فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا؛ ئەزموونێک کە دەبێ دەرسی لێ وەربگرین
پێنجشەممە ۱۲-۰۶-۱۴۰۵   |  03-09-2026

سەرەنجام لە درێژەی ڕێککەوتننامەی ١٨ی ژانویەی ٢٠٢٦دا، کە لەژێر گوشاری دەوڵەتانی ئەمریکا و تورکیادا بەسەر فەرماندەی “هێزەکانی سووریای دیموکرات”دا سەپێندرا، مەزڵووم عەبدی لە ٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦دا هەڵوەشانەوەی ئەم هێزانە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای ڕاگەیاند. ناوبراو پێداگریی لەوە کرد کە سەرجەم دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی سووریا بەتەواوی لەنێو دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریادا تێکەڵ کراون. مەزڵووم عەبدی پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سەرۆک کۆمار لە دیمەشق ڕایگەیاند کە هێزەکانی سووریای دیموکرات پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریایان کۆتایی پێ هێناوە و چیتر وەک هێزێکی سەربەخۆ چالاکی ناکەن و بە بەرپرسیارێتیی تەواوەوە، هەڵوەشانەوەی ئەم هێزە وەک هێزێکی سەربەخۆی سەربازی ڕادەگەیەنین. ئەو وتیشی: “ئێمە دەمانەوێت سووریایەکی نوێ و یەکگرتوو بونیاد بنێین”. فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕاوێژکاری ئێستای ئەحمەد شەرع، ئەم گۆڕانکارییەی وەک “تێپەڕین لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی” و هەنگاونان “لە مەیدانی جەنگەوە بۆ مەیدانی ئاوەدانی” وەسف کرد.

بەڵام مەزڵووم عەبدی بە هەر دەستەواژەیەک باس لەم گۆڕانکارییە بکات، لە ڕوانگەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی وشیار و چاودێرە سیاسییە واقیع‌بینەکانەوە کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ پێشهاتەکانی کوردستانی سووریا کردووە، هەڵوەشانەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی سووریا و ئەو هێزە چەکدارەی کە پارێزگاریی لە دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی دەکرد لە بەرامبەر گرووپە تیرۆریستە جیهادی و ئیسلامییەکاندا، وەک شکستێکی ئاشکرا و کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لێک دەدرێتەوە.

کوردستانی سووریا، کە یەکێک لە ناوەندەکانی خەبات دژی ستەمگەریی دەوڵەتی ناوەندی بوو، نزیکەی ١٥ ساڵ لەمەوبەر بەشداریی لە ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی سووریادا کرد دژی دیکتاتۆریی ڕژیمی بەشار ئەسەد و بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵاواردن و بێ‌مافییەکان. ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی سووریا بەهۆی سەرکوتکردنی خوێناوی و دەستتێوەردانی حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوە پەراوێز خرا و سووریا بوو بە مەیدانی شەڕی ناوخۆیی و تەڕاتێنی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان بە فەرمانی حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوە. ئەم دۆخە لە کوردستان، بە ڕۆڵگێڕانی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و لەسەر زەمینەی بزووتنەوەیەکی جەماوەری و لە دەرەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسی و کارگێڕییەی کە لە جەرگەی شەڕی ڕوو لە هەڵکشانی ناوخۆیی لەم ناوچەیەدا هاتە ئاراوە، زەمینەی ساز کرد بۆ بونیادنانی پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەریی خەڵکی ئەم ناوچەیە. ئەم دامەزراوە و ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبەرییانەی کە لە گوند، شارۆچکە و شارەکانی کوردستانی سووریا پێکهاتبوون، لە بۆشایی دەسەڵاتی ئۆرگانەکانی دەوڵەتی ناوەندیدا، حاکمییەت، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کانتۆنەکان و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان گرتە دەست. ئەوان بە بەشدارپێکردنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، دابینکردنی پێداویستییەکانی پێکەوەژیانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەسەر بنەمای بەڕەسمی‌ناسینی مافە مرۆییەکان و مافی یەکسان بۆ ژنان و جیاکردنەوەی ئایین لە دامودەزگاکانی حکوومەت، ئەزموونێکی گرانبەهایان لە سەردەمی جەنگ و بەرخۆدان لە بەرامبەر گرووپە چەکدارەکانی کۆنەپەرستیی ئیسلامیدا تاقی کردەوە.

لەو هەلومەرجەدا، ئەوەی کە هێزە پێکهێنەرەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر، توانییان خەڵکی کوردستانی سووریا لەژێر مەنگەنە و دەرەنجامە کارەساتبار و خوێناوییەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی هێزەکانی دەوڵەت و بەرەی کۆنەپەرستی ئۆپۆزیسیۆن دەربهێنن، و بە پشتبەستن بە هێزێکی چەکداری جەماوەری و یەکینەکانی پاراستنی ژن و پاراستنی گەل لە بەرامبەر هێرشی یەک لەدوای یەکی هێزەکانی داعش و داگیرکاریی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لەم ناوچەیە و ئەو مەترسییانەی هەڕەشەیان لەم ئەزموونە دەکرد، بەرخۆدانێکی جەماوەری ڕێک بخەن، دەستکەوتێکی گرنگ و حاشاهەڵنەگر بوو. دەوڵەتی تورکیا لە مانگی مارسی ٢٠١٨دا و بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا، کانتۆنی عەفرینی داگیر کرد. بەڵام سەرەڕای داگیرکاری و تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەم بزووتنەوەیە بە سەرنجدان بەو پێگەیەی کە بەدەستی هێنابوو، بوو بە هێزێکی گرنگ لە پێشهاتەکانی سووریا و هاوکێشەکانی ناوچەکەدا.

سەرەڕای ئەمەش، ئەم پێگە هەستیار و ناسەقامگیرە بەتوندى کەوتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستی و “کتوپڕەکەی” حەماس و چەند گرووپێکی میلیشیای فەلەستینیی دیکە لە خاکی ئیسرائیل و بەدوای ئەوەشدا دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێ لە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی فەلەستین لە غەززە بە پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەورووپا، کێشرانی پانتایی شەڕ بۆ لوبنان و ئەو گورزانەی بەر حیزبوڵڵا کەوتن، بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل لە سووریا و فراوانبوونی ناوچە داگیرکراوەکان دوای ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و…، سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا و هەڵوێستە ستراتیژییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانە، بزووتنەوەی کوردستانی سووریای خستە ناو دۆخێکی تەواو نوێوە. بە ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا کە بەپێی نەخشەی دەوڵەتی ئەردۆغان و بە هاوکاریی ئەمریکا ئەنجام درا، بزووتنەوەی ڕۆژئاوا کە ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی لەگەڵیدا وەک ئامرازێک لە شەڕی دژی داعش و لەپێناو ئامانجەکانی خۆی کەڵکی لێ وەردەگرت، گرنگیی خۆی لەدەست دا و جێگیرکردنی ئەو حکوومەتە تازەپێگەیشتووەی دیمەشق بوو بە ئەولەوییەتی سیاسەتی ئەمریکا. دەوڵەتی تورکیا و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەردۆغان و باخچەلی ڕێبەری پارتی فاشیستی “بزووتنەوەی نەتەوەیی”، لە درێژەی پەرەپێدانی سیاسەتی سەرکوتگەرانە لە ناوخۆی تورکیا و دەستتێوەردانە سەربازی و سیاسەتی پاوانخوازانە لە سووریا و کوردستانی عێراق، بە دەستپێشخەریی خۆیان پلانی ئەمنیی “تورکیای بێ تیرۆر”یان خستە گەڕ. پاش چەند دیدار و گفتوگۆی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵی و گفتوگۆی ئەم شاندە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا و هاتووچۆی شاندەکان بۆ قەندیل و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی عێراق، سەرەنجام عەبدوڵڵا ئۆجەلان هاوڕایی خۆی لەگەڵ پلانی ئەمنیی دەوڵەتی تورکیا، لەژێر ناوی گەڵاڵەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” ڕاگەیاند. ئۆجەلان لەو پەیامەدا نەک تەنیا داوای لە پەکەکە کرد کە چەک دابنێت، بەڵکوو داوای کرد کۆنگرە ببەستێت و هەڵوەشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێت. لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیا و داهێنەرانی ئەم پڕۆژەیەوە، چەک‌کردنی ڕۆژئاوا و هەڵوەشانەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەم ناوچەیەدا بەشێکی دانەبڕاو بوو لەم ستراتیژییە ئەمنییە. ئەم پلانە، هەروەک چۆن لە خاڵەکانییەوە دیارە، هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەوتی “دیموکراتیزەکردن” لە تورکیا یان سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە. ئەم پلانە لە خزمەت بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی دەوڵەتی تورکیادایە و بەشێکە لە ستراتیژییەکی سیاسی و ئەمنیی پێشگیرانە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ستراتیژیی دەوڵەتی ناتانیاهۆ بۆ داڕشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ لەژێر هەژموونی ئیسرائیلدا کە بە فراوانکردنی پانتایی شەڕی غەززە بۆ لوبنان و سووریا پەردەی لەسەر لادرابوو. دەوڵەتی تورکیا بەم ستراتیژییە بەرپەرچدەرەوەیە ویستی هەر جۆرە هەوڵێکی ئەگەریی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ بەکارهێنانی پرسی کورد وەک ئامرازێک لە تورکیا و سووریا لەپێناو پێشخستنی ستراتیژیی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خستنە ژێر گوشاری دەوڵەتی تورکیا، هەر لە سەرەتاوە لەبار ببات. لە ڕاستیدا ئەوەی ئۆجەلان و سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا لەگەڵی هاوڕان، ڕەوتی دیموکراتیزەکردن نییە لە تورکیا و سووریا، بەڵکوو هاوڕاییە لەگەڵ ستراتیژیی ئەمنیی دەوڵەتی تورکیا بۆ بەرپەرچدانەوەی گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دڵخوازی دەوڵەتی ئیسرائیل.

