لە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکاندا، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە تەنیا لەماوەی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ٢٨ و ٢٩ی گوڵاندا، ماشێنی کوشتاری ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە لانیکەم ٢٤ کەسی دیکەی لە سێدارە داوە. ئەم جۆرە جەنایاتە لە مێژووی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا تازە نییە و ڕژیم بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی و بۆ پێکهێنانی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا ساڵەهایە ئەم کردەوە دژەئینسانییە ئەنجام دەدات. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، “ساڵی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٥٨٢ کەسی لە سێدارە داوە و ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی لەسەدا ٧٥ زیادی کردووە”. هەڵبەت بەدەر لەم ئێعدامانە، لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا و لەگەڵ درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری، نزیکەی ٦٠٠ خۆپیشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی چەکداری ڕژیم لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی سەر شەقامەکاندا گیانیان لەدەست داوە. ئەو ناڕەزایەتییانەی کە دژی حکومەتی ئیسلامی و دژی هەژاری و بێکاری و هەڵاواردنی ڕەگەزی و دژی بێمافی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەروا بەردەوامن. ئەم دەسەڵاتە ئیفلاس و داماوە، لەبری ئەوەی وەڵامی داخوازیی کرێکاران و جەماوەری ستەملێکراو بداتەوە و هەنگاو بنێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی فەلاکەتباری ژیانی جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا، بە کوشتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان وەڵامی داونەتەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٩ی مانگی گوڵان دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامی لە ئیسفەهان بەپێی پەروەندەسازیی ساختەی مەئموورانی ئەشکەنجەدەری ئەمنیەتی، حەوت کەسی دیکە لەو ئینسانە تێکۆشەرانەی کە دژبە ئەوزاعی نابەسامانی ژیان ئێعتڕازیان کردبوو ئێعدام کرد و تەرمەکانی بەنهێنی و لە فەزای ئەمنیەتیدا بە خاک سپارد. لە هەمان ڕۆژدا و هەر لەمشارە عەلی ئاقا محەممەدی ئەندامی “مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام” لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی شارسازیی ناوەندی ئۆستانەکان دانی بەوە دانا کە: “١٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە جەمعیەتی سەرانسەری ئێران لە ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان وەکوو مەسکەن، دەرمان، خۆراک، پۆشاک، شوغڵ و کار و خوێندن تا دوازدە ساڵ بێبەرین و لەگەڵ هەژاری موتڵەق بەرەوڕوون و ٨٧٤ هەزار خوێندکار لەو منداڵانەی کە کۆدی میللییان هەیە بەهۆی هەژاری و دەستکورتیەوە وازیان لە خوێندن هێناوە”. ئاشکرایە ئەو ئامارانەی کە ئەم مۆرە ئەمنیەتییەی ڕژیم و باقیی مەقاماتی ڕژیمی ئیسلامی سەبارەت بە هەژاری و بێکاری و کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەستهەڵگرتن لە خوێندنی منداڵان ڕایدەگەیەنن، لەگەڵ ئاماری واقعیی جیاوازییان زۆرە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک یەکجار دژوارترە.
هەڵبەت هەتا ئێستا زۆرێک لە بەرپرسان و ڕێبەرانی ڕژیم لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا دانیان بە بوونی قەیرانی قووڵ و داڕمانی ئابووریی ئەم دەسەڵاتە داناوە. حەسەن ڕووحانی کاتێک سەرۆک کۆماری ڕژیم بوو دانی ئیعترافی بەوە کرد کە لە ئێران ٣٠ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. چەند ڕۆژ پێشتر فەرشاد مۆئمێنی کارناسی ئابووریی و مامۆستای زانکۆ وتی: “جەمعیەتی هەژاری ئێران لەماوەی دوو ساڵی ٩٧ تا ٩٩ دوو بەرابەر بوون. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی لەسەدا ٨٥ی گشت داهاتی دراوی سەد ساڵی ڕابردوو، بەدەست کۆماری ئیسلامی گەیشتووە. سەرەڕای ئەم داهاتە بەرینانە، لەم ماوەیەدا ژیانی دەیان ملیۆن کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لە ئێران هەمیشە لەژێر هێڵی هەژاریدا بووە و هەموو نەخشە و کردەوەی زاهیریی حکوومەتی ئیسلامی بۆ هێنانەخواری ئاستی قەیران و وەرشکستەیی ئابووری بەرەوڕووی شکست بووەتەوە.
