ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی سەرماوەز، چوار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران سەبارەت بە بایەخ نەدان بە ویست و داخوازییەکان لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدار، هەروەها خراپبوونی بارودۆخی ژیان و بەڕێچوون بەڕێوەچوو.
هەر لەم پێوەندییەدا لە ٢٩ـەمین کۆبوونەوەی خانەنشینکراوانی ئێراندا، خانەنشینکراوانی شاری سنە لە بەرانبەر سندووقی خانەنشینکراوان کۆبوونەوە و بە بەرزکردنەوەی پلاکارد و هەروەها وتنەوەی دروشم داوای یەکسان کردنی حەقدەستەکانیان و هەروەها بردنەسەرەوەی حەقدەستی مانگانەیان لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی نرخەکان کرد.
هەروەها خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شاری شووش و هەفت تەپەش لە بەرانبەر بینای فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتییان لە پارێزگای کرمان بۆ جاری چوارەم لەم مانگانەی دواییدا، بە هۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، لە بەردەم بینای پارێزگاری کرمان کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
کرێکارانی کارگەی ئاوی کانزایی داماشیش بە هۆی نەدان و دواکەوتنی حەقدەستی سێ مانگی پاییزییان کۆ بوونەوە و داوای مافەکانی خۆیان کرد.
کرێکارانی شیرکەتی نەوت و گازی ئاغاجاریش هەروەها بەهۆی بایەخ نەدان بە ویست و داخوازییەکانیان و نەدانی حەقدەستەکانیان و هەروەها خراپبوونی بارودۆخی ژیانیان لە شوێنی کارەکەیان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.