فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوشتاری ناڕازییان و سازش لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمریکا، ستراتیژیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی
شەممە ۲۷-۱۰-۱۴۰۴   |  17-01-2026

رژێمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی سەرکوتکردنی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە بەرینەی کە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار لە بازاڕی تارانەوە سەریهەڵدا و پاشان زیاتر لە سەد شار و ناوچەی ئێرانی گرتەوە، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار بە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پێوەندی لەگەڵ دونیای دەرەوە و بە ئامانجی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو کوشتارەی کە بەرنامەی بۆ داڕشتبوو، جینایەتێکی سامناکی خوڵقاند. لەو شەوە خوێناوییەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێم بە تانک، تیربار، درۆن و چەکە قورسەکانی دیکە، خەڵکی ناڕازی لە هەژاری و برسیەتییان لە شەقامەکاندا خەڵتانی خوێن کرد. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەزاران کەس لە ناڕازییان کۆمەڵکوژ کران و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون. ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ژمارەی دەستبەسەرکراوانیان بە ١٨٥٠٠ کەس مەزندە کردووە.

بەڵام سەرەڕای گشت ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، کۆماری ئیسلامی نەیتوانی پێش بە بڵاوبوونەوەی هەواڵ و وێنە دڵتەزێنەکانی ئەم جینایەتانە بگرێت و بۆ جارێکی دیکە سیمای ڕاستەقینە و ئاستی دڕندەیی ڕژێمی ئیسلامی بۆ هەمووان ئاشکرا بوو. هەڵبەت ڕژێم بەوپەڕی بێ‌شەرمییەوە و بۆ دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە ناوخۆدا، لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەکانی خۆیەوە دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیی سەدان تەرم لەسەر زەوی و سەدان کەس لە حەوشەی زیندانەکاندا کە بەدوای تەرمی ئازیزانیاندا دەگەڕان؛ تا بە خەیاڵی خاوی خۆی خەڵک چاوترسێن بکات و بڵێسەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرەو شکست بەرێت.

لەم نێوەندەدا، ڕەوتە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوا-لیبراڵەکان، سەلتەنەتخوازان و هەندێک لە ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، لەرێگەی پڕوپاگەندە، کۆبوونەوە، دەرکردنی بەیاننامە، دیدار و چاوپێکەوتن و هتد… هەوڵیان دا پێوەندی بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بگرن. هەندێکیان داوایان لە ترامپ کرد کە بە دەستێوەردانی سەربازی بێتە مەیدانەوە و کۆماری ئیسلامییان بۆ بڕووخێنێت، تا بەڵکوو ئەوان لە سەرووی سەری خەڵکی ئێرانەوە لەسەر کورسیی دەسەڵات دابنێت. بەرپرسانی ئەم ڕەوتانە هیوایان بە بەڵێن و هەڕەشەکانی ترامپ لە دژی کۆماری ئیسلامی بەستبوو کە وتبووی: “ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەست بۆ کوشتاری خەڵک بەرێت، تەنانەت یەک کەسیش بێت، دژکردەوەی دەبێت”. ترامپ داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە درێژە بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بدەن، دەست بەسەر دامەزراوە حکوومییەکاندا بگرن و ناوی بکوژانیش تۆمار بکەن. ناوبراو وتبووی: “یارمەتیی ئەمریکا بەڕێوەیە و ڕژێم باجێکی قورس دەدات”.

هاوکات ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کرد بەپەلە ئێران بەجێبهێڵن و بەشێک لە هێزەکانی خۆیشی لە ناوچەکە، لەوانە لە بنکەکانی قەتەر و عێراق جێبەجێ کرد. فەڕانسە، سوێد، هێند، لەهستان، ئیتالیا و ژمارەیەک لە دەوڵەتانی دیکەش بەهۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران و ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا، داوایان لە هاووڵاتییانی خۆیان کرد دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن. ئەم هەنگاوانە بوونە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامیش ئاسمانی ئێران بەڕووی فڕۆکەکاندا دابخات و کەوتە پەلەقاژێ بۆ پێوەندی گرتن بە ئەمریکاوە. لە هەمان کاتدا داوای لە دەوڵەتانی ناوچەکە لەوانە عەرەبستان، قەتەر، میسر، تورکیا و ئوردن کرد کە بەپەلە نێوەندگیری بکەن و ڕێگری لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بکەن.

