خانەنشین کراوانی شیرکەتی مۆخابەرات، سەرەڕای کەشوهەوای سارد و بارانی، ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی سەرماوەز، لەئاست وەدینەهاتنی خواستەکانیان لە زۆربەی شارەکانی ئێران، بۆ جارێکی دیکە هاتنە سەر شەقامەکان و دەستیاندایە کۆبوونەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، خانەنشین کراوانی ناڕازی بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای شیرکەتی مۆخابەرات لە شارەکانی، تاران، تەورێز، ئیسفەهان، لۆرستان، مازەندەران، بابۆل، زەنجان، ورمێ، ئیلام، شیراز، ئەهواز، سنە، مەریوان، بیجاڕ، ئەردەبیل، گیلان و کرماشان، هاتنە سەر شەقامەکان و ڕێپێوانی ئێعتڕازیان بەڕێوەبرد و لە ڕێگەی بەدەستەوە گرتنی چەندین پلاکارد و وتنەوەی درووشمی “حقووقی بازنشەستە، تەنیا بەشی یەک حەفتە”، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان لەوانە، “جێبەجێ کرانی ئایین نامەی کارمەندان” و “دامەزراندنی ساڵی ١٣٨٩” و “چارە سەرکرانی کێشەکانی پێوەندیدار بە بیمەی دەرمانی”یان بوون.