موحسێنی ئێژەیی جەلاد، سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیمیش ڕۆژی هەینی ٢٩ی مانگی گوڵان لە کۆبوونەوەی دادستانەکانی ئێراندا ڕایگەیاند کە: “شۆرای باڵای هاوئاهەنگیی سەرانی سێ دەزگای دەسەڵات” بەلەبەرچاوگرتنی ئیختیارات و زەرفیەتەکانی، سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە لە بواری چارەسەکردنی کێشە ئابوورییەکاندا بەباشی دەرکەوێت”. شۆرای باڵای هاوئاهەنگیی سەرانی سێ دەزگای ڕژیم، لەلایەن خامنەییەوە ساڵی ١٣٩٧ لەژێرناوی “ژووری شەڕی ئابووری” پێکهات تا دەربارەی کێشەی ئەساسیی ئابووریی وڵات و بەئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا بڕیار بدات. لەئێستادا ئەم سێ کەسە واتە ڕەئیسیی قاتڵ، ئێژەیی جەلاد و پاسدار قالیبافی دز و تاوانکار، نەتەنیا لەپێوەند لەگەڵ کێشە ئابوورییەکان، بەڵکوو سەبارەت بە کاروباری سیاسیی ئێران، لەجیات ناوەندەکانی هەیئەتی دەوڵەت، مەجلیسی شۆرا، بانکی ناوەندی و شۆرای باڵای ئەمنیەتی ناوخۆش بڕیار دەدەن. ئێژەیی جەلاد کە نیگەرانی پەرەسەندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەرییە و ئاگادارە لەوەیکە بەهۆی هەژاری و بێکاری، گرانی و برسیەتی، بزووتنەوەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەردەوام دەبێت و کوشتار و ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان ناتوانێ بەر بە ئێعتڕازی خەڵک بگرێت، هۆشداری دا کە: “مەقاماتی کۆماری ئیسلامی پێویستە بارودۆخی وڵات دەرک بکەن و بزانن کە مەسەلەی سەرەکی و ئەولەویەتی وڵات، مەسەلەی ئابوورییە. ئەگەر کێشە ئابوورییەکان چارەسەر نەکرێن، بەشوێنیدا کێشەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئەمنیەتی دروست دەبێت و ژمارەی پەروەندە قەزاییەکان بەردەوام زیاتر دەبن”.
بێگومان قەیرانی قووڵ و ڕیشەیی کۆماری ئیسلامی نەتەنها بەم سێ کەسە کە بێجگەلە کوشتار و جەنایەت و دزی هیچی تر نازانن، بەڵکوو بە شارەزایانی لێهاتووی ئابووریش چارەسەر ناکرێت. چونکە قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی لە دەرەجەی ئەوەڵدا لە قەیرانی پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت و بێجگەلە ئەم بابەتەش سیاسەتی زێدەخوازانە و پڕهەزینەی ڕژیم لە ناوچەکە، هەزینەی بەرینی سیاسەتی هەستەیی، مووشەکی، نیزامی و ئەمنیەتی، تەحریم، هەزینەی بەرینی دامودەزگای مەزهەبی و ڕووحانیەتی مفتەخۆر، لە پەنا دزی و گەندەڵییەک کە سەرتاپێی ناوەندەکانی حکوومەتی داگرتووە، نەتەنیا چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووریی بە بنبەست گەیاندووە بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژیش پەرە دەستێنێت. کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشکراوی ئێران لە ژیانی واقعیی خۆیاندا بینیویانە و بەوە گەیشتوون کە درێژەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە درێژەی هەژاری و برسییەتی و بێبەشییە. ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە ساڵەهایە تەمەنی بەسەرچووە و دەبێ بڕوات. بێگومان گەشەی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ناڕەزایەتیی سەرانسەری، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە گەندەڵ و جەنایەتکارە خێراتر دەکەنەوە و لە درێژەدا بۆ هەمیشە دەیخەنە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە