
بە پێی ڕاپۆرتەکان، کاتژمێر یەکی نیوەشەوی شەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤، چیا ئەحمەد نژاد، کاسبکاری تەمەن ٤٢ ساڵ و نیشتەجێی شاری پیرانشار، لە ڕێگای گوندی زێوە سەر بەم شارە، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئۆتۆمبێلی ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدا کە هیچ جۆرە کەرەستە و بارێکی لەگەڵ نەبووە، بە بیانووی هەڵگرتنی باری قاچاخ کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆ. شایانی باسە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی پاش کەوتنە دوای چیا ئەحمەد نژاد تا ڕێگای گوندی زیوە، ئەم هاووڵاتییەیان بە تەقەی سێ فیشەک کوشتووە و تەرمی ناوبراویان هەر لەوێ بە جێ هێشتووە. جێگای ئاماژەیە، تەرمی چیا ئەحمەد نژاد پاش چەند کاتژمێر لە لایەن خەڵکەوە دۆزرابوویەوە و ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە خاک سپێردراوە.