ئەگەرچی مەزڵووم عەبدی بەشداریکردن لەم ستراتیژییە ئەمنییە وەک تێپەڕین لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی و ئاوەدانی ناو دەبات، بەڵام لە واقیعدا لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیی ئەحمەد شەرع‌دا، کە تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ خستووەتە ژێر چنگی خۆی و کەسە نزیکەکانی لە دەستەی تەحریر شام، هیچ هەواڵێک لە ئاشتی و ئاوەدانی نابێت. بەپێی دەستووری نوێ، ئایینی ئیسلام وەک ئایینی فەرمیی کۆماری سووریا دیاری کراوە و سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانان لە سووریا فیقهی ئیسلامییە. لە ڕاستیدا، سەرجەم ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان، ئازادیی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ و ڕۆژنامەگەری و مافەکانی ژنان و مافی خاوەندارێتی و بەشدارییان لە کار و خوێندن و گۆڕەپانە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، لە چوارچێوەی بەرتەسک و تاریکی یاساکانی فیقهی ئیسلامیدا کۆت و بەند کراون. لەگەڵ ئەم دەستوورە ئیسلامییەدا، دڵخۆشکردن بە ڕەچاوکردنی مافی هاووڵاتیبوونی خەڵکی کوردستان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە و خەڵکی سووریا لە چوارچێوەی دەستوورێکدا کە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک هیچ ڕۆڵێکیان لە داڕشتنیدا نەبووە، تەنیا وەهم و خەیاڵە و هیچی تر. ڕوونە کە ڕێککەوتن لەسەر هەڵوەشانەوە و تێکەڵکردنی دامەزراوە جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان کە تا پێش ئەم پێشهاتانە لەسەر بنەمای پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتنخوازانە کۆمەڵگەیان بەڕێوە دەبرد، تا چ ڕادەیەک لە دژایەتیدایە لەگەڵ داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و خەڵکی سەرانسەری سووریا. ئاشکرایە تێکەڵکردنی ئەو هێزە چەکدارانەی کە تا دوێنێ پارێزگارییان لەم دەستکەوتە پێشکەوتنخواز و دیموکراتیکانە دەکرد، لەنێو سوپایەکدا کە پێکهاتەی فەرماندەیی و زۆرینەی هێزەکانی لە جیهادییەکانی سەر بە تەحریر شام و بەشەکەی تریشی لە میلیشیا بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیا و پاشماوەکانی سوپای سووریا پێکهاتووە، تا چ ڕادەیەک دەتوانێت مژدەبەخشی ئاشتی و ئاوەدانی بێت. بۆیە نابێت هیچ گومانێک لەوەدا هەبێت کە بە هەڵوەشانەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، تەواوی دەستکەوتەکانی ئەم ئەزموونە یەک لەدوای یەک کەوتوونەتە بەر شاڵاو و مەترسیی لێسەندنەوە. نادیدەگرتن و حاشاکردن لەم ڕاستییانەی پەیوەستن بە چارەنووسی بزووتنەوەی ڕۆژئاواوە و بچووککردنەوەی پرسی کورد لە پرسێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ناوچەییەوە بۆ تەنیا بەهرەمەندبوون لە مافی خوێندن بە زمانی کوردی، بە واتای خۆڵکردنە چاوی خەڵکە.

