شەوی سێشەممە، ١٦ی خەزەڵوەر، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی ئازاد ستارپەناە، تەمەن ٤٣ ساڵ، خەڵکی گوندی “دەرەزیارتی سەروو” سەر بە شاری سەقز و باوکی دوو منداڵ، کوژراوە.
هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی “دەرەپەنبەدان”ی سەر بە شاری سەقز بە ناوی سراجەدین بە تەقەی ئەو هێزانە بەسەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گواستراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لانیکەم ٦ کۆڵبەری خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بریندار بوون. سک و کەمەر و دەستی ئەم کۆڵبەرانە بە گوللەی ئەو هێزانە پێکراون و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە گواستراونەتەوە.
شایانی باسە کە هەتا ئیستا ناوی ئەم کۆلبەرانە نەزانراوە. هەروەها هەمان ڕۆژ لە سنووری شاری نەوسوود، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی “تین”ی سەر بە شاردێی باینگان و بە ناوی تەیب خەسرەوی، لەلایەن ئەو هێزانەوە داریە بەر خڕکەبەرد بە هۆیەوە سەر و پەراسووی شکاوە. باس لەوە دەکرێت کە باری جەستەییی ئەم کۆڵبەرە زۆر نالەبار و ناجێگیرە.