بەپێی هەواڵی گەیشتوو لەماوەی ڕۆژانی ١٨ هەتا ٢١ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢ و لە سەروبەندی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و دەستپێکی ئاخێزی سەرانسەری زیاتر لە ١٥ کەس لە هاوڵاتییان لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. لەم ماوەیەدا ئیدریس محەممەد ئازەر، خزر عەبدوڵڵاهی ئەمیرئاباد، فەخرەدین پودات، عەبدولکەریم کاکول، عوسمان حەمزەزادە، ئارام شەعبان، سولەیمان شاروێرانی، بەعقوب فەتاحی، تەیب عەبدوڵڵاپور، شۆڕش ئیبراهیمی، مامۆستا عومەر ئیبڕاهیمی و ئیدریس نۆوبەخت لە شارەکانی پیرانشار و شنۆ، محەممەد ڕۆستەمی و ڕێبوار عەبدوڵڵاهی لە سنە، ئارمان نیک پەی لە مەریوان و یوسف بەکری لە مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەرکراوان. ئەم شەپۆلە لە دەستبەسەرکردنە لەحاڵێکدا ئیدامەی هەیە کە پەیمان گەڵوانی، خەڵکی مەهاباد کە لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕدا لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە دەستگیر و ڕوانە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو لەژێر ئەشکەنجەی بازجویانی ئەمنیەتیدا ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی لەناو خرۆشی تووڕەیی و ئیعتڕازی خەڵکی تێکۆشەری مەهاد بەخاک سپێردرا. هەروەها مووسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی پەسوێی سەربە شاری پیرانشار کە لە گرتووخانەی هێزە ئەمنییەکاندا ڕاگیرابوو، ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.
خەڵکی کوردستان لەم بابەتە ئاگادارن کە دەستبەسەرکردن و کوشتنی لاوانی شۆڕشگێڕ لەناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بابەتێکی تازە نییە. تەنیا لەماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا و لە دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە کە بەناوی ڕەمزی ژن، ژیان، ئازادییەوە بوو بە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری، ئەمە چەندومین جارە کە دەستبەسەرکردنی بەرین لە شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکان و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بە بیانووی جۆراوجۆری وەک: هەوڵدان دژبە ئەمنیەتی نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی و هاوکاری لەگەڵ ئەحزابی کورد ئەنجام دەدرێت. پەرەپێدانی سەرکوت و ڕەشبگیری، شەپۆلی ئێعدام و کوشتنی زیندانیانی سیاسی لەژێر ئەشکەنجە، ناوەرۆکی سەرەکیی ستراتێژی خامنەیی و کادری ڕێبەریی سپای پاسدارانە بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی دەسەڵاتەکەیان. دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی سیاسی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان بەدەر لە ماهییەتی سەرکوتگەرانەی، نیشانەی ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە چالاکیی کۆمەڵایەتی، لە خۆڕێکخستنی هاووڵاتییان، لاوان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان یەکجار دەترسێن.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ چڕکردنەوەی هێز بەرانبەر بە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ئیدامەی مانگرتنە کرێکارییەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەرەبەرە لە بەرابەر دەوڵەتانی ڕۆژائاوا و ڕقیبانی ناوچەییدا پاشەکشەی کردووە. بێگومان ئەم شەپۆلەی دەسبەسەرکردن لە کوردستان و هاوکات لە سیستان وبەلوچستان بەشێکی جیانەکراوە لە سیاسەتی گشتیی تودکردنەوەی کەشوهەوای سەرکوت بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری، خەباتی سەرتاسەریی مامۆستایان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێرانە، کە مانەوەی کۆماری ئیسلامییان خستووتە مەترسییەوە. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران لە بارودۆخێکدا گرفتار بووە کە مانەوەی دەسەڵاتەکەی لە درێژەی دەستبەسەر و زیندانی کردنی ڕێبەران و ڕێکخەرانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری مامۆستایان، تەهاجوم بۆسەر ژنانی بێ حیجاب، هێرشی سازماندراو بۆسەر زانکۆ و هەروەها لە دەرکردنی ئەحکامی قورس بۆ ژنان و پیاوانی تێکۆشەر کە دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامییان بردووەتە ژێر پرسیارەوە، دەبینێ. ڕژیمی ئیسلامی کە لە سێبەری خۆشی دەترسێ بۆ ڕوحیەدان بە هێزە سەرکوتگەرەکانی دەیهەوێ لە هەر جۆرە جموجۆڵێکی خەباتکارانە لە سەراسەری ئێران و لە کوردستان کە بەردەوام سەنگەری پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی خەڵک بووە، ڕێگری بکات.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامی کارایی ڕابردووی خۆی لەدەست داوە و لەڕێگەی سەرکوت، دەستبەسەرکردن، زیندانیکردن و ئێعدام ناتوانێ پاشەکشە بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بکات. تەنیا فاکتۆرێک کە دەتوانێ ماشێنی سەرکوتی ڕژیم لەکار بخات، سەرانسەری بوونەوەی مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و جەماوەری بوونەوەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سیاسیی گشتییە. خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی چەندین مانگرتنی سەرتاسەری لە شارە کوردنشینەکان، لە ناڕەزایەتی بە ئێعدام و دەستبەسەرکردن، خاوەنی ئەزموونی خەباتکارانەی جێگای متمانەن بۆ ڕێکخستنی سەرتاسەری و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی کۆمەڵانی ئێران. هەربۆیە چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری، چالاکانی بزووتنەوەی ژنان، لاوانی شۆڕشگێڕ لە مەحەلاتی شارەکان و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵاتییەکان لە کوردستان، لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژنان دەتوانن بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونەکانی پێشووی خۆیان لەبواری ڕێکخستن و سازماندانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەری، پاشەکشە بە ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی بکەن. لە وەها باروودۆخێکدا پێویستە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و باقیی حیزب و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەموو مرۆڤە چەپ و خەباتکارەکانی کوردستان لە پێوەند و هاوکاری و هاوفکریی زیاتر لەگەڵ یەکتر، بە هەڵسەنگاندنی واقعبینانەی کەشوهەوای کۆمەڵگا و بە هەوڵی کردەوەیی بیرلێکراوە، بۆ هێنانە مەیدان و بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵکی کوردستان هاوکات لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئێران، بەستێنسازی بکەن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە