فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوبا لەژێر گوشاری گەمارۆی ئابووری و هەڕەشە سەربازییەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکادا
هەینی ۰۵-۰۴-۱۴۰۵   |  26-06-2026

ڕۆژێک دوای ئۆپەراسیۆنی یەکینە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا لە ڤێنیزوێلا و ڕفاندنی مادۆرۆ، ترەمپ لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە کوباش کێشەیە و باشترە تا درەنگ نەبووە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەم دواییانە لە ١٩ی ژوەنی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی “ئاکسیۆس” لە ئەمریکا هۆشداریی دا کە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی چەخماقاسا دژی کوبا، هاوشێوەی سیناریۆی ڤێنیزوێلا، هێشتا بژاردەیەکی ئەگەرکراوە و باسی لە ڕوانگەی خۆی بۆ پەرەپێدانی میلیتاریزم لە قاڕەی ئەمریکا لە میانی دووەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا کرد. ئەم لێدوانانە وەک درێژەی سزاکانی نوێی ئەمریکا دژی کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتیی کوبا و فەرمانی سەپاندنی باجی قورس بەسەر کاڵای ئەو وڵاتانەدا دێت کە نەوتی کوبا دابین دەکەن. ئەو سزایانەی کە گەمارۆی ئابووریی کوبایان لە ساڵی ٢٠٢٦دا توندتر کردووەتەوە. کوبا لە ناوچەی کاریبی وەک ناوەندێکی ناتەبا لەگەڵ نەزمی دڵخوازی سەرمایەداریی ئیمپریالیستیی ئەمریکا سەیر دەکرێت؛ ناوەندێک کە دەوڵەتە نیۆفاشیستەکەی ترەمپ دەیەوێت بە توندترکردنی ئەڵقەی گەمارۆی ئابووری، شەڕی دەروونی و هەڕەشە سەربازییەکان کە ژیان و کار و بژێویی ڕۆژانەی ملیۆنان مرۆڤی خستووەتە ژێر گوشارەوە، لەپێناو بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی خۆیدا چۆکی پێ دابدات.

لە ڕوانگەی ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە، ناوچەی کاریبی و ئەمریکای لاتین هەمیشە وەک “حەوشەی پشتەوە” سەیر کراون؛ جوگرافیایەک کە دەبێت تیایدا دەوڵەتە ناتەبا و سەربەخۆکان دەستەمۆ بکرێن یان سزا بدرێن و بڕووخێنرێن. ترەمپ بە ئاماژەدان بە مۆدێلی ڤێنیزوێلا و بە بیانووی “ئاسانتربوون”ـی هەنگاونان دژی کوبا لە ڕووی لۆجیستییەوە، زمانی ڕووتی هەمان سیاسەت بەکار دەهێنێت. تێکەڵکردنی گەمارۆی ئابووری و توندکردنەوەی سزاکان، هەڕەشە سەربازییەکان و لە کۆتاییدا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی جەنگی، پێکهاتە جیاوازەکانی سیاسەتی ئیمپریالیستیی دەوڵەتی ئەمریکا پێکدەهێنن. لێرەدا مەسەلەکە تەنیا کوبا نییە. مەسەلەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا دەیەوێت نیشانی بدات هەر دەوڵەتێک لە نیوەگۆی ڕۆژئاوادا لە بازنەی نەزمی ئیمپریالیستیی دڵخوازی ئەمریکا دەربچێت، ڕووبەڕووی سزای فرەڕەهەند دەبێتەوە. ترەمپ ئەم هەڕەشانە هەم بۆ داڕشتنەوە و نۆژەنکردنەوەی هێژمۆنییە ڕوو لە داڕمانەکەی ئەمریکا لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا دەقۆزێتەوە و هۆشداری دەداتە دەوڵەتانی ناوچەکە کە باجی سەربەخۆییی سیاسی قورس دەبێت، هەمیش پەیامێک دەداتە پێگەی ڕاستڕەوی توندئاژۆی بزووتنەوەی “ماگا” لە ناوخۆی ئەمریکادا کە پابەندی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنە. ترەمپ شێتانە و بە هەڕەشەوە باسی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوبا دەکات و بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، توندترکردنی ئەڵقەی گەمارۆ و شەڕی ئابووریی لەگەڵ هەڕەشەی سەربازیدا ئاوێتە کردووە.

