
میدیاکانی فەلەستین بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی پزیشکی بڵاویان کردووەتەوە کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕەوە هەتا ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کەرتی غەززە، ١٣٦ فەلەستینی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل گیانیان لەدەستداوە کە ٣٨ کەسیان داوای یارمەتی مرۆڤدۆستانە و سێ منداڵیش بەهۆی بەدخۆراکییەوە، مردوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە باشووری کەرتی غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل لە باکووری شاری ڕەفەح تەقەیان لەو کەسانە کردووە کە داوای هاوکارییان کردووە و لە ئەنجامدا ٣٢ فەلەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. هەروەها هەشت تەرم لە بەنی سوهەیلە و شێخ ناسر لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس و لە ژێر داروپەردووی ماڵان لەڕۆژئاوای شارەکە دەرهێنراون. جێگای ئاماژەیە، لە ئەنجامی بۆردومانی کەمپی ئاوارەکان لە شاری مەواسی خان یونس لە ڕۆژئاوای شارەکە و لە گەڕەکی ژاپۆنی، ٢١ فەلەستینی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.