فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوشتنی ئارمیتا گەراوەند، دووپاتبوونەوەی تاوانی کوشتنی ژینا بەدەستی خوێنڕێژانی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی؛ “تەنانەت تاریکترین شەویش کۆتایی دێت و خۆر دەدرەوشێتەوە”
یەکشەممە ۰۷-۰۸-۱۴۰۲   |  29-10-2023

هەواڵنێریی “تەسنیم”ی سەربە سپای پاسداران ڕۆژی شەممە ٢٩ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ هەواڵێ مردنی مێشکی ئارمیتا گەراوەندی بڵاوکردەوە. ئەم هەواڵنێرییە نووسیی: “بەدواداچوونەکان بۆ زانینی دوایین باری تەندروستی ئارمیتا ئاماژە بەوە دەکەن کە باری تەندروستیی جێگەی هیوا نییە و مەرگی مێشکیی ئارمیتا حەتمییە”. ئارمیتا گەراوەند خوێندکارێکی هونەرمەند، نیگارکێشێکی خۆش فکر و وەرزشکارێکی چالاکی ١٧ ساڵ تمەن بوو کە ڕۆژی ٩ی مانگی ڕەزبەر لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی وەک هەزاران ژنی تر بە بێ حیجاب لە مەسیری چوون بۆ مەدرەسە، لە وێستگەی مێترۆی مەیدانی “شۆهەدا” و لە ناو واگۆنی قەتاری مێتروودا بەخاتری نەبوونی حیجاب لەلایەن بەکرێگیراوانی “حیجاب بان”ەوە درایە بەر توندوتیژی و سەری بە میلەیەکی ئاسندا کێشرا و هەر لەوێ کەوتە کۆماوە. هاوڕێکانی جەستەی نیوەگیانی ئەم منداڵە نەونەمام و بێتاوانەیان لە واگۆنەکە کێشایە دەر. بەڵام مەئموورانی ئەمنیەتیی ڕژیم دەوریاندان و هەڕەشەیان لە هاوڕێیان و شایەتحاڵانی تر کرد کە حەقیان نییە ئەم ڕووداوە میدیایی بکەنەوە و نابێ سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵسووکەوتی مەئموورانی حیجاب بان یان هەمان “گەشتی ئیرشاد” هیچ قسەیەک بکەن. ئەم جەنایەتکارانە پەیکەری نیوەگیانی ئەویان ڕفاند و لەژێر کەشوهەوای توندی ئەمنیەتیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی نیزامیی “فەجر”یان کرد. مەئموورانی ئەمنیەتی و بەکرێگیراوانی لیباس شەخسی لەماوەی ئەم ٢١ ڕۆژەدا، نەتەنها بە زاڵکردنی فەزای توندی ئەمنیەتی بەسەر گشت نەخۆشخانەکە هەرجۆرە هاتوچۆیەکی هەواڵنێران و خەڵکیان خستە ژێر چاوەدێرییەوە، بەڵکوو شەقامەکانی دەورووبەریشیان کۆنتڕۆڵ دەکرد تا کەس نەتوانێ هەواڵێک لە ئارمیتا بزانێت.

دەزگا ئەمنییەکان لەم ماوەیەدا کە تەرمی ئارمیتایان لە نەخۆشخانە ڕاگرت، بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیارییەکیان لەسەر بارودۆخی “ئارمیتا” لە میدیاکانەوە قەدەغە کرد؛ ڕۆژنامەنووسێک کە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک چووبووە نەخۆشخانە، دەستگیرکرا؛ لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی تایبەتی تیمی پزیشکی لەسەر بارودۆخی ناوبراو ڕێگریان کرد. ڕاگەیاندنی دۆخی تەندروستیی ئەویان بەتەواوی خستە دەست خۆیانەوە. لەم ماوەیەدا جاروبار بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی گوماناوی، بەرەبەرە ڕەوتی ڕاگەیاندنی مەرگی ئارمیتایان تێپەڕاند. لەم ماوەیەدا تەنانەت ڕێگەیان بە دایک و باوکی ئارمیتا نەدەدا کە چاویان منداڵەکەیان بکەوێ. بەڵکوو بە هەڕەشە و بە گوشاری پۆلیسی پێداگرییان دەکرد کە ڕەوایەتی درۆی ئاشکرای ئەوان دووپات بکەنەوە. واتە “کچەکەیان بەهۆی هاتنەخواری فشاری خوێنەوە کەوتووەتە زەوی و سەری لە لێواری قەتارەکە دراوە و بێهۆش بووە”. ئەم جەنایەتکارانە تەنانەت دایکی جەرگسووتاوی ئارمیتایان بەخاتری دووپات نەکردنەوەی دروستی ئەوەیکە پێیان وترابوو دەستبەسەرکرد. ڕفاندنی پەیکەری ئارمیتا لە مێترۆ و ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی نیزامی لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتی و کۆنتڕۆڵکردنی توندی نەخۆشخانە و تیمی پزیشکی و هەڕەشە و قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەلایەن پزیشکان و هەواڵنێریانی سەربەخۆ و باقیی ڕەفتارە دژەئینسانییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم، نیشانەی ئەوەیە کە ئارمیتا ئەم منداڵە مەزلووم و بێتاوانە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە بەهۆی ئەو زەربانەی وەسەری کەوتبوو مێشکی خوێنڕێژیی کردووە و گیانی لەدەستداوە. قسەکانی باوکی ئارمیتاش کە دەیکوت: “باری تەندروستیی ئارمیتا لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ئێستا هیچ گۆڕانێکی بەسەر نەهاتووە” بەیانی هەر ئەم واقعییەتەیە.

لە کاردانەوە بەم تاوانەی ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی خەزەڵوەر “ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی” ڕاگەیاند کە “بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان و بەلەبەرچاوگرتنی بەڵگەی جۆراوجۆر سەبارەت بە نهێنی کاری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، ئارمیتا گەراوەند ڕۆژی ٩ی مانگی ڕەزبەر دوای هێرشی مەئموورێکی داسەپاندنی حیجابی ئیجباری، کەوتووەتە کۆماوە”. هەروەها جاوید ڕەحمان، هەواڵنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتێکی ورددا سەبارەت بە مردنی ئارمیتا نووسی: ژنان و کچانی ئێران لەبەردەم ئاپارتایدی جنسییەتی و هەڵاواردن دان.

دەسەڵاتی منداڵکوژی کۆماری ئیسلامی لە ترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و ئاخێزی “ژینا” بۆ ماوەی سێ هەفتە جەستەی بێ گیانی ئارمیتای لە نەخۆشخانە ڕاگرت تا بە خەیاڵی خۆی بە وەدرەنگی خستنی ڕاگەیاندنی مەرگی ئەو بتوانێ بەرەبەرە قەتڵی حکوومەتیی ئارمیتا لەبیر خەڵکی ئێران بباتەوە. بەڵام هیچ وێژدانێکی بەخەبەر ناتوانێ پاساوی نەزانانە و کردەوەی تاوانکارانەی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی باوەڕ بکات. هیچ مرۆڤێکی وشیار گرتەڤیدیۆی دەستکاریکراوی دووربینەکانی مێترۆ (ئەویش نەک دووربینەکانی ناو قەتارەکە کە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکە بووە و بە ئیدیعای مەقاماتی درۆزنی ڕژیم لەو کاتەدا خامۆش بوون و هیچیان تۆمار نەکردووە) باوەڕ ناکات و بێگومان خەڵک قەتڵی حکوومەتیی ئەم تازەلاوە فەرامۆش ناکەن. ئەم تاوانە دڕندانەیە بە دەریای نەفرەت و بێزاریی جەماوەری خەڵک دژبە حاکمانی ئیسلامی زیاد دەکات. قەتڵی حکوومەتیی ئارمیتا نە لەژێر کاریگەریی فەزای تەبلیغاتی جەنگیی ئیسرائیل و حەماسدا گوم دەبێت و نە بێ وڵام دەمێنێتەوە. گوشاری بیروڕای گشتی و ڕەقابەتی باندە حکوومەتییەکان بووە هۆی ئەوەیکە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی خەزەڵوەر نوێنەری تەورێز لە مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامی ڕایگەیەنێت: ”ئەرکی کۆمیسیۆنی ناوخۆی مەجلیسە کە بەدواداچوون بۆ بابەتی ئارمیتا بکات و لە وەزیری ناوخۆ پرسیار بکات”. بەدوای بڵاوبوونەوەی مەرگی ئارمیتا گەراوەند لەلایەن هێندێک لە میدیاکانی ناوخۆی ئێرانەوە، سەرپاسدار ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ڕژیم لەئاست ڕاستییەکانی قەتڵی ئارمیتا خۆی لە گێلی دا و وتی: ”ئەم بابەتە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ڕووداوێکی بەڕێکەوتە و لەوانەیە هەموو ڕۆژێ لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا ڕوو بدات. دوژمنانی ئێران نایانهەوێ کەشوهەوای گشتیی وڵات ئارام بێت. ئەوان هەوڵیان دا وڵات بەرەو بشێوی بەرن.”

ڕەوتی کوشتنی ئارمیتا بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی تەنانەت سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە یەک ساڵ لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ژینا کە لە ڕیزی پێشەوەیدا ژنانی ئازادیخواز و بەئیرادە، بە فڕێدان و بە سووتاندنی حیجاب ڕایانگەیاند کە یاسای پرتووکاو و کۆنەپەرستانەی ئیسلامی کاتی بەسەر چووە و پایەکانی دسەڵاتی دینییان خستە لەرزە، هێستا تێنەگەیشتووە کە ناتوانێ بە کوشتن، بە دەسبەسەرکردن، بە ئەزیەت و ئازار و ئەشکەنجە “حیجابی ئیجباری” ئەم هێمایەی ئاپارتایدی جنسییەتی ئیسلامی بەسەر ژنانی ئازادە و خەباتکاردا بسەپێنێ. هەروەک چۆن ئارمیتا گەراوەند، ئەم تازەلاوە تێگەیشتوو و بەسۆزە لە یەکێک لە ستۆرییەکانی ئینستاگرامەکەیدا بەر لە کوژرانی بەدەستی خوێنڕێژانی حکوومەتی ئیسلامی نووسی: “تەنانەت تاریکترین شەویش کۆتایی دێت و خۆر دەدرەوشێتەوە…”، بێگومان تەمەنی نگریس و پڕ لە تاوان و جەنایەتی ڕژیمیش کۆتایی دێت و خۆری ڕزگاری کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی ئێران و گشت ناوچەکە لە چنگ دەسەڵاتی ئیسلامی و هەژاری و بێمافی و تەباهی، هەڵدێت و دەدرەوشێتەوە.