فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران لە دەمشق لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل
سێشەممە ۱۴-۰۱-۱۴۰۳   |  02-04-2024

ڕۆژی دووشەممە  ١٣ی خاکەلێوە لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەمشق ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران کوژران. بە وتەی بەرپرسانی دەمشق، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان باڵەخانەیەکی تەنیشت کونسوڵخانەی ڕژیمیان کردووەتە ئامانج  کە بەرپرسانی باڵای ناوچە لێی کۆدەبوونەوە و دیداریان هەبووە.
سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک کوژرانی حەوت فەرماندەی سپای پاسدارانی لەم هێرشەدا پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە کوژراوەکان بریتین لە سەرتیپ محەممەدهادی حاجی ڕەحیمی، پاسدار محەممەد ڕەزا زاهدی، یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی سەربازی ڕژیم لە سووریه هەروەها پێنج ڕاوێژکار و ئەو ئەفسەرانەی کە لەگەڵیان بوون بە ناوەکانی حوسێن ئامانوڵڵاهی، سەید مێهدی جەلالەتی، موحسین سداقەت، عەلی ئاغا بابایی و سەید عەلی ساڵحی ڕوزبێهانی.
حسێن ئەکبەری، باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە سووریە ڕایگەیاند کە بینای تەنیشت کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی بە شەش مووشەک کراوەتە ئامانج و هەموو ئەوانەی وا لەوێ ئامادەبوون کوژراو و بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ڕژیم خوازیاری وەڵامدانەوەی جیددی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم هێرشە بوو.
لە بارەی ئەو هێرشەوە ئاژانسێکی فەڕانسەوی پشتڕاستی کردەوە کە بینای تەنیشت کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمشق بە تەواوی وێران بووە. هەروەها تۆڕی تەلەفزیۆنی ”ئای ٢٤” بە ڕاگەیاندنی هەمان هەواڵ بە گێڕانەوە لە میدیا عەرەبییەکان زیادی کرد کە جگە لە کۆنسوڵخانەی ڕژیم، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ماڵی باڵوێزی ڕژیم لە دەمشق و ڕۆیتێرزیش هەواڵی کوژرانی محەممەدڕەزا زاهدیی پشتڕاست کردەوە.