کوژرانی کۆلبەرێکی لاو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە
چوارشەممە ۰۳-۰۸-۱۴۰۲   |  25-10-2023
کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری بانە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری “کێلێ”ی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم کوژرا.
نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢ی خەزەلوەر، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی موحسین عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “کانی بەرد”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری “کێلێ”ی شاری بانە کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کادرێکی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری “نەنۆڕ”ی بانە کە ناوبانگی “سوهرابی” بووە، لە چەند مەتریی ئەو کۆڵبەرەوە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی. بەپێی زانیارییەکان، ئەم کۆڵبەرە لاوە لە کاتێکدا کوژراوە کە هیچ بارێکی پێ نەبووە. موحسین عەبدوڵڵاهی خێزاندار و باوکی چوار منداڵە.