فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو بانگهێشتی لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی ورمێ کرا.
ناوبراو بە تۆمەتی “خراپکردنی دەرگای پاسەوانیی دادگای پێداچوونەوە” بانگهێشت و لە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەدا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دراوە کە بۆ ئاخرین بەرگری، خۆی بە لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی ورمێ بناسێنێ.
فەخرەدین ئیبراهیمی ڕۆژی ٥ شەممە، ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ڕۆژێک پێش لەسێدارەدرانی باوکی لە زیندانی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد ببوو.
ڕۆژی هەینی، ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، مەحیەدین ئیبراهیمی زیندانیی سیاسیی خەڵکی شنۆ لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە و ناوبراوی لە شوێنێکی نادیاردا ئەسپەردەی خاک کردووە.