ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەزەڵوەر، نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە لە کەناڵی تێلێگرامی تایبەت بە خۆی بڵاویکردووەتەوە، لە میانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە ١٥ی ڕەزبەرەوە هەتا ئێستا، لانیکەم ٣٥ ڕۆژنامەنووس کوژراون.
نووسینگەکە ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسانەشی بڵاوکردووەتەوە کە لە هێرشەکاندا کوژراون و دەڵێت، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان، ڕۆژنامەنووسێک گیانی لەدەستداوە. ئەمە لەکاتێکدایە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای حەماس بەردەوامن.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەر، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و، تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی؛ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ماوەی چەند هەفتەیەکە بە چڕی دەستیان بە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە کردووە. بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە بڵاوکراوەتە، لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە تا ئێستا، ٨ ھەزار و پێنج کەس کوژراون کە لەنێویاندا، سێ ھەزار و ٣٢٤ منداڵ ھەن. ھاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، بەھۆی ھێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل تا ئێستا، ھەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و پێنج ھەزار و ١٣٢ کەسی دیکەیش برینداربوون، ھەروەھا ٢٣٩ ئیسرائیلی دیکە بە بارمتە گیراون.