
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣ حەفتا و پێنجەمین کۆبوونەوەی سێ ڕۆژەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور “ناتۆ” بە بەشداریی ڕێبەرانی ٣٢ وڵاتی ئەندامی ئەم پەیمانە نیزامییە لە واشنگتۆن دەستی بە کار کرد. هەروەها سەرۆکی حکوومەتەکانی دیکە لەوانە هاوبەشەکانی ناتۆ لە ئاسیا و ئوقیانووسیە (ئۆسترالیا، ژاپۆن، نیوزیلەند، کۆرەی باشوور) و ئۆکراینیش لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادەبوون. ئەم کۆبوونەوەیە بەتەواوی لەسەر شەڕی ئۆکراین چڕ بووەوە. جۆو بایدن وەک میوانداری ئەم کۆبوونەوەیە، لە دەستپێکدا لەسەر گرینگیی پەیمانی ناتۆ و دەورونەخشی لەسەر سەقامگیریی نێونەتەوەیی تەئکیدی کرد و وتی: ”دیکتاتۆرەکان دەیانهەوێ نەزمی جیهانی تێکبدەن. بەڵام ئێستا ناتۆ بەهێزتر لە هەمیشە لە مێژووی خۆیدایە. ئەم ساتەوەختە لە مێژوو، پێویستی بە هێزی بەکۆمەڵی ئێمەیە. پوتین بەشوێن سڕینەوەی ئۆکراین لەسەر نەخشەی جیهانە، بەڵام لێتان تێک نەچێ، ئۆکراین تەنیا بە پشتیوانیی هەموومان دەتوانێ بەربە پوتین بگرێ”. بایدن کە دەیهەویست لەم دەرفەتە بۆ تەبلیغاتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێ، مێداڵی بەناو “ئازادی” لە گەردنی “یەنس ستوڵنبێرگ” سکرتێری شەڕخوازی ناتۆ کرد.
سکرتێری گشتیی ناتۆش لە وتاری دەستپێکی ئەم کۆبوونەوەیەدا بۆ جارێکی تر داوای لە هەموو ئەندامانی ناتۆ کرد تا پشتیوانیی خۆیان لە ئۆکراین زیاتر بکەن. ئەو وتی: ”شەڕی ئۆکراین ئەمنیەتی جیهانیی چەندین دەیە دیاری دەکات. ئەم بابەتە هەزینە و مەترسیی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت. ڕووسیە، چین و ئەوانی تر دەیانهەوێ ناتۆ شکست بێنێ. سەرکەوتنی ڕووسیە لەم شەڕە ئەوان جەسوورتر دەکات”. لەم پەیوەندییەدا جۆو بایدن لەگەڵ ڕێبەرانی دەوڵەتانی ئاڵمان، ئیتالیا، هۆلەند، ڕۆمانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا باسیان لە ڕادەستکردنی پێنج سیستەمی پاتریۆت و پەدافەندی هەوایی ستراتێژیک بە ئۆکراین کرد. لەلایەکی دیکەوە قەرارە پێنج دەوڵەتی ئەندامی ناتۆ (ئەمریکا، بێلژیک، دانمارک، هۆلەند و نۆروێژ)، دەیان سیستمی نوێی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکراین بنێرن. بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش باسی لە دەسپێکی ناردنی جێتی ئێف ١٦ بۆ ئۆکراین کرد و وتی: ”تا کۆتایی ساڵ بەستەیەکی یارمەیتیی بەرگریی ئاسمانیی دیکە دەدرێتە ئۆکراین و ئەمە ئەندامیەتیی ئۆکراین لە ناتۆ زیاتر لە ڕابردوو بەهێز دەکات”. بەڵام جگە لە یارمەتیی نیزامی، ئەمریکا هەتا ئێستا ١١٣ ملیارد دۆلار یارمەتی شەڕی ئۆکراینی داوە. مەجلیسی سێنای ئەمریکا لە فێوریەی ئەمساڵدا گەڵاڵەی یارمەتیی ٦٠ ملیارد دۆلاریی دەوڵەتی بایدن بە ئۆکراینی پەسند کرد. دەوڵەتەکانی ئاڵمان، بریتانیا، نۆروێژ، دانمارک، هۆلەند، کانەدا، سوێد و فنلاندیش بەگشتی ٤١ ملیارد دۆلاریان کۆمەک بە شەڕی ئۆکراین کردووە.
لەو نێوەدا زێلنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکراین کە ئامرازێکە لە دەستی ئەمریکا و دەسەڵاتە ئورووپاییەکان بۆ بەرەپێشبردنی نەخشەکانیان، نەزانانە داوای کرد کە چەکی تەهاجومی بۆ ئۆکراین بنێردرێ. غافڵ لەوەیکە ئەمریکا و شەریکەکانی بۆ ڕەقابەت و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چین و ڕووسیە کەوتوونەتە دۆخێکی هێندە دژوارەوە کە لەماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو ئیمکاناتیان نەیانتوانیوە سەرکەوتنێک لەم شەڕەدا بەدەست بێنن. گرینگیی بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوە تەدافوعیەی ناتۆش پەیداکردنی ڕێکارێکە بۆ شاردنەوەی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئەمریکا و دەوڵەتانی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا. لێدوانەکانی بایدن و ستۆڵنبێرگ و باقی بەرپرسانی ئەمریکا و ئوروپا لەم کۆبوونەوەیەدا، لە هەمان کاتدا کە نیشانەی لاوازی و ناتەبایی و هاوکاری نەکردنی هەموو ئەندامانی ناتۆیە، هەوڵێکیشە بۆ هاندانیان بە مەبەستی یارمەتی و پشتگریی زیاتر بۆ ئەوەی ئەم شەڕە لەگەڵ ڕووسیە و چین زیاتر پەرەپێبدەن. تەرخانکردنی بودجەیەکی وەها گەورە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەم شەڕەدا، لەکاتێکدایە کە ستۆڵتنبێرگ لە لێدوانێکی بەئاشکرا ناتەبا دانی بەوەدانا کە: “ڕووسیە هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی نزیک بۆ سەر ناتۆ دروست ناکات”.
