فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژرانی کاسبکارێکی خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران
سێشەممە ۰۲-۰۸-۱۴۰۲   |  24-10-2023

کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی ڕەزبەر، واحید قادری، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، پاش ئەوەی کە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاوەدوو نراوە، لەسەر ڕێگەی سەقز بەرەو مەریوان و لە نزیک گوندی “حەسەن سالاران”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژرا. بەپێی زانیاریەکان، ئیتلاعاتی سپای پاسداران گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەو لاوە کوژراوە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە و هەروەها ئاگادارییان بەو بنەماڵەیە داوە کە دەبێت هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی بەهۆی “لێخوڕین لە بارودۆخی نائاساییدا” ڕابگەیەنن. شایەتحاڵانی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی واحید قادری لەم پەیوەندییەدا ڕایانگەیاندووە؛ سەر و ملی ناوبراو بەهۆی پێکران بە چەند گوللەیەکی شەڕ بەتەواوەتی داتڵیشاوە و لەسەر جەستەشی شوێنی چەند گوللەیەکی دیکەش دیار بووە. ئیتلاعاتی سپای پاسداران دوای چەندین کاتژمێر هەڕەشە و ئاگاداریی توند لە بنەماڵەی قادری، تەرمی ئەو کاسبکارەی کاتژمێر ٤ی سەرلەئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەر ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە و هەمان ڕۆژ ئەسپەردە کراوە.