کوژران و برینداربوونی بە سەدان هاووڵاتیی لە شارەکانی ئێران
یەکشەممە ۲۵-۰۳-۱۴۰۴   |  15-06-2025

لە دووهەمین ڕۆژی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران کوژراون یاخود برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵنێریی هێرانا، ڕۆژی شەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هێرشەکانی سپای ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەروا بەردەوام بوو. ئەو هێرشانە لە ڕۆژی هەینییەوە بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل دەستی پێکردووە کە بنکە نیزامییەکان و ناوچەکانی نیشتەجێ بوونی لە ١٨ پارێزگای ئێران کردووەتە ئامانج و تاکاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەروا بەردەوامە، بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ٩٣ هاووڵاتیی لە شارە جۆزاوجۆرەکانی ئێران کوژراون یاخود برینداربوون کە بە هەژمار کردنی ئەم ژمارەیە، هەتا ئێستا لانیکەم ٨٦٣ کەس بوونەتە قوربانی ئەم شەڕە وێڕانکەرە.