فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆبوونەوەی دەورەیی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەڕێوەچوو!
یەکشەممە ۲۶-۰۱-۱۴۰۳   |  14-04-2024

کۆبوونەوەی دەورەیی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٨ و ١٩ی مانگی خاکەلێوە ڕێکەوتی ٦ و ٧ی ئاوریل بە بەشداریی چەندین هەیئەت لەلایەن پارت و ڕێکخراو و هێزەکانی بەشدار لەم شۆرایە لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە کە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستیپێکرد، دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوەی چڕوپڕ کۆتایی بە کاری خۆی هێنا. لە باسەکانی ئەم کۆبوونەیەدا بەپێی ئەو دەستووری جەلەساتەی کە پێشتر لەسەریان توافوق کرابوو تیشک خرایە سەر هەڵسەنگاندنی کار و چالاکیی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەسەر بەستێنی لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسیی ئێران و ناوچەکە و هەلومەرجی خەباتی چینایەتی و ڕێکارە کاریگەرەکان بۆ باشترکردنی بواری چۆنایەتیی چالاکیی شۆرا لە دەورەی ئێستادا.

ئەم کۆبوونەوەیە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە شەش مانگ لە شەڕ و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزمی ڕێکخراوی کۆنەپەرست و ئیسلامیی حەماس تێدەپەڕێ. لەم ماوەیەدا لەحاڵێکدا کە دەوڵەتی نەتانیاهۆ لە ناردنی هەرجۆرە یارمەتییەکی مرۆڤدۆستانە و پزیشکی ڕێگریی کردووە، ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی ناتۆ لە ئورووپا وێڕای پشتیوانیی بێ شەرت و مەرج لە دەوڵەتی ئیسرائیل، بە ناردنی بێپسانەوەی یارمەتیی دارایی و نیزامی بەکردەوە لەم کۆمەڵکوژی و شەڕە ماڵوێرانکەرە لەدژی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین لە غەززە بەشدارییان کردووە. لە کاتێکدا کە دەوڵەتی ئیسرائیل تەنانەت لە قاتی و برسێتی و قەتڵوعامی منداڵان وەک ئامرازێکی جەنگی بۆ بەچۆکداهێنانی خەڵکی فەلەستین کەڵکی وەرگرتووە، بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانی بەدژی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل و بۆ بەرگری لە ئازادیی فەلەستین، نەک هەر دەوڵەتی ئیسرائیل بەڵکوو توانیی دەوڵەتانی پشتیوانی ئەویش لەناو ئازادیخوازانی جیهاندا ڕیسوا بکات. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەم کۆبوونەوەیەدا بۆ جارێکی دیکە داگیرکاری و نەسلکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیلی دژبە خەڵکی غەززە مەحکووم کرد و هاوپشتیی خۆی لەگەڵ خەباتی نەتەوەی فەلەستین بۆ دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و بۆ ئازادیی فەلەستین ڕاگەیاند.

سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ئێران هەموو هێزەکان جەختیان لەسەر ئەو ڕاستییە کردەوە کە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، گرانیی بەرین، پەرەسەندنی کارەساتباری بێکاری، حەقدەستی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری، قووڵبوونەوەی بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت و ئاستی بێوێنەی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان، گەشەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و ئاخێزە جەماوەرییەکانی کردووەتە بابەتێکی حەتمی و سەرڵهەڵدانی بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەریی خستووەتە ئاسۆوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەربەستە ئابوورییەکان و ئەولەوییەتەکانی بۆ پاراستنی دەزگای سەرکوت و دابینکردنی بواری دارایی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت” لەسەر ئاستی ناوچەکە، توانای هیچ چەشنە گۆڕانکارییەکی لە ژیانی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا بە مەبەستی دامرکاندنی ناڕەزایەتییە جەماوری و کرێکارییەکان نییە. سەرانی حکوومەتی ئیسلامی لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا یەکجار لەوە دەترسێن کە چکۆلەترین پاشەکشە لە سیاسەتەکانی هەتا ئێستایان، ڕووحیەی تەعەڕوزی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەرەپێبدات و ببێتە هۆی لێکهەڵوەشانی یەکجاریی نیزامە سیاسییەکەیان. لەم ڕووەوە سیاسەتی ستراتێژیکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ لەسەر پێ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی، هەروا لەسەر بنەمای هەوڵ بۆ یەکدەستکردنی ئۆرگانەکان و سێ دەزگاکەی حکوومەت و پەرەپێدانی سەرکوتە. لە بەرامبەردا کرێکاران و جەماوەری ئازادیخواز و ڕاپەڕیوی ئێران بە خەباتی خۆیان و بە تێکشکاندنی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن نیشانیان دا کە هیچ سازشێکیان لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداراندا نییە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیان بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە.

کۆبوونەوەی حزووریی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بە ئاگاداربوون لەو حەقیقەتە کە نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی کە هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی بەدەستهێنابێ و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بۆ تێپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە کۆماری ئیسلامی و بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان ئومێدی پێ ببەستن، کە بێگومان یەکێک لە کەموکوڕییەکان و خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە، لەسەر گەشەپێدان و بەهێزکردنی چالاکییەکانی خۆی بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کەموکوڕییانە جەختی کردەوە. کۆبوونەوەی شۆرای هاوکاری وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر گرینگیی بەهێزکردنی ئاسۆی سۆسیالیستی لەناو کۆمەڵگا وەک تەنیا بەدیل بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری، تیشکی خستە سەر پێویستیی ڕەخنەی لێبڕاوانە لە ستراتێژی سیاسی و پڕۆژەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، لە سەڵتەنەتخوازەکانەوە هەتا ئۆپۆزیسیۆنی لیبڕاڵ و کۆماریخوازانی لایەنگری ڕۆژئاوا، کە ئامانجیان بەلاڕێدابردن و شکستی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە. لیبڕاڵە کۆماریخوازەکان کە بۆ ڕووخاندنی نەرم و هێمنانەی کۆماری ئیسلامی نەخشە دادەڕێژن، لە باشترین حاڵەتدا لە جیاتی حکوومەتی دیکتاتۆری ئیسلامی و سەرمایەداریی ئێستا خوازیاری دەسەڵاتێکی سەرمایەدارین بە دیکتاتۆریی غەیری دینییەوە.

هەروەها کۆبوونەوەی شۆرای هاوکاری بۆ شکڵدان بە بەدیلێکی سۆسیالیستی، لەسەر گرینگیی وڵامدانەوە بە ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای پێشڕەویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر گرینگیی داڕشتنی سیاسەت بۆ یەکگرتوویی ئاراستەی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەسەر یارمەتیدان بە بابەتی ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە تەئکیدی کرد.

کۆبوونەوەی شۆرا لەپێناوی وەدیهێنانی ئەم ستراتێژییە و بۆ پەرەپێدانی چالاکییەکانی شۆرا لەڕێگەی هەڵسەنگاندنی چالاکییەکانی قۆناغی ڕابردوو و کەموکوڕییەکان، بوارە جۆراوجۆرەکان لەوانە ئەولەوییەتەکانی چالاکیی شۆرا لە ناوەوەی وڵات، چۆنیەتیی چالاکیی مەیدانی لە دەرەوەی وڵات، تەبلیغات و تەلەڤیزیۆنی “ئاڵتێرناتیڤی شۆرایی” و چۆنیەتیی تەقویەت و باشترکردنی چالاکییەکانی دیکەی شۆرای دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

لە پەیوەند لەگەڵ ناوەوەی ئێران، شۆرا لەسەر ئەولەویەت دانان بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ چالاکان و ڕێکخراوە پێشکەوتنخواز و چەپەکان لە ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕێوەبردنی کاری پڕۆژەیی سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا بۆ نموونە بژێو و حەقدەست و … تەئکیدی کرد.

لە پەیوەند لەگەڵ چالاکی لە دەرەوەی وڵات، شۆرا وێڕای جەخت کردن لەسەر چالاکیی سەربەخۆ خاڵەکانی خوارەوەی لەم کۆبوونەوەیەدا پەسند کرد:

١- شۆرای هاوکاری هەوڵ دەدات لە هەر شوێنێک لە دەرەوەی وڵات کە هێزەکانی ئەم شۆرایە چالاکیی دەکەن بەشێوەی گونجاو خۆی هاوئاهەنگ بکات. ئەم هاوئاهەنگییە هاوئاراستە لەگەڵ سیاسەتەکانی شۆرا لەڕێگەی نوێنەرانی شۆراوە بەڕێوە دەچێت.

٢ – شۆرا لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانیدا هەوڵ دەدات لەگەڵ ناوەند، شۆرا و باقیی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و هەروەها کەسانی سەربەخۆی چەپ و ئازادیخواز هاوکاری بکات.

٣ – چالاکیی شۆرا لە دەرەوەی وڵات لەڕێگەی بەڕێوەبردنی ئاکسیۆن، سیمیناری حزووری و ئانلاین و پەیوەندی گرتن لەگەڵ ناوەندە پێشکەوتنخوازە نێونەتەوەیی و ئەنترناسیۆنالیستەکان بەڕێوە دەچێت.

کۆبوونەوەی شۆرا سەبارەت بە بابەتی بانگەشە و تەبلیغات، لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی چالاکییەکانی تەلەڤیزیۆنی “ئاڵتێرناتیڤی شۆرایی” و بەهێزکردنی چالاکییەکان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەجۆرێک کە ئەم تریبوونانە لە خزمەت ڕەنگدانەوەی چالاکیی توێژێکی بەرینتر لە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بن، تەئکیدی کرد.

ئەم کۆبوونەوەیە لە پێوەند لەگەڵ پەرەپێدانی شۆرا بە پشتبەستن بە گفتوگۆکان، جەختی سەرەکی خۆی خستە سەر گەشەکردن لەڕووی چۆنایەتییەوە. کە بە واتای هاوئاهەنگی و هاوکاریی زیاترە لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان لەئاستی کۆمەڵگەدا. هاوکات پەرەپێدانی دیالۆگ و هاوکاری لەگەڵ ئەو ناوەند و شۆرا و هێزانەی کە لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ ئامانجەکانی شۆرا هاوئاراستەن تەئکیدی لەسەر کرا.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە لەماوەی کۆبوونەوەی پێشووی شۆرا هەتا ئێستا “ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری” بە کۆڕی “شۆرای هاوکاری” پەیوەست بووە و “سازمانی ئیتحادی فەدائیانی کۆمۆنیست” چیتر لەم شۆرایەدا چالاکی ناکات.

هەڵسەنگاندنی بەشداربووان لەم کۆبوونەوەیە ئەرێنی بوو و چارەسەرە پێشنیارکراوەکان نیشانەی هەستی بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ و هەوڵی کاریگەرتر بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرک و چالاکییانە بوون کە لەم بارودۆخە گرینگە سیاسییەدا پێویست و حەیاتین.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ هەتاوی

١١ی ئاوریلی ٢٠٢٤ی زایینی

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کارگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت