کرێکارانی پاڵاوگەکانی دامەزراوەی نەوت و گازی پارسی جنووبی، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان، لە پاڵاوگەکانی “٣، ٥، ٧، ٩، ١٠ و ١٢” ئەم ناوەندە بۆ جارێکی دیکە دەستیاندایە کۆبوونەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کرێکارانی شاغڵ لە دامەزراوەی نەوت و گازی پارسی جنووبی، بە وتنەوەی درووشمی “داخوازی ئێمە یەک شتە، دانی حەقدەستی تەواو” و “حەقدەستی دادپەروەرانە، مافی سەرەکی ئێمەیە”، دەستیان لەکار کێشایەوە و لە شوێنی کارەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. کرێکارانی ناڕازی هەروەها خوازیاری وەدیهاتنی خواستەکانیان لەوانە: “نەمانی سەقفی حقووق، چاکسازی لە حقووقەکان بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، نەمانی ئاستەنگییەکانی مافی هەمیشەیی و خانەنشینی، بەکردەوە دەرهێنانی درووستی مادەی ١٠، پەرداخت کردنی بەک پەی مادەی ١٠، جیانەکردنەوەی پیشەکان لە ناوچەکانی عەمەلیاتی، گەڕاندنەوەی ئەو ماڵیاتانەی کە لە حقووقەکانیان کەم کراوەتەوە، چاکسازی لە سیستەمی پایە حقووق و تێکەڵنەکردنەوەی سندووقی خانەنشینی لەگەڵ باقی سندووقەکان کە ئیفلاسیان هێناوە”، بوون.