بەڵام ترامپ چوارشەممە شەو ٢٤ی بەفرانبار لە وەرچەرخانێکی لەناکاو و چاوەڕواننەکراودا ڕایگەیاند کە پێیان ڕاگەیاندووە کوشتار و لەسێدارەدان لە ئێران ڕاگیراوە و کۆماری ئیسلامی بەڵێنی داوە کەس لەسێدارە نەدات. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە کەشی ئەمنی و پچڕانی ئینتەرنێت و دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکان لە ئێران بەردەوامە و ژمارەی قوربانییانی ناڕەزایەتییەکانیش ڕوو لە زیادبوونە. ترامپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران وتی: “لێکۆڵینەوەی لێ دەکەین و بزانین چۆن دەبێ”. بەمجۆرە پێدەچێت ترامپ ئێستا هەڕەشەکانی خۆی دژی کۆماری ئیسلامی وەلا نابێت و ئەو بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە هیوایان بە هێرشی سەربازیی ئەمریکا بەستبوو، بێ‌هیوا کردبێت. بێگومان ڕوون نییە لە داهاتووی نزیکدا چی ڕوودەدات، بەڵام نیگەرانی و گوشاری دەوڵەتانی ناوچەکە لە هەڵگیرسانی شەڕ و لێکەوتەکانی، لە بڕیارەکەی ترامپ بۆ خۆبواردن لە هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی بێ کاریگەر نەبووە.

لەو پێوەندییەدا عەباس عێراقچی بەدوای گۆڕانی هەڵوێستی ترامپدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی ئەمریکیی “فاکس نیوز”، ڕایگەیاند کە: “کۆماری ئیسلامی هیچ بەرنامەیەکی بۆ لەسێدارەدانی ئەو کەسانە نییە کە بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیر کراون”. ناوبراو بەوپەڕی بێ‌شەرمییەوە ئاماری بەرزی کوژراوەکانی خستە ئەستۆی “بەکرێگیراوانی ئیسرائیل” و وتی: “تیرۆریستەکان بە مەبەستی پێشوەختە تەقەیان لە پۆلیس و خەڵک کردووە تا ئاماری کوژراوەکان بەرز بکەنەوە و زەمینەی دەستێوەردانی ترامپ خۆش بکەن”. لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ڕژێم، لەوانە “موحسینی ئەژەیی” جەلاد کە چەند ڕۆژ پێشتر هەڕەشەی کردبوو دەبێت دەستگیرکراوەکان بەپەلە سزا بدەین، بەدوای قسەکانی عێراقچیدا ڕایانگەیاند کە: “سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتگەلی وەک کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام بوونی نییە”. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا دەیان هەزار کەس لە ڕۆڵەکانی خەڵکی ئێرانیان بەم جۆرە تۆمەتە دروستکراوانە دادگایی و لەسێدارە داوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، قسە و بەڵێنەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە ئێستا لە بەرانبەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک یەکجار لە پێگەیەکی لاوازدان و نیگەرانن لە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، هیچ بایەخ و ئیعتیبارێکی نییە. چونکە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە توانای چارەسەرکردنی قەیرانە فرەچەشنە ناوخۆییەکان و وەڵامدانەوە بە خواست و داواکارییەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی نییە، ساڵەهایە تەنیا بە پەنابردن بۆ سەرکوت و کوشتار و جینایەت، دەسەڵاتە گەندەڵ و قەیراناوییەکەی خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە و بە بێ کوشتار و زیندان و ئەشکەنجە توانای درێژەدان بە دەسەڵاتی نابێت. ڕژێمێک کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لانی کەم ١٩٢٢ مرۆڤی لەسێدارە داوە.

بێگومان خەڵکی ئێران نە بە دەستێوەردانی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی سەرمایەداری، بەڵکوو تەنیا کاتێک بە ڕزگاری دەگەن کە بە هێزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی خۆیان لە ئاستی ملیۆنی و بە شێوەی سەرتاسەری پەیوەست بن بە ناڕەزایەتییەکانەوە و هاوکات چینی کرێکاریش بە مانگرتنی بەرین و سەرتاسەریی خۆی لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، چەرخی بەرهەمهێنان و جووڵە لە کۆمەڵگەدا ڕابگرێت و ماشێنی سەرکوت و دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی ئیفلیج و زەمینگیر بکات. خەڵکی ئێران بۆ ڕزگاری پێویستە بە خەبات و تێکۆشانی یەکگرتووی خۆیان ڕژێمی گەندەڵ و جینایەتکاری سەرمایەداریی ئیسلامی بڕووخێنن و لە جێگەی ئەودا دەسەڵاتی شۆرایی خۆیان دابمەزرێنن.