کوژرانی ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵی قوربانی منداڵ هاوسەری لە شووشتەر
هەینی ۱۲-۱۱-۱۴۰۳   |  31-01-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندان، ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵی قوربانی منداڵ هاوسەری بە ناوی “عاتفە زغیبی” خەڵکی شووشتەر، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا.
شایانی باسە، باوک و برای عاتفە زغیبی، بە جلی نیزامیەوە چوونەتە ماڵەکەیەوە و بە چەکی گەرم و لێدانی ١٦ فیشەک، کوشتوویانە. جێگای ئاماژەیە، لە مادەی ٦١٢ی یاسای سزاکانی ئیسلامی، بارودۆخێک ڕەخساندراوە کە لەو حاڵەتانەی کە ناوی دەنێن “قەتڵی نامووسی”، بکوژان بە ئاسانی لە سزادان تەبرئە دەبن و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە توندووتیژی بنەماڵەیی لە سێبەری وەها یاسایەکی دژە ژنانە، درێژەی هەبێت و قوربانیانی وەک عاتفە زغیبی، گرفتاری نەریت و یاسای دواکەوتووانەی ئیسلامی بن.