لەڕاستیدا ڕەقابەت و کێشمەکێش لە نێوان دوو جەمسەری جیهانی سەرمایەداریی چین و ڕووسیە لە بەرامبەر ئەمریکا و زلهێزەکانی سەرمایەداری ئورووپا نیشانەی کێبەرکێ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانە لەپێناوی گۆڕینی نەزمی جیهانی یەک جەمسەری و لەپێناوی هاتنە مەیدانی جەمسەرەکانی دیکەی سەرمایەداری. شەڕ و کێشمەکێش لەسەر دابەشکردنەوەی جیهان لەنێوان خۆیانە تا هاوسەنگی بەرەو چەوساندنەوەی هێزی کار و قازانجی زیاتر بگۆڕن. یارمەتیی بەرینی دارایی ئەمریکا و هاوبەشەکانی بە شەڕی ئۆکراین لە کاتێکدایە کە بوودجەی پێویست بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی برسیی ئەفغانستان تەنیا یەک ملیارد دۆلارە و هێستا دەوڵەتانی سەرمایەداری کە هۆکاری شەڕ و هەژاری و برسیەتیی خەڵکی ئەفغانستانن، حازر بە دابینکردنی نین. بە پارەیەک کە دەوڵەتەکان لە سفرەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئەم وڵاتانە بۆ شەڕی ئۆکراین داویانە، دەکرێ هەزینەی خۆراک بۆ هەموو خەڵکی برسی لە سەرتاسەری دنیا دابین بکرێت و منداڵان لە مەرگ و برسیەتی ڕزگاریان بێت.
هەڵبەت لەم بارودۆخەدا، چەندین بزووتنەوە لەلایەن جەماوەری هوشیار و پێشکەتنخوازەوە لە ئەمریکا دژبە شەڕخوازی و دژبە یارمەتی بەرینی ئەمریکا بۆ شەڕی ئۆکراین کە لە سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەکێشەوە دابین دەکرێت، کەوتووەتە ڕێ. لەم پەیوەندییەدا چەندین هاوپەیمانی پێکهاتوو لە ڕێکخراو و گرووپە ئاشتیخوازەکان لەئاستی ئەمریکا و جیهان لەژێرناوی “ئاشتی لە ئۆکراین”، شکڵی گرتووە. بڕیارە ئەم هاوپەیمانییە لە نێوان ٣٠ی سێپتامبر تا ٨ی ئۆکتۆبەر هەڵمەتێک بە ناوی “ڕۆژانی جیهانی چالاکی بۆ ئاشتی” دەستپێبکات بۆ ئەوەی حکوومەتی ئەمریکا ناچار بکات لە ئاشتی نزیکبێتەوە و دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین بکات. لە بەیاننامەیەکدا کە ئەم هاوپەیمانییە بڵاویکردووەتەوە، ڕایانگەیاندووە: “ئێمە دژی شەڕی ئیمپریالیزمین. هاوپەیمانییەکەمان دژی هێرشی ڕووسیەیە بۆ سەر ئۆکراین و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پەرەسەندنی ناتۆ بووەتە هۆی ئەم قەیرانە. بەڵام چالاکیی هاندەرانەی ناتۆ هەرگیز پاساوێک بۆ هێرشکردن بۆسەر ئۆکراین نییە و بەرەو شەڕی جیهانیی سێهەممان دەبات. ئێمە خوازیاری ئەوەین ئەو گەمارۆیانە هەڵبگیرێن کە زیان بە خەڵکی ئاسایی ڕووسیە دەگەیەنن. داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین ئەو پەنابەرانە وەربگرن کە لەم شەڕە ڕایانکردووە”. لەم بەیاننامەیەدا دروشمەکانی کەمپەینی ٨ ڕۆژەش دیاری کراوە لەوانە: (کوشتن لە هەموو بەرەکان ڕابگرن. ئاگربەست هەر ئێستا. ئێمە خوازیاری دانوستان بۆ ئاشتین، نەک ناردنی چەک بۆ شەڕ. ملیاردها دۆلار بۆ نیازی ئینسانەکان، نەک بۆ قازانجبەرانی شەڕ. نابوودیی چەکی ئەتۆمی، نەک شەڕی ئەتۆمی).
کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا لە هەموو شوێنێک پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی شەڕخوازانەی زلهێزەکانی سەرمایەداری و دەوڵەتانی ناوچەکە، بە وەڕێخستنی بزووتنەوەی جەماوەری لە ناڕەزایەتی دژبە شەڕ و ئینسانکوشتن و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا، بەر بە پەرەستاندن و درێژەی ئەم شەڕانە بگرن. ئەو پووڵە کەڵانانەی کە دەوڵەتەکان دەیکەنە خەرجی شەڕ و وێرانی، پێویستە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و ڕزگاریی خەڵکی جیهان لە هەژاری و برسیەتی تەرخان بکرێت.