دەوڵەتی ترەمپ بە بلۆکەکردنی هاوردەی نەوت بۆ کوبا و توندترکردنی ئەڵقەی گەمارۆی ئابووری، ئەم وڵاتەی ڕووبەڕووی قەیرانێکی گشتگیر و بێپێشینە کردووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بلۆکەکردنی هاوردەی نەوت بۆ کوبا بووەتە هۆی کەمبوونی توندی سووتەمەنی و زنجیرەی دابینکردنی خۆراک، گواستنەوە، سیستەمی ئاو، کارەبا و نەخۆشخانەکانی خستووەتە مەترسییەوە. کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوانە، کە لە ڕاستیدا شەڕێکی ئابووری و کۆمەڵکوژییەکی بێدەنگە، “بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە دەرەکییەکانی ئەمریکا گیراونەتەبەر”. دوایین ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە کوبا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا ڕووبەڕووی کەمبوونی توند و کارەساتباری خۆراک، سووتەمەنی و دەرمان، پچڕانی بەربڵاوی کارەبا و پاشەکشەی پیشەسازیی گەشتیاری بووەتەوە. ئەم دۆخە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی یەکتربڕینی گوشاری گەمارۆی ئابووریی دەوڵەتی ئەمریکا و بەربەستە ناوخۆییەکانی ئابوورییەکی گەمارۆدراوە کە مەیدانی مانۆڕەکەی کەوتووەتە ژێر گوشاری سەرمایەداریی جیهانییەوە. کاتێک گەمارۆی ئابووری دەبێتە هۆی لاوازبوون و وێرانکردنی ژیانی ڕۆژانە، سیاسەتی ئیمپریالیستی هەوڵ دەدات ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئامرازێکی ناسەقامگیرکردنی سیاسی لە ڕاستای ئامانجەکانی خۆیدا بەکار بهێنێت.

لە ٤ی ژوەنی ٢٠٢٦دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر میگێل دیاز کانێل، سەرۆک کۆماری کوبا و چەند کەس و دامەزراوەیەکی سەر بە ئەودا سەپاند. ئەم سزایانە نیشانی دەدەن کە دەوڵەتی ئەمریکا، بەکردەوە چۆتە ناو هاوکێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی کوباوە. ترەمپ گوتوویەتی پێی باشە گواستنەوەی دەسەڵات لە کوبا “ئاشتیانە” بێت، بەڵام ئەم دەستەواژەیە لە دەمی هێزێکی ئیمپریالیستییەوە مانایەکی دووفاقی هەیە؛ ئەو ئاشتییەی کە لە دەرەوە فەرز دەکرێت، هیچ مانایەکی نییە جگە لە تەسلیمبوونی سیاسی. ئەو لەلایەکەوە بژاردەی هێرشکردن بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و لەلایەکی تریشەوە، بە زمانی “دانوستان” و “گواستنەوەی ئاشتیانە”، هەوڵ دەدات دەستێوەردانەکە بە مەعقووڵ و قبووڵکراو نیشان بدات. ئەمە هەمان ڕوخساری کلاسیکی دیپلۆماسیی ئیمپریالیستییە، واتە گوپاڵ بە دەست و زەردەخەنە لەسەر لێو.

لە بەرامبەردا، دیاز کانێل، سەرۆک کۆماری کوبا هۆشداریی دا کە هەرچەشنە هێرشێکی ئەمریکا ڕووبەڕووی بەرخۆدان دەبێتەوە و هاڤانا بەرگری لە خۆی دەکات. بەڵام هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا، پەرلەمانی کوبا لە ١٨ی ژوەنی ٢٠٢٦دا پاکێجێکی بەرفراوانی لە چاکسازییە ئابوورییەکانی بنەمابەند لەسەر بازاڕ پەسەند کرد. چاکسازیگەلێک کە ڕێگە بە دامەزراندن و چالاکیی بانکە تایبەتەکان و هاتنەناوەوەی سەرمایەی بیانی و وەبەرهێنان لە زۆر بواردا لەسەر بنەمای مۆدێلی ئابووریی بازاڕی ئازاد دەدات. ئەم چاکسازییانە لەژێر گوشاری قەیرانە ئابوورییەکاندا، تێکەڵەیەک لە ترس و هیوا و گومانی لەنێو خەڵکی کوبادا دروست کردووە. چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی کوبا لە ئەزموونەوە تێگەیشتوون کە لە سایەی حوکمڕانیی پەیوەندییەکی سەرمایەداریی مەرکەزیی دەوڵەتی و پێکهاتەیەکی زۆر بیرۆکراتیک و بنەمابەند بە سیستەمی تاک‌حزبیدا، ئەم جۆرە چاکسازییانە پێش ئەوەی بەرژەوەندییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەبەرچاو بگرن، بەرژەوەندیی توێژەکانی چینی دەسەڵاتدار و بیرۆکراسیی دەوڵەتی دابین دەکەن. ئەوەی دەوڵەت و پێکهاتەی دەسەڵات وەک سۆسیالیزم لە کوبادا پێشکەشی دەکەن، لە ڕاستیدا تەنیا کۆنترۆڵی دەوڵەتییە بەسەر کەلێنی نێوان هەژاری و ساماندا و سوودمەندبوونی خەڵکە لە کەمترین خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ مانەوە لە ژیاندا، دەنا چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش هیچ ڕۆڵێکیان لە کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگە و داڕشتنی پلانە گەورە ئابووری و سیاسییەکاندا نییە.

