کاسبکارێکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “یووسف دەشتی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پۆلیس گیانی لەدەستدا و لە شاری پاوە دوو کاسبکار بە ناوەکانی “پەیمان نەقیزادە” و “ئارمان نەقیزادە” کە باوک و کوڕ بوون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بە سەختی بریندار کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ ڕەزبەر، هێزەکانی پۆلیس لە ڕێگای “بۆکان_ مەهاباد”، بۆسەیان داناوە و ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و شۆفێری ئەم ئۆتۆمبێلە بە ناوی یووسف دەشتی کوژراوە. لە لایەکی دیکە، هەمان ڕۆژ هێزەکانی سپای پاسداران لە گۆڕەپانی مەولەوی پاوە ئۆتۆمبێلێکی کاسبکارێکیان داوتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە لە بەشی لاق و چەناگە بە سەختی برینداربوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.