ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گوڵان، خانەنشین کراوانی شیرکەتی مۆخابەرات لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران، بۆ جارێکی دیکە هاتنە سەر شەقامەکان و دەستیاندایە کۆبوونەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، خانەنشین کراوانی ناڕازی بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای شیرکەتی مۆخابەراتی شارەکانی تاران، شیراز، ڕەشت، ئەراک، ئیسفەهان، ئەردەبیل، ئەهواز، هەمەدان، زەنجان، تەورێز، بەندەرعەباس، مەریوان، کرماشان، ورمێ، بیجاڕ و سنە و لە ڕێگەی بەدەستەوە گرتنی چەندین پلاکارد و وتنەوەی درووشمی ئێعتڕازی لەوانە، “شیرکەتی پڕداهات چیت بەسەر هات”، “بەکردەوە دەرهاتنی ئاییننامە مافی سەرەکی ئێمەیە”، “خانەنشین کراوان یەک بگرن یەک بگرن”، “وادە و بەڵێنەکان جوان بوون، بەڵام هەمووی درۆ بوون”، “تا کاتێک کە مافەکەمان وەرنگەرین، ئارام نابینەوە” و “تەنیا لەسەر شەقام وەدی دێت مافەکانمان”، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان لەوانە، “جێبەجێ کرانی ئایین نامەی کارمەندان” و “دامەزراندنی ساڵی ١٣٨٩” و “چارە سەرکرانی کێشەکانی پێوەندیدار بە بیمەی دەرمانی”یان بوون.