لە کاتێکدا کە چینی کرێکار و خەڵکی ئەمڕۆی کوبا، بە هۆی حوکمڕانیی پەیوەندییە زاڵەکان و زیاتر لە شەش دەیە گەمارۆی ئابووری و لێکەوتەکانی جەنگی ساردەوە کەوتوونەتە ژێر گوشاری هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و بێبەشبوونەوە، نەوەکانی پێشوو دوای ڕووخاندنی دیکتاتۆریی باتیستا لە ساڵی ١٩٥٩، سەرباری گەمارۆی ئابووریی ئەم وڵاتە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە لە سەرانسەری جیهان، سیستەمێکی پێشکەوتووی دابینکردنی کۆمەڵایەتییان لە بوارەکانی دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە و فێرکردن، تەندروستی و نیشتەجێبوون لەم وڵاتەدا جێبەجێ کرد. سیستەمی تەندروستی و چارەسەری پزیشکی لە کوبا، سەرباری کەموکوڕییەکان، لەگەڵ پێوەرە گونجاوەکاندا هاوتای پێشکەوتووترین سیستەمەکانی جیهان بوو. ڕێژەی مەرگی منداڵانیان گەیاندە نزمترین ئاست لە جیهاندا. لەم وڵاتەدا نەخوێندەوارییان بنەبڕ کرد و ئەو دەرفەتەیان ڕەخساند کە هاووڵاتیان دەستیان بە خوێندنی بێبەرامبەر و پەروەردەی باڵا بگات. ئەگەر ئەمریکا بە ڕێکخەر و داڕێژەری کودەتا و خەڵتانیخوێنکردنی هەر بزووتنەوە و دەنگێکی ئازادیخوازانە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا ناوبانگی دەرکردبێت، ئەوا کوبای گەمارۆدراو بە توانا سنووردارەکانییەوە خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین هەناردە دەکرد.

چینی کرێکار و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە کوبا، بە پشت‌بەستن بەم پاشخانە مێژووییە، دەتوانن ببنە بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بۆ ئاڵنگاریی پێکهاتەی سیاسی و چینایەتیی دەسەڵاتدار و خەبات دژی گەمارۆی ئابووری و هەڕەشە جەنگییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا. بەبێ پێداگری لەسەر ڕێکخستنی چینایەتی و دەسەڵاتگرتنی سەربەخۆی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگەدا، ڕزگاریی یەکجاری ئیمکانی نییە. چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی کوبا تەنیا بە ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان دەتوانن ئەم قەیرانە بکەنە دەرفەتێک بۆ پێشڕەوی و زاڵبوون بەسەر ئەم نەهامەتییانەدا. نابێت ڕێگە بدرێت داهاتووی ئەم دوورگەیە لەژێر سێبەری گوشاری گەمارۆی ئابووری و هەڕەشە جەنگییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و مامەڵە و سازشە فەرزکراوەکانی سەرەوەدا دیاری بکرێت. ڕێکخستنی بزووتنەوەی چینایەتیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی کوبا و ڕۆڵگێڕانی کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان دەتوانێت ئەم ئاراستەیە بگۆڕێت.

چینی کرێکار و خەڵکی کوبا بۆ ڕزگاربوون لە لێکەوتە وێرانکەرەکانی گەمارۆی ئابووری و هەڕەشە جەنگییەکان و مەترسیی دەستێوەردانی سەربازیی دەوڵەتی ئەمریکا، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستیان بە هاوپشتیی نێونەتەوەیی هەیە. بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی کوبا و دژی هەڕەشە سەربازییەکان و دەستێوەردانی ئەمریکا و بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئابووری، دەتوانێت هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت و دەوڵەتی ئەمریکا بخاتە ژێر گوشاری نێودەوڵەتییەوە.