فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژرانی یەکێک لە ڕێبەرانی حەماس لە باشووری لوبنان
چوارشەممە ۱۳-۱۰-۱۴۰۲   |  03-01-2024

دوابەدوای هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی حەماس لە باشووری لوبنان، یەکێک لە ڕێبەرانی ئەم گرووپە و دوو کەس کە فەرماندەرانی گوردانەکانی ئەلقەسام بوون کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بەفرانبار، دوابەدوای هێرشی پەهبادەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی حەماس لەناوچەی زاحییە لە باشووری لوبنان، “ساڵح ئەلعاروری”، جێگری نووسینگەی سیاسی ئەم گرووپە کوژرا.
میدیاکانی لوبنان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، کوژرانی ٤ کەسیان لە هێرشی پەهبادەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی حەماس لە لوبنان ڕاگەیاند.
میدیاکانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاند کە ئەلعاروری بڕیار بووە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، دیدار و وتووێژ بکات.
هەروەها گرووپی حەماسیش ڕایگەیاند کە ساڵح ئەلعاروری، جێگری سیاسی ئەم گرووپە لە لوبنان و دوو فەرماندەری گوردانی ئەلقەسام، لە ئاکامی هێرشی پەهبادەکانی ئیسرائیل بۆ باشووری بەیرووت کوژراون.
گرووپەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی سەبارەت بە کوژرانی ساڵح ئەلعاروری کاردانەوەیان نیشان داوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم کردەوەیە بە بێ وڵام ناهێڵنەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ڕژیمی ئیسلامی، ئەم هێرشەی بە زەبوونانە ناو برد و مەحکوومی کرد.
ساڵح ئەلعاروری، تەمەن ٥٧، یەکێک لە دامەزرێنەرانی لقی نیزامی حەماس و ڕێبەری سەرەکی ئەم لقە نیزامییە و هەروەها یەکێک لە کەسە نزیکەکان لە کۆماری ئیسلامی بوو کە ئەمریکا بە مەبەستی دۆزینەوەی، خەڵاتێکی ٥ میلیۆن دۆلاریی دیاریی کردبوو.