وەڵامی کۆماری ئیسلامی بە دەقە ١٤ خاڵییەکەی ئەمریکا بە چەند ڕۆژ دواکەوتنەوە نێردرا. ترامپ لە کاردانەوە بە وەڵامی ڕژێمی ئیسلامی بە تۆنێکی هەڕەشەئامێزەوە ڕایگەیاند کە جێگەی قبووڵ نییە. بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنیی “ئەلمەیادین”ی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان، وەڵامەکەی کۆماری ئیسلامی زیاتر داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەخۆ دەگرێت. لەوانە: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ بە شەڕ، پێدانی زەمانەت بۆ بەردەوامیی ئاگربەست، هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، ئازادکردنی سەرمایە بلۆکەکراوەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە و ئازادیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران. هەڵبەت سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامیش بە مەسەلەی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕ لەلایەن ئەمریکاوە و سەلماندنی سەروەریی کۆماری ئیسلامی بەسەر گەرووی هورمزدا لە وەڵامەکەی بۆ ئەمریکا، ئاماژەی کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ناوکییەکەی خۆی ڕەتکردووەتەوە و تەنیا بە هەڵپەساردنی مەرجداری پیتاندنی یۆرانیۆم ڕازی بووە، لە بەرامبەردا پێشنیاری کردووە کە ئامادەیە “بەشێک لە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکە ڕێژەی کەم بکاتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بیگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جگە لە ئەمریکا”. وەڵامی کۆماری ئیسلامی بە پێشنیارەکەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرەڕای بوونی ئاگربەست، هێرش و تێکهەڵچوونە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا کەم تا زۆر بەردەوام بوون؛ لەوانە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە ئاوەکانی قەتەر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، هەروەها هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کووەیت کراوە و کۆماری ئیسلامیش هەڕەشەی کردووە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی، ئەوا هێرش دەکاتە سەر بنکە و ناوەندەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پەرەسەندنی ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ترامپ و سەرچاوەکانی دیکەوە باس لە دروستبوونی جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستانێکی ٣٠ ڕۆژە لەسەر بەرنامەی ناوکی و لابردنی گەمارۆکان و دۆخی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوونەکان کراوە. پەلەکردنی ترامپ بۆ وەرگرتنی وەڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ گەڵاڵە پێشنیارکراوەکەی ئەمریکا، پەیوەندی بە دیدارەکەی لەگەڵ “شی جین پینگ” ڕێبەری چین لەم هەفتەیەدا هەبوو. وەڵامی کۆماری ئیسلامی و پێداگری لەسەر ئەو هەڵوێستانەی کە باس کران لەلایەن ناوەندی سەرکردایەتیی سوپای پاسدارانەوە کە بڕیاردەری سەرەکییە لە پرسە ستراتیژییەکاندا، لە کاتێکدایە کە مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ و هێرشە سەربازییەکان باڵی بەسەر ئێران و ناوچەکەدا کێشاوە. لە لایەک ترامپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا بە هەڕەشەکردن، بژاردەی سەربازی و دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان وەبیر دەهێننەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە ناتانیاهۆ ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گوڵان، جارێکی دیکە بە کوتانی دەهۆڵی شەڕ ڕایگەیاند کە شەڕ دژی کۆماری ئیسلامی کۆتایی نەهاتووە. ئەو، کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامیی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی پیتاندنی کۆماری ئیسلامی و دەرکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران.

هەڕەشەکانی سوپای پاسداران و پێداگریی لەسەر ئەو مەرجانەی کە لەگەڵ هاوسەنگیی هێزی ڕاستەقینە لە گۆڕەپانی شەڕدا یەکناگرێتەوە، لە کاتێکدایە کە دۆخی کارەساتباری ئابووری لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتربوون دەچێت و کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئێران لەگەڵ پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری و گرانییەکی بێ‌پێشینەدا دەستەویەخەن. کارەساتی بێکاری، هەڵاوسانی سێ‌ڕەقەمی، گرانی و دابەزینی بەردەوامی بەهای ڕیاڵ، زۆرێک لە ماددە خۆراکییەکان تەنانەت شیرەمەنی و دانەوێڵەکانی لە سفرەی کرێکاران و توێژە کەم‌دەرامەتەکانی دیکە سڕیوەتەوە. حکوومەتی ئیسلامی و سوپای پاسداران کە گەندەڵی و دزی و ڕانتخۆری لە پێکهاتەکەیاندا ڕەگی داکوتاوە، بە بیانووی بەڕێوەبردنی شەڕ لەگەڵ دوژمنی دەرەکی، هەموو ئیمکاناتێکی دارایی و خزمەتگوزارییان بۆ ئامادەکاریی جەنگی و کڕینی چەک‌وتەقەمەنی قۆرخ کردووە و خستوویانەتە خزمەت خۆیانەوە. لە وەها دۆخێکدا، بەردەوامیی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی، توندترکردنەوەی کەشوهەوای سەرکوت و هەڕەشەی ئاشکرای دامودەزگاکانی سەرکوت بۆ کپکردنی هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی دژی بەردەوامیی شەڕ و هەژاری و برسیەتی، لوتکەی ترس و دڵەڕاوکێی ڕژێمی ئیسلامی لە ئەگەری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات.

