ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، ئەمڕۆ هەینی ٤ی خەزەڵوەر لەسەر زاری کاربەدەستانی پاکستان ڕایگەیاند: لە هێرشێکدا لە نزیک سنوورەکانی ئەفغانستان، ١٠ پۆلیسی سنووری پاکستان کوژراون و تاڵبانی پاکستانیش بەرپرسایەتیی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
هەر لەم پێوەندەدا بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری پاکستان، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، شەڕەکە کاتژمێرێکی خایاندووە لە نێوان هەردوولادا و بەوهۆیەوە ١٠ پۆلیسی سنوورەکان کوژراوە و حەوت پۆلیسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لە ناوچەی دێرا ئیسماعیل خان لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا، 20 بۆ 25 چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی پۆلیسی سنوور. لەدوای گەڕانەوەی گرووپی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021، پاکستان ڕووبەڕووی ژمارەیەک هێرشی چەکداریی بووەتەوە، کە زۆربەیان هێزە ئەمنییەکانی پاکستان دەکەنە ئامانج.