لەگەڵ هاتنی ساڵی تازە و دەستپێکی نەورۆز ٤٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژران و برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ماوەی ١١ ڕۆژ لە نەورۆزی ١٤٠٣، سەرجەم ٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود، بانە، سەقز، پیرانشار، سەردەشت و مەریوان گیانیان لەدەستداوە و هەروەها ٣٦ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.
لەو ٧ کۆڵبەرە کە کوژراون ٢ کۆڵبەر لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ٢ کۆڵبەر لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی، ٢ کۆڵبەر بەهۆی سەرمابردووییەوە و ١ کۆڵبەر بەهۆی جەڵتەی دڵ لەژێر زەخت و گوشاری کۆڵبەریدا گیانیان لەدەست داوە.
یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی هەستیار عەبدولکەریمی، خەڵکی دیواندەرە کە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بوو ، بەهۆی سەرمابردووییەوە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری “مێشاو”ی سەقز گیانی لەدەست داوە.
هەروەها ٢ کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی میلاد حوسێنی مێرمنداڵی تەمەن ١٦ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بریندار بوو و هەروەها میلاد محەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ بە هۆی بەربوونەوە لە سنووری نەوسوود برینداربوو، و دوو ڕۆژ دوای ئەو باوکی ناوبرا محەممەدبایر محەممەدی، لە سنووری نەوسوود لەژێر گوشاری کۆڵبەریدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.