لەو هەلومەرجەدا، دەوڵەتی کارگێڕ و پاشکۆی پزیشکیان لە پێناو پشتیوانیکردن لە سیاسەتی شەڕخوازانەی حکوومەتی ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گوڵان، داوای لە خەڵک کرد کە خۆڕاگری و سیاسەتی ڕیازەتی ئابووریی زیاتر قبووڵ بکەن و گوتی: «دەبێ خەڵک واقیع‌بین بن و دۆخی وڵات و بەربەستە هەنووکەییەکان لەبەرچاو بگرن. ئارامگرتن و خۆڕاگری و مانەوە لە مەیداندا، جیهادی ئەکبەرە و لە شەهیدبوون سەختترە». بەڵام ئەگەر بۆ سەران و فەرماندەکانی حکوومەتی ئیسلامی و پزیشکیان و کاربەدەستانی دەوڵەت و دامەزراوە و ڕێکخراوە مفتەخۆرەکانی ڕووحانییەت، پڕوپاگەندەی خورافی و چەواشەکارانەی «جیهادی ئەکبەر و نۆشینی شەربەتی شەهادەت و بەرگریکردن لە حکوومەتی پیرۆزی ئیسلامی» فریوێکە بۆ بەردەوامیی گەندەڵی و دزی و ڕانتخۆری، ئەوا بۆ کرێکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی ئێران کە لەژێر باری قورسی هەژاری و بێ‌بەشیی ئابووریدا پشتیان چەماوەتەوە، هیچ سەبر و تەحەمولێکی نەهێشتووەتەوە.

لە وەها بارودۆخێکدا، ئەوەی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە خاوەنی گرنگییەکی چارەنووسسازە، هۆشیاربوونەوەیە بەم زەروورەتەی کە ئەمجارە بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی شەڕ و بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو، هۆشیارانەتر و ڕێکخراوتر لە جاران، خەبات دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی درێژە پێ بدەن و پەرەی پێ بدەن. بەپێچەوانەی ستراتیژیی پاشایەتیخوازە فاشیستەکان و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، شەڕی دوازدە ڕۆژە و شەڕی چل ڕۆژە سەلماندیان کە خەون‌ و خەیاڵی گەیشتن بە ئازادی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە ڕێگەی دەستتێوەردان و پەلامارە سەربازییەکانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکانەوە تا چ ڕادەیەک بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران زیانبەخش و کوشندەیە. ئەزموونی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو و نیوەگیانکردنی کۆماری ئیسلامی، لە هەمان کاتدا کە نیشانی دا ڕزگاربوونی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران لە چنگی ئەم ڕژێمە تەنیا بە دەستی خۆیان مسۆگەر دەبێت، ئەم ڕاستییەشی وەبیر هێنایەوە کە حکوومەتی ئیسلامی بەو پێکهاتەیەی کە هەیەتی، بە ناڕەزایەتییە خۆڕسکەکانی سەر شەقام و سەرهەڵدانە بێ‌ڕێکخراوەکان ناڕووخێت، بەڵکوو دەبێت پێداویستییەکانی ڕووخاندنی، بە واتای خۆڕێکخستن، پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری و بڵاوکردنەوەی وێنایەکی ڕوون لە واتای سەرکەوتن، دابین بکرێت. ئەم ئەزموونانە، وەک سەرجەم ئەزموونەکانی سەدەی بیستەم و سەدەی بیست‌ویەکەم، بۆ جارێکی دیکە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بەشداریی ڕێکخراوی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینە لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا و گرنگیی گرێدانی “کارخانە و شەقام”ی بۆ خولقاندنی هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پشتڕاست کردەوە.