
چین ئەمساڵ گەورەترین کۆبوونەوەی “ڕێکخراوی هاوکاری شانگهای” لە کاتی دامەزرانی ئەم ڕێکخراوەوە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە ٩ و ١٠ی مانگی خەرمانان لە تیانجین بەڕێوەبرد. لەم کۆبوونەوەیەدا گوتێرێش بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێبەرانی زیاتر لە ٢٠ وڵاتی جیهان لەوانە ڤلادیمیر پوتین لەگەڵ شاندێکی گەورە لە بەرپرسانی ڕووسیە و نارندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هێند بەشدارییان کرد. کۆماری ئیسلامیش کە ساڵی ١٤٠٠ بوو بە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە، مەسعوود پزشکیانی بۆ بەشداریکردن لەم کۆبوونەوەیە ڕەوانەی چین کرد. لە درێژەی کۆبوونەوەی ئەمساڵی “ڕێکخراوی هاوکاری شانگهای”دا، قەرارە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی مانگی خەرمانان بەرابەر بە ٣ی سێپتامبر بە بیانووی سەرکەوتنی شەڕی جیهانیی دووهەم، چین ڕێژەیەکی گەورەی نیزامی لە پێکەن بەڕێوەببات و تێیدا پێشکەوتووترین چەک و کەرەستەی تەکنیکی و ئەلکترۆنیکی وەک هێزی نیزامیی خۆی بەرامبەر بە ئەمریکا و ناتۆ نیشان بدات. قەرارە پوتین، کە سێ ساڵە لە ئۆکراین بەرامبەر بە ناتۆ لە شەڕێکی تەواو عەیاردایە، کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکوور و پزشکیان بۆ تەماشاکردنی ئەم ڕێژە نیزامییە بەشداری بکەن. بەمجۆرە، چین لەم دەرفەتەدا دەیهەوێ لەڕێگەی “ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای”شەوە، وەک بەرەیەکی سیاسی و نیزامیی سەرمایەداری، مۆری تەئکیدی دووبارە لە مەوجوودییەتی جیهانی چەند جەمسەری بدات.
حزووری هیندووستان وەک هێزێکی گەورەی ئابووریی ئاسیا لەم کۆبوونەوەیەدا سەرەڕای ناکۆکی و تەنانەت دەرگیریی نیزامی چەند ساڵ لەمەوبەری نێوان هێند و چینیش جێگای سەرنجە. قسەوباسی شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین سەبارەت بەوەیکە “هێند شەریکی ئابووریی چینە نەک ڕەقیب”، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم کۆبوونەوەیە بۆ چین لە ڕەقابەت و کێشمەکێشی نێوان جەمسەرەکانی سەرمایەداری لەئاستی جیهانیدا، لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە چەندە گرینگە. سەپاندنی تەعرەفەی ٥٠%ی ترامپ بەسەر هەناردنەی هێند بەهۆی کڕینی نەوت لە ڕووسیە، هاوشێوەی چین، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووریی ئەم وڵاتە.
لە وەها بارودۆخێکدا حاکمانی دەرماندەی کۆماری ئیسلامی چاوی هیوایان لە کۆبوونەوەی شانگهای بەڕیوە تا بەڵکوو دەرەتانێک بێ بۆ دەربازبوونیان. بەتایبەت ئەوەیکە لە ئێستادا، بارودۆخی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی بە دوای کردەوەی سێ دەوڵەتی ئورووپایی ئەندامی ڕێککەوتنی بەرجام لە بەکارهێنانی “مێکانیسمی ماشە” و گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆ هەڵوەشاوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکجار خراپتر لە ڕابردوو بووە. لەم پەیوەندییەدا عەلی خامنەیی ڕۆی یەکشەممە ٩ی مانگی خەرمانان هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ئەم کۆبوونەوەیە، خوازیاری عەمەلیاتی بوونی هەموو بوارەکانی ڕێککەوتی ٢٥ ساڵەی ڕژیم لەگەڵ چین بوو و بە تاریف و پێهەڵکوتن بە مێژووی کۆنی چین و ئێران لە دوو بەری ئاسیا وتی: “ئەم دوو وڵاتە هێزێکی ئاڵوگۆڕخوڵقێنیان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا هەیە”. مەسعوود پزیشکیانیش بە چاولێکەری لە خامنەیی، کۆبوونەوەی شانگهای بە دەرفەتێکی مێژوویی ناوبرد و وتی: “حزووری ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا هەوڵێکە لە بەرامبەر تاکلایەنی و پاوانخوازیی بلۆکەکانی ڕۆژاوا”.
بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەم دواییە و شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی نیشانی دا کە چین ئامادە نییە پشتیوانی کردەوەیی لە کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەوان بکات. چونکە بەرژەوەندی ستراتێژیک و قازانجی ئابووریی چین وەک جەمسەرێکی سەرمایەداری، لە پشتیوانی کردنی لە کۆماری ئیسلامیی داڕماو، گرینگترە. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و لە جەریانی دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیشدا کە چین لەڕێگەی کڕینی نەوتی قاچاغ و هەڕاجی کۆماری ئیسلامی ملیاردها دۆلار سوودی کردووە، حازر نەبووە لە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانانیدا لە کۆماری ئیسلامی دیفاع بکات. ئەوە لە کاتێکدایە کە چین تەنانەت لە ئاستی ناوچەییدا بۆ نموونە لە ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیمارات لەسەر جەزیرەکانی کەنداو، بەخاتری بەرژەوەندی ئابووریی خۆی، لەدژی کۆماری ئیسلامی و لە پشتیوانی لە ئیمارات هەڵوێستی گرتووە. لە جەریانی شەڕی ئیسرائیل و ئێرانیشدا چین بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریی خۆی لەبەرچاو بوو و بێجگەلە پشتیوانیی لەفزی لە کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و شۆرای ئەمنیەت، کارێکی لە دژی ئیسرائیل ئەنجام نەدا. لەم پەیوەندییەدا چین تەنانەت ڕاپۆرتی گۆڤاری “میدڵ ئیست” سەبارەت پێدانی سیستمی بەرگری بە کۆماری ئیسلامی دەستبەجێ و بەتوندی ڕەت کردەوە کە تووڕەیی و ڕەخنەی میدیاکانی کۆماری ئیسلامیشی لێکەوتەوە.
لە کاتێکدا کە چین هەروا خوازیاری کڕینی نەوتی هەرزان لە ڕژیمی ئیسلامییە و کۆماری ئیسلامیش لە بارودۆخێکی قەیراناوی و لە گەمارۆی توندی ئابووریدایە، ڕێگایەکی بێجگەلە نزیکبوونەوە و ئیمتیازدان بە چین بۆ دەستڕاگەیشتنی بە پارە نییە. هەڵبەت ئەگەر چین لەلایەن ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بخرێتە ژێر فشارەوە، دەتوانێ چیتر نەوت لە کۆماری ئیسلامیش نەکڕێت و حازر نەبێت بەرژەوەند و قازانجی ستراتێژیک و پەیوەندی بەرینی ئابووریی خۆی لەگەڵ ئەمریکا، ئورووپا و هاوپەیمانانی ناوچەییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەئاستی جیهان، بەخاتری پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی بخاتە مەترسییەوە.
پەرەسەندنی قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی لەماوەی حەفتەی ڕابردوو بەدوای ڕاگەیاندنی دەستپێکی ڕەوتی چالاک کردنی مێکانیسمی ماشە لەلایەن سێ دەوڵەتی ئورووپایی ئەندامی بەرجام، بووەتە هۆی ئەوەیکە نرخی دۆلار لە بازاڕدا بەخێرایی بچێتە سەرێ و ڕۆژی دووشەممە ١٠ی مانگی خەرمانان، بچێتە سەرووی ١٠٦ هەزار تمەن. ڕێژەی تەوەرومی ڕەسمی گەیشتە ٦٠% و پێداویستییەکانی خەڵک گرانتر بوون. وەها هەلومەرجێک هیوای خامنەیی و ڕێبەرانی دیکەی کۆماری ئیسلامی بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری لەڕێگەی بەقسەی خۆیان “عەمەلیاتی کردنی هەموو بوارەکانی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین” دەکاتە خەیاڵێکی خاو و دەیکاتە هیوایەکی پووچ و بێبنەما. هەڵبەت جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لەو وەهم و خۆشباوەڕییەدا نین کە کۆماری ئیسلامی لەڕێگای دەورلێدانەوەی گەمارۆکانەوە، تەنانەت بە لابردنی گەمارۆکانیش، بتوانێ لە قەیرانی ئابووری نەجاتی بێت. ئەوان دوای وەستانی کورتی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی خەباتیان، دووبارە هاتوونەتەوە مەیدان و لەماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان بۆ بەدواداچوون و وەدیهێنانی داخوازییەکانیان، مۆری تەئیدیان لەم واقعییەتە داوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە