
هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی “ئازاد ڕەعنایی”، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، لە خاڵێکی پشکنین لە نێو شاری سنە کوژرا. شایانی باسە، ڕژیم لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پاش ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، شەپۆلێک لە ترساندن و سەرکوتکردنی خەڵکی دەست پێکردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ۵ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئازاد ڕەعنایی، خەڵکی شارۆچکەی دووشانی سنە لە خاڵێکی پشکنین لە سێڕای مەریوان-سنە لەحاڵێکدا کە بە ماتۆڕ تێپەڕ دەبوو، ڕاگیردراوە. تا ئێستا هیچ ناوەندێکی ئەمنی، دادوەری و ئینتزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵێکیان لەسەر ئازاد ڕەعنایی بڵاو نەکردووەتەوە و بەرپرسیارێتی کوشتنی ناوبراویان وە ئەستۆ نەگرتووە. جێگای ئاماژەیە، کۆماری ئیسلامیی هاوکات لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل لە ڕۆژی ۲۳ی جۆزەردان، جگە لە تاوانی جەنگی و سازکردنی قەڵغانی مرۆیی، بە ئامانجی ترساندن و ڕێگری لە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک، بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستبەسەرکران، ئەشکەنجەی دەستبەسەرکراوان و تەقەی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییانی دەست پێ کردووە.