
ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەر، ئاژانسی هەواڵی “ئیرنا”ی سەربە ڕژیم، لە زاری پەیوەندییە گشتییەکانی بارەگای قودسی هێزی زەمینی سپای پاسداران، ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ شەممە، ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی بەسیج، لەسەر ڕێگای زاهیدان- خاش، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە دەستڕێژی لێ کراوە و لە ئەنجامدا دوو بەسیجیی بە ناوەکانی “ئیسماعیل شاوەرزی” و “موختار شاهۆزەهی”، کوژران.
جێگای ئاماژەیە، تا ئێستا، چەندین جار شەڕ و پێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارە بەرهەڵستکارەکان و هێزەکانی سپای پاسداران و پۆلیسی ئێران، لەسەر ڕێگای زاهیدان-خاش ڕووی داوە. سەرەتای مانگی ڕابردوو، ژمارەیەک چەکدار لەسەر ڕێگەی زاهیدان-خاش، تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی پۆلیس کرد و لە ئەنجامدا دوو پلەدار بە ناوەکانی “یوونس سەیاد ئەربابی” و “ئیبراهیم پیری” کوژران و “ئیبراهیم فەزیلەتی”، فەرماندەی پۆلیسی شارۆچکەی سیب و سووران، بریندار ببوو.