وەزیرانی کاروباری دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامی و سعوودیا بۆ یەکەمین جار و پاش حەوت ساڵ لە پێکەن کۆبوونەوە.
“حسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان” وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ هاوتا سعوودییەکەی، “فەیسەل بن فەرحان”، لە پێکەن کۆبوونەوە. لەم دیدارەدا هەردوولا بە جەخت کردنەوە لەسەر دەست پێکردنەوەی فەرمیی پێوەندیی هەر دوو لایەنەکە، باسیان لە هەنگاوە کارگێڕییەکان بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان و کۆمەڵێک پرسی پێوەندیدار بە هەر دوو لایەنەکەوە کرد.
پێشتر لە ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕەشەمە، میدیاکانی ڕژیم و سعوودیا ئەم ڕێکەوتنەیان بۆ دەست پێکردنەوەی پێوەندییە دوو قۆڵییەکان ڕاگەیاند و نووسیان ئەم ڕێکەوتنە لە کاتی سەفەری “عەلی شەمخانی”، بەڕێوەبەری شورای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی بۆ پێکەن بووە.
ئێران و سعوودیا لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١، بە نێوەندگیریی چین لەسەر دەست پێکردنەوەی پێوەندییە دیپلۆماتیکەکان و کردنەوەی باڵوێزخانەکان ڕێکەوتن. ڕیاز لە ساڵی ١٣٩٤ دوا بە دوای هێرشی بەشێک لە لایەنگرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی سعوودیا لە تاران و مەشهەد، کە کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر لەسیدارەدانی ڕۆحانیی شێعە، “شێخ نەمر ئەلنمەمر”، پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕژیم بچڕاند.
بەپێی ڕێکەوتنی ڕژیم و سعوودیا کە لە مانگی ڕابردوودا لە چین کرابوو، بڕیار دراوە کە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دامەزراوە دیپلۆماسییەکانیان بکەنەوە.