بەشێک لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی ڕۆژی دووشەممەی گوندی ئاقدەرەی سەر بە شاری تیکاب بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی خەڵکی ئەو گوندە لە بەردەم بنکەی هێزەکانی ڕێژیم لە شاری تیکاب کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. بەپێی ئەو هەواڵانەی بەدەستمان گەیشتووە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژ، بەشێک لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە لە هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر گوندی ئاقدەرە و دوابەدوای تێکهەڵچوونی ئەو هێزانە لەگەڵ خەڵکی ناڕازی لە بەردەم کانگای زێڕی ئەو ئاواییە و دەسبەسەرکردنی دەیان کەس و برینداربوونی ٣ کەسی لێکەوتەوە، کۆبوونەوە و داوای ئازادکردنی خەڵکی ئەو گوندەیان کرد. جێگای ئاماژەیە شەوی دووشەممە ٩ی گەلاوێژ، هێزەکانی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “ئاقدەرە” و زیاتر لە ۵٠ کەسیان دەسبەسەر کردووە کە تا ئێستا ناوی ٢٩ کەسیان زانراوە.