بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەزبەر، ژنێکی لاو بە ناوی “ترووسکە عەبدوڵڵازادە”، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی “کاسەکەران” و دانیشتووی شاری پیرانشار، لە لایەن باوکی و هاوسەرەکەی و خەزوورەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم ژنە لاوە کە هاوکات دایکی دوو منداڵی بچووکە، لە خوار تەمەنی یاسایی (واتە خوار ١٨ ساڵ) لەلایەن بنەماڵەکەی خۆیەوە ناچار کراوە لەگەڵ ئامۆزاکەی هاوسەرگیری بکات و بە زۆرەملێ ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە. شایانی باسە، ترووسکە عەبدوڵڵازادە دوای ئەوەی هەستی بەوە کردبوو کە مەترسیی گیانی لەسەرە، لە دەلاقەی ژوورێکی ماڵەکەیانەوە خۆی فڕێ داوەتەوە خوارەوە، بەڵام خەزوورەی و هاوسەرەکەی و باوکی بردوویانەتە ماڵی مامۆی و لەوێ بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە دەستی، پای، سەری، ملی و هەموو دەموچاویان شکاندووە و دواتریش زۆر نامرۆڤانە و وەحشیانە هەڵیانواسیوە. جێگای ئاماژەیە، باوکی ئەم ژنە لاوە قوربانییە، دوای کوشتنی کچەکەی، دانی بەوە داناوە کە لەگەڵ برا و برازاکەی خۆی کوشتوویانە و بەرپرسیارەتییەکەشی قبووڵ کردووە.