میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، گرووپی کۆمپانیاکانی “ساڤولا”ی سعوودی، کە لە ئێران لە پیشەسازیی و بەرهەمهێنانی ڕۆنی زەیتدا کاری دەکرد، تەواوی هەبووەکانی لە کۆمپانیا و کاڵاکانی بەرانبەر بە ١٨٨ ملیۆن دۆلار فرۆشتووە و لە ئێران کشاوەتەوە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەو گرووپە، دابینکاری ٧٠ لەسەدی بازاڕەکانی ئێران لە بواری بەرهەمەکانی ڕۆنی زەیت، خۆراکە دەریاییەکان، خواردنی ئامادەی لە قوتوکراو و دروستکردنی شیرینی، بە تایبەتیش لە دابینکردنی ڕۆنی ڕووەکی دا بووە. گرووپی کۆمپانیاکانی ساڤۆلا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین لقی هەیە و بە گوێرەی میدیاکانی عەڕەبستانی سعوودی، کشانەوەی کۆمپانیاکە لە ئێران بەشێکە لەو پلانەی لە 2023 جێبەجێی کرد و لە بازاڕەکانی مەغریب و عێراق کشایەوە. جێگای ئاماژەیە، لەساڵی 2016 دوای تێکچوونەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تاران، بەهۆی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی عەڕەبستان لە تاران و کونسوڵخانەی گشتیی مەشهەد و داخرانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکان، ئەو کۆمپانیا سعوودییە ئامادە نەبوو لە بازاڕەکانی ئێران بکشێتەوە.