رۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار، کرێکارانی پاڵاوگاکان لە بەشەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت، هەشت، نۆ، دە و دوازدەیەم لە پارسی جنووبی، دەستیان لە کار کێشایەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
شایانی باسە، هەوڵی بەڕێوەبەران و حەراسەتی پاڵاوگاکان بۆ بڵاوەپێکردن بە کرێکاران، لەگەڵ خۆڕاگری کرێکاران بەرەوڕوو بووەتەوە و شکستیان هیناوە. کرێکارانی ناڕازی لەم کۆبوونەوانەدا وێڕای باس کردنی خواستەکانیان لەوانە، “نەمانی شیرکەتەکانی پەیمانکاری، بەکردەوە دەرهێنانی گەڵاڵەی ڕیزبەندی کارە سەخت و زیانبارەکان، بەشداربوون لە کارتی نەوت و گاز، بۆن کارت و پێدانی پشوو بە کرێکارانی پشتیوانی بە شێوەی دوو ڕۆژ دەرمیان”، خوازیاری وەڵامدانەوەی بەرپرسان و بەڕێوەبەران بە کێشەکانیان بوون و هەروەها کرێکارانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە: تا کاتێک کە خواستەکانیان دابین نەکرێ دەست لە کۆبوونەوە هەڵناگرن و ناچنەوە سەر کارەکانیان.