تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت کە بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی شاری بانە گیانی لەدەستدابوو، دوای سێ ڕۆژ لەلایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە. لە لایەکی دیکەشەوە سێ کۆڵبەری دیکەی خەڵکی سەردەشت لە سنووری نەوسوود بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکان بە سەختی برینداربوون.
ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەممە، تەرمی ڕەحیم محەممەدزادە ئەقدەم کۆڵبەری تەمەن ٤٨ ساڵی خەڵکی بەشی ڕەبەتی سەر بە شاری سەردەشت، لە بەرزایییە سنوورییەکانی شاری بانە دۆزرایەوە. تەرمی ئەو کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەددینی ئەیووبی بانە گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەشەممە لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی بانە بەهۆی بەربوونەوە لە شاخ گیانی لەدەستداوە. ئەو کۆڵبەرە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئێوارەی چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەممە، لانیکەم سێ کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت بە ناوەکانی حەسەن ڕاستگوو تەمەن ٣٠ ساڵ، خەلیل شەوگەر تەمەن ٣٥ ساڵ و شێخە تەمەن ٤٢ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بەهۆی بەربوونەوە لە شاخەکان لاقیان بە سەختی برینداربووە.
ئەو کۆڵبەرانە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنوورەکانی نەوسوود بەربوونەتەوە.