بێگومان لە مێژووی خەباتی هەر بزووتنەوەیەکی هەقخوازانەدا ئەگەری ئەوە هەیە کە لەژێر کاریگەری و گوشاری واقیع و فاکتەرە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکاندا، پاشەکشە یان تەنانەت شکستیش ببێتە شتێکی حەتمی و حاشاهەڵنەگر؛ لەم ساتانەدا ئەوەی گرنگە گوتنی ڕاستییەکان و بەزیندوو ڕاگرتنی هیوایە بە گۆڕانکاری و ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی بێئومێدی و سەرلێشێواوی و ڕۆحییەی تەسلیم‌تەڵەبی (خۆبەدەستەوەدان) لە نێو خەڵکدا. هەروەک چۆن پاش هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران، دژەشۆڕشی ئیسلامی بە هێرشی سەربازیی یەک لەدوای یەک و ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی دان، سەرەنجام توانی بە میلیتاریزەکردنی تەواوەتیی کوردستان، بزووتنەوەی بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان تێکبشکێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەم شکستە، خەڵکی کوردستان هەرگیز سەری بۆ تەسلیمبوونیان دانەنواند و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لە فۆڕم و شێوەی جیاوازدا درێژەی بە ژیانی خۆی دا و هێشتاش وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی پێشهاتە سیاسییەکانی ئێران لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەیە. بەڵام ئەوەی لە کوردستانی سووریا دەیبینین ئەوەیە کە سەرکردایەتیی ئەم بزووتنەوەیە هەڵوەشانەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا و هەڵوەشانەوە و تێکەڵکردنی هێزی چەکداری پارێزەری ئەم ئەزموونە لەنێو پێکهاتەیەکی سیاسی و سەربازیی کۆنەپەرستدا، و ئەم پاشەکشە و شکستە وەک دەستپێکی سەردەمی ئاشتی و ئاوەدانی نیشان دەدات. ئەم چەواشەکردنەی ڕاستییەکان بە ویستی خۆ بێت یان نا، هیچ بەرهەمێکی نابێت جگە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆحییەی تەسلیم‌تەڵەبی لە نێو خەڵکدا. بەڵام ئەم ڕوانگەیە و نیشاندانی هەڵوەشانەوە و لکاندنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی خەڵکی کوردستان بە پێکهاتەی سیاسی و سەربازیی حکوومەتی ئیسلامیی ئەحمەد شەرعەوە وەک “دەستپێکی سەردەمی ئاشتی و ئاوەدانی”، و ناساندنی پرۆژەیاسای ئەمنیی “تورکیای بێ تیرۆر”ی ئەردۆغان و باخچەلی وەک پڕۆژەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”، ڕەگ و ڕیشەی لە تیۆریی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندایە.

بەپێی تیۆریی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکی ئۆجەلان، بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و بەدەسەڵاتگەیشتنی دامەزراوە جەماوەرییەکان لە خوارەوە، پێویست و زەروور نییە کە دەوڵەتی سەرمایەداری کە بەپێی سروشتە چینایەتییەکەی خۆی دژە دیموکراتیکە و بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی ستەمکارانە مامەڵە دەکات، بڕووخێنرێت. لەم تیۆرییەدا، ستراتیژیی خەبات بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتە بۆرژواییەکان هیچ پێگەیەکی نییە و لە بەرامبەردا، پێکەوەژیان لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە و هەوڵدان بۆ چاکسازی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان گرنگییەکی ستراتیژیک پەیدا دەکات. بەپێی ئەم تیۆرییە، بە کاری ڕۆشنگەری دەتوانرێت کۆمەڵگە سەبارەت بە هەژموونخوازی و زیانەکانی دەوڵەت وشیار بکرێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە خەڵک سەبارەت بە خاڵە بەهێزەکانی دیموکراسیی کۆنفیدڕاڵی تێبگەیەنرێت و بە دروستکردن و پەرەپێدانی دامەزراوە دیموکراتیکەکان لە کۆمەڵگەدا، دەوڵەت و دامەزراوە دەوڵەتییەکان بخرێنە دۆخێکەوە کە بەرەو داڕمان و لەناوچوون بڕۆن. لەسەر بنەمای ئەم تیۆرییە، دەتوانرێت لەژێر سایەی حکوومەتە ئیسلامییەکانی ئەردۆغان و باخچەلی و ئەحمەد شەرع لە تورکیا و سووریا، کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک، خۆبەڕێوەبەر و خاڵی لە پیاوسالاری بونیاد بنرێن، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی دەسەڵات کە سەرچاوەگرتوون لە خاوەندارێتیی سەرمایەدارانە و دابەشبوونی چینایەتیی کۆمەڵگە وەک خۆیان بە دەستلێنەدراوی ماونەتەوە.

ناوەرۆکی سەرەکیی ڕەخنەی سۆسیالیستی لە تیۆریی کۆنفیدڕالیزمی ئۆجەلان ئەوە نییە کە گوایە دیموکراسیی خۆجێیی، یەکسانیی ژنان، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پیاوسالاری یان خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بیرۆکەی باش نین، بەڵکوو کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە لەم ڕوانگەیەدا پێگەی چین، خاوەندارێتیی تایبەت و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و لە کۆتاییشدا ماهییەتی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت وەک بەرهەمی ئاشتی‌هەڵنەگری خەباتی چینایەتی، لەبەرچاو ناگیرێن. یان بۆ نموونە پیاوسالاری ناتوانرێت بە پێکهێنانی ئەنجومەنە خۆجێییەکان لەناو ببرێت، بەڵکوو دەبێ ئەوە نیشان بدرێت کە پیاوسالاری چۆن گرێ دراوە بە دابەشکاریی کار، خێزان، خاوەندارێتی، بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتییەوە، هەر بۆیە بۆ بنەبڕکردنی پیاوسالاری دەبێ ڕیشەکان بکرێنە ئامانج. لەم تیۆرییەدا بەردەوام باس لە گرنگیی چەمکی کۆمەڵگە دەکرێت و باس لەوە دەکرێت کە کۆمەڵگە دەبێ خۆی ڕێک بخات و لە بەرامبەر دەوڵەت و سەرمایەداریدا ببێت بە خۆبەڕێوەبەر و سەربەخۆ. لە بەرامبەر ئەم شێواوییە فیکرییەدا، سۆسیالیستەکان دەپرسن کام کۆمەڵگە؟ کۆمەڵگەی سەرمایەداری یەکپارچە نییە؛ کرێکار، سەرمایەدار، وردەبۆرژوا، بەڕێوەبەرە باڵاکانی بیرۆکراسی و خاوەن زەوییەکان بەرژەوەندیی جیاواز و بگرە دژبەیەکیان هەیە. بۆیە ئەگەر بڵێین کۆمەڵگە با خۆی بەڕێوە ببات، دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارەش بدەینەوە کە کام چینی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوەیە. هەر بۆیە چەمکی کۆمەڵگە ناتوانێت جێگەی چەمکی چین بگرێتەوە.

بەم هەموو پرسیارانەوە، ئەگەر ئۆجەلان پلانی ئەمنیی تورکیای بێ تیرۆری دەوڵەتی ئەردۆغان لەژێر ناوی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان دەناسێنێت، سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ڕۆژئاواش هەر لەژێر کاریگەریی هەمان ڕێگای چەوتی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکدایە کە شکستی ئەم ئەزموونە و هەڵوێستە تەسلیم‌تەڵەبانەکانی خۆی لە بەرامبەر حکوومەتی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئەحمەد شەرع‌دا، لەژێر ناوی دەستپێکی سەردەمی ئاشتی و ئاوەدانی بەسەر ڕای گشتیدا دەسەپێنێت.

ئەزموونی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا و ئەو چارەنووسەی تووشی بوو، جارێکی دیکە نیشانی دا کە ستراتیژی و نەخشەڕێگای حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان، ئەگەرچی دەتوانێت چینی سەرمایەدار و چینە دەوڵەمەند و خاوەندارەکانی کوردستان لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریدا بەشدار بکات، بەڵام ناتوانێت کۆتایی بە ستەمگەریی نەتەوەیی و هەڵاواردن و نایەکسانییەکان لەم بوارەدا بهێنێت. بە سەرنجدان بە گۆڕانکارییەکانی ئابووریی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە، دەمێکە توانای مێژوویی چینی سەرمایەدار و بەدوای ئەوەشدا ئەو حیزب و هێزانەی نوێنەرایەتیی چینە خاوەندارەکان دەکەن لە خەبات بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی و هەر گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک لە کۆمەڵگەدا کۆتایی هاتووە. دەرهێنانی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەژێر هەژموونی ئەو ستراتیژییە سیاسی و لاڕێیەی کە حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان گرتوویانەتە بەر، بووەتە زەروورەتێکی سیاسی و خەباتکارانە. کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوەیی و بەدیهێنانی داخوازییە دیموکراتیکەکانی دیکە لە کۆمەڵگەدا کەوتووەتە سەر شانی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی کارکەر و ستەملێکراو، کە زیاتر لە توێژەکانی سەرەوە بەدەست ستەمگەرییەکان و نەهامەتییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، لەوانە ستەمگەریی نەتەوەییەوە دەناڵێنن، هێزی بزوێنەری سەرەکین لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمکارییانە. پێویستە ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە لە کوردستانی سووریا، بە هەڵسەنگاندن و کۆبەندکردنی ئەزموونەکانی تا ئێستای و بە پشتبەستن بە دەستکەوتەکانی، سەربەخۆ لە پڕۆسەی توانەوە لەناو پێکهاتەی کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتدار و لە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە سەرتاسەری سووریا، خەباتی خۆی بەرەو پێش ببات. کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ڕەوتی خەبات بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کار و ژیانیان و خەبات دژی هەڵاواردن و نایەکسانییەکان و بە ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان، دەتوانن ببنە ئامرازێکی گوشاری سیاسیی بەهێز بۆ ئاڵنگاری و بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی حکوومەتی سەرمایەداریی ئیسلامیی سووریا.

هەروەها ئەم ئەزموونە جارێکی دیکە نیشانی دا کە چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی نەک لە شارەکانی کوردستان، بەڵکوو لە ناوەندی دەسەڵات لە دیمەشق دیاری دەکرێت. لەم ڕووەوە، گرێدران و هاوپشتیی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانی سووریا لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و ناڕەزایەتییەکانی دیکە و لەگەڵ مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە سەرتاسەری سووریادا گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانی ئێرانیش تەنها لە ڕێگەی پەیوەندی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتی، ناڕەزایەتی و ئازادیخوازەکان لە سەرانسەری ئێراندا دەتوانێت پێشڕەوی و سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات.

سەلاح مازووجی

ئاگۆستی ٢٠٢٦