
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ژنێکی ٤٠ ساڵە بە ناوی لەیلا عەلیڕەمایی خەڵکی گوندی “بێساران” و نیشتەجێی شاری مەریوان لە گەڕەکی “شەهرەکی هیجرەت” (جوجەسازی)، لە لایەن پیاوێکی دراوسێیان بە ناوی “کەیوان باسامی” کە ئەندامی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانە لەڕێگای بەکارهێنانی چەکی گەرمەوە کوژراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بکوژەکە چووە بۆ ماڵی لەیلا و داوای لە ناوبراوە کردووە کە لە هاوژینەکەی جیاببێتەوە و لەگەڵ ئەو هاوسەرگیری بکات، بەڵام لەیلا ئەم داواکارییەی ڕەتکردوتەوە. لە پاش ئەم ڕەتکردنەوەیە، بکوژەکە لەیلای لە پێش دووکانی شوێنی کار کردنەکەی داوەتە بەر دەستڕێژ و دەستبەجێ کوژراوە. جێگای ئاماژەیە، بکوژەکە پاش ئەوەی تاوانەکەی ئەنجامداوە دەستبەسەر کراوە و پەیکەری لەیلا عەلیڕەمایی بۆ پشکنین و دەرکەوتنی وردەکاری زیاتر گواستراوەتەوە پزیشکی یاسایی شاری مەریوان. تەرمی لەیلا عەلیڕەمایی ڕۆژی دووشەممە ٥ خەزەڵوەر لە گۆڕستانی “دارسیران”ی مەریوان بە خاک